زانیاریی نوێ لەسەر ئەو سێ منداڵەی کەوتنە نێو ڕووباری گەلی عەلی بەگ

زیاتر لە 12 کاتژمێرە بێ پشوودان تیمەکانی بەرگری شارستانی سۆران بەردەوامن لە گەڕان بەدوای سێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلێک کە بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە کەوتووەتە ناو رووباری گەلی عەلی بەگ، بەڵام قووڵی و ساردی ئاوەکە گەڕانەکەی قورس کردووە.

کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران رایگەیاند “رووداوەکە لە ئەنجامی کەوتنی ئۆتۆمبێلێک بووە بۆ ناو رووبارەکە، کە پێنج سەرنشینی تێدابووە؛ دوو لە سەرنشینەکان بە برینداری رزگارکراون، بەڵام سێ کەسی دیکە کە تەمەنیان 17، 3 و 6 ساڵە، تا ئێستا بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.”

کاروان میراودەلی دەشڵێت “تیمەکانیان بە درێژایی 2 کیلۆمەتر بڵاوبوونەتەوە و تیمەکانی مەلەوانی قەندیلی سەر بە بەرگری شارستانی هەولێریش هاتوونەتە سەر هێڵ و پلانێکی وردمان بۆ گەڕانەکە داناوە.”

هەروەها باسی ئاستەنگەکانی گەڕانەکە دەکات و دەڵێت: “ئاستی ئاوی رووبارەکە زۆر بەرزە، ئاوەکە زۆر لێڵ و ساردە، لە هەندێک شوێنیشدا قووڵاییەکەی دەگاتە 17 مەتر، ئەمانە هەمووی کاری گەڕانەکەیان قورس کردووە.”

کاروان میراودەلی باسی گەڕان بە کامێرایەکی تایبەتیش دەکات کە بۆ پڕۆسەی گەڕانەکە بەکاری دێنن و ئاماژە بەوە دەکات، کە چەند پارچەیەکی شکاوی ئۆتۆمبێلەکەیان دۆزیوەرتەوە و بەردەوام دەبن تا ئەو سێ کەسە رادەستی کەس و کاریان دەکەنەوە.

ڕووداوەکە کاتژمێر 9:40 خولەکی شەوی رابردوو لە گەلی عەلی بەگ روویدا، ئۆتۆمبێلەکە پێنج سەرنشینی تێدابووە و خەڵکی ناحیەی خەلیفانن، لە کاتی کەوتنی ئۆتۆمبێلەکە بۆ ناو رووبار، دوو کەسیان رزگاریان بووە و سێ منداڵیش بێسەروشوێنن.

ھەواڵی زیاتر