دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و ئاماژەی بەوە کرد کە گرژییە سەربازییەکان لەگەڵ ئێران بەرەو کۆتایی دەچن.
سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چارەنووسی هێرشەکان و ئاگربەست ڕایگەیاند: پێموایە جەنگەکە زۆر نزیک بووەتەوە لە کۆتایی. جەختی کردەوە لەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کاریگەریی کوشندەیان هەبووە و گوتی: ئەگەر ئێستا ئەمریکا بکشێتەوە، ئێران پێویستیی بە 20 ساڵ دەبێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە خۆی بونیاد بنێتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە هێشتا کارەکانیان تەواو نەبووە و چاودێری ڕووداوەکان دەکەن.
ترەمپ بەرگریی لە بڕیاری هێرشکردنە سەر ئێران کرد و ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوە جیهانی لە مەترسییەکی گەورە ڕزگار کردووە و وتی: “ئەگەر هێرشمان نەکردایە، ئێستا ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمیمان لە بەرانبەردا دەبوو”، هەموو وڵاتانی ناوچەکە نیگەرانیی ئەو پرسە بوون و داوای یارمەتییان دەکرد.
سەبارەت بە لایەنی دیپلۆماسی، سەرۆکی ئەمریکا گەشبینی خۆی نیشان دا و ڕایگەیاند: پێموایە ئێرانییەکان دەیانەوێت لەگەڵمان بگەنە ڕێککەوتن.
هەروەها ئاشکرای کرد کە ئەگەری هەیە گەڕی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا دەست پێ بکات، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی ململانێکان لە سەربازییەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.