وەزارەتی پەروەردە یەکپۆشیی بۆ قوتابیان ڕاگەیاند

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیستەمی یەکپۆشیی ناوەندەکانی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 ڕاگەیاند. ئەم بڕیارە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕی لیژنە پسپۆڕەکان دێت و ئامانج لێی دروستکردنی یەکسانی و ڕێکخستنی زیاتری ژینگەی خوێندنە.

د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سیستەمە نوێیەکە هەموو ناوەندەکانی خوێندنی (حکومی، نێودەوڵەتی و قوتابخانەکانی بەهرەداران) دەگرێتەوە. بەمەش ڕەنگی جلوبەرگی قوتابیان لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان بەپێی قۆناغەکان یەکدەخرێت.

ڕەنگەکان بەپێی قۆناغی خوێندن: وەزارەتی پەروەردە بەم شێوەیەی خوارەوە ڕەنگەکانی بۆ کچان و کوڕان دەستنیشان کردووە:

باخچەی ساوایان: تیشێرتی پرتەقاڵی لەگەڵ پانتۆڕ یان تەنوورەی نیلی.

قۆناغی بنەڕەتی (یەک تا شەش): تیشێرتی ماڕۆنی لەگەڵ پانتۆڕ یان تەنوورەی نیلی.

قۆناغی بنەڕەتی (7،8،9): تیشێرتی نیلی لەگەڵ پانتۆڕ یان تەنوورەی ڕەساسی.

قۆناغی ئامادەیی (12،11،10): تیشێرتی ڕەساسی لەگەڵ پانتۆڕ یان تەنوورەی ڕەش.

بۆ پاراستنی تەندروستی قوتابیان، وەزارەت ستانداردێکی توندی بۆ کوالێتی قوماش داناوە. بەپێی ڕێنماییەکان، تیشێرت و بلووزەکان دەبێت ڕێژەی کەتانیان لە 70٪ کەمتر نەبێت، هەروەها پانتۆڕ و تەنوورەکان دەبێت لە 50٪ کەتان و 47٪ پۆلستەر پێکبێن.

لە پەیامێکی ڕووندا بۆ بازاڕ و ناوەندەکانی خوێندن، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد کە بازاڕ کراوە دەبێت بۆ هەموو بازرگانێک کە بیەوێت بەپێی دیزاین و کوالێتییە دیاریکراوەکان جلوبەرگ هاوردە بکات.

هاوکات جەختی کردەوە کە هیچ بەڕێوەبەرێکی قوتابخانە مافی ئەوەی نییە دایک و باوکان ناچار بکات یان ئاراستەیان بکات بۆ کڕینی جلوبەرگ لە شوێنێکی دیاریکراو، ئەمە بە مەبەستی پاراستنی مافی کێبڕکێ و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە قۆرخکارییەک.

ھەواڵی زیاتر