لە کاتێکدا جیهان چاوەڕێی ئاسەوارەکانی ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان واشنتن و تاران دەکات، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە وتارێکی شیکاریی تونددا پەردە لەسەر لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەو جەنگە لادەبات کە دۆناڵد ترەمپ دژی ئێران بەرپای کرد.
ڕۆژنامەکە پێیوایە ئەمریکا نەک هەر بەهێزتر نەبووە، بەڵکو لە چوار قۆڵی سەرەکییەوە تووشی داخورانی پێگە و هێز بووە، کە ئەمانەن:
یەکەم: گەرووی هورمز؛ چەکێکی هەرزان و کاریگەر بۆ تاران
بەپێی ڕاپۆرتەکە، گەورەترین شکستی واشنتن لەوەدایە تاران توانیویەتی پێگەی جوگرافیی خۆی بکاتە چەکێکی ستراتیژی. داخستنی گەرووی هورمز فشارێکی بێوێنەی خستە سەر ئابووریی جیهان. نیویۆرک تایمز ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم فشارە بۆ ئێران تێچوویەکی کەمی هەبووە، بەڵام بۆ ئەمریکا، هەوڵدان بۆ کردنەوەی گەرووەکە بە هێزی سەربازی، خەرجییەکی خەیاڵی و مەترسیی گەورەی بۆ سەر هێزە دەریاییەکانی واشنتن دروست کردووە.
دووەم: کەمبوونەوەی چەک لە جبەخانەکانی ئەمریکا
ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر لایەنێکی مەترسیداری جەنگەکە، ئەویش بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لە چەکە پێشکەوتووەکانی ئەمریکایە و دەڵێت: زیاتر لە 25%ـی کۆی مووشەکەکانی تۆماهۆک بەکارهێراون.
بەشێکی زۆری مووشەکەکانی سیستەمی پاتریۆت بەکارهێنراون، ئەمە پرسیارێکی جدی لای پسپۆڕانی سەربازی دروست کردووە، لەوەی ئەگەر قەیرانێکی دیکە لە ناوچەیەکی تری جیهان وەک تایوان یان ئۆکرانیا سەرهەڵبدات، ئەمریکا توانای بەرگریی ماوە؟
سێیەم: درز لە هاوپەیمانیەتییە مێژووییەکاندا
نیویۆرک تایمز دەڵێت: ئەم جەنگە تەنیایی ئەمریکای نیشاندا. هاوپەیمانە نزیکەکانی وەک ژاپۆن، کۆریای باشوور، کەنەدا و تەنانەت یەکێتی ئەورووپا، نەک هەر ئامادەی بەشداریکردن نەبوون لە جەنگەکەدا، بەڵکو خۆیان لە پشتگیریکردنی سیاسیی واشنتنیش بەدوور گرت. ئەمە گەورەترین درزی لە متمانەی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا دروست کردووە.
چوارەم: شکستی ئەخلاقی و وێنەی جیهانیی ئەمریکا
هەڕەشەکانی سەرۆک ترەمپ بۆ سڕینەوەی شارستانییەتی ئێران، وێنەی ئەمریکای وەک پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان لەکەدار کردووە. ڕۆژنامەکە دەڵێت واشنتن لە ڕەفتارەکانیدا نزیک بووەتەوە لەو وێنانەی پێشتر خۆی وەک “شەیتان” وەسفی دەکردن.
کاردانەوەی ترەمپ: ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز هەواڵی ساختەیە
ئەم شیکارییەی نیویۆرک تایمز تووڕەیی توندی دۆناڵد ترەمپی لێکەوتەوە. ترەمپ لە ڕێگەی پلاتفۆرمی “تروس سۆشیال”ـەوە هێرشی کردە سەر ڕۆژنامەکە و گوتی:
“ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی شکستخواردوو هەواڵی ساختە بڵاو دەکاتەوە. ئێران لە ڕووی سەربازییەوە سڕاوەتەوە، کەچی ئەوان دەڵێن ئێران سەرکەوتووە! کەی ئەم دەزگا گەندەڵە داوای لێبوردن لە من و لایەنگرانم و وڵاتەکەمان دەکات؟”

جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتی 2026 بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکرد و 40 ڕۆژی خایاند. سەرەڕای کوژرانی سەرکردە باڵاکانی ئێران و ئاگربەستە کاتییەکە، بەڵام وەک ڕاپۆرتەکە ئاماژەی پێ دەدات، لێکەوتە ئابووری و سەربازییەکانی بۆ سەر ئەمریکا وەک برینێکی کراوە ماونەتەوە.