گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەنەوە

دوای ماوەیەک لە وەستان بەهۆی بارگرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڕیاری دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکرد. ئەم بڕیارە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی 14 ڕۆژەی نێوان ئەمریکا و ئێران دێت کە لە چوارشەممە، 8ـی نیسانەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر، سلێمانی و بەغدا بەم شێوەیە دەبن:

ناوخۆیی: گەشتەکانی نێوان بەغدا – هەولێر و بەغدا – سلێمانی.

نێودەوڵەتی: گەشتەکان بۆ شارەکانی (ئیستەنبووڵ، قاهیرە، و عەممان) دەستپێدەکەنەوە.

گەشتەکانی ئەورووپا و چارەنووسی بلیتی گەشتیاران

لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای فلای ئەربیل، ڕایگەیاند لە ڕۆژی شەممە 11ـی نیسانەوە، گەشتە ڕاستەوخۆکانیان بۆ فڕۆکەخانەی دۆسڵدۆرف لە ئەڵمانیا و هەروەها بۆ ئیستەنبووڵ دەستپێدەکەنەوە.

سەبارەت بەو هاونیشتمانییانەی پێشتر بلیتیان کڕیوە و بەهۆی داخرانی ئاسمانەوە نەیانتوانیوە گەشت بکەن، مەموندی دڵنیایی دایەوە کە، دەتوانن تا یەک ساڵی دیکە بلیتەکانیان بۆ گەشتکردن بەکاربهێننەوە، ئەگەر نەیانەوێت گەشت بکەن، مافی وەرگرتنەوەی پارەکەیان هەیە.

ھەواڵی زیاتر