دوای تێپەڕبوونی 80 کاتژمێر بەسەر مانگرتنیاندا، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای، لەگەڵ سەرجەم دەستگیرکراوانی لالەزار، بڕیاریان دا کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بهێنن.
بورهان ڕەشید گوڵە، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهوور تاڵەبانی، لە لێدوانێکی فەرمیدا بۆ میدیاکان، چوار هۆکاری سەرەکی لە پشت شکاندنی ئەم مانگرتنە ئاشکرا کرد:
داواکاری تیمی پارێزەران: پارێزەران پێیان وابووە کاتەکە بۆ مانگرتن گونجاو نییە، چونکە دۆسیەکە هێشتا لە ئاسایشە و ڕەوانەی دادگای تاوان نەکراوە؛ هەروەها نادیاریی هەڵوێستی دادگا و ئەگەری درێژکردنەوەی کات (دەستی دەستی پێکردن) وای کردووە داوای شکاندنی مانگرتنەکە بکەن.
بەڵێنی گواستنەوەی دۆسیەکە: بەڵێن دراوە کە سبەی پێنجشەممە یان ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، دۆسیەی یاسایی دەستگیرکراوەکان بۆ دادگای تاوانی سلێمانی بنێردرێت.
ئازادکردنی دەستگیرکراوان: ئەمڕۆ 10 کەسی دیکە لە پاسەوانەکانی لالەزار کە لەژێر فشاردا بوون ئازاد کران. بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای مانگرتنەکەوە تا ئێستا ئازاد کراون، گەیشتە 21 کەس.
بارودۆخی تەندروستیی زیندانییان: جگە لە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای، تەواوی گیراوانی دیکەی لالەزار کە پێشمەرگەن لە زیندانی کانی گۆمە مانیان لە خواردن گرتبوو.
بەهۆی نەخۆشی هەندێک لە گیراوەکان و بوونی گرفت لە گەیشتنی تیمی پزیشکی بۆ لایان، لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانییان، بڕیاری شکاندنی مانگرتنەکە دراوە.