ڕۆژی پێنجشەممە 2026.4.9، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا پێشوازیی لە ئێرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی کۆماری تورکیا لە هەولێر کرد، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ .
پارێزگاری هەولێر بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسیەکانی ناوچەکە بەگشتی و برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوولا باسیان لێوەکرا و کونسڵی تورکیا لەهەولێر، هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆی بۆ شەهیدانی بۆردوومانە ناڕەواکانی ئەم دواییەی سەر هەولێری پایتەخت دەربڕی و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران و گەڕانەوەی ئارامی و ئاشتی بۆ ناوچەکە خواست، لای خۆییەوە، پارێزگاری هەولێر سوپاسی هەڵوێستەکانی کۆماری توركیا و کونسڵخانەی وڵاتەكەی لە هەولێر كرد بۆ هاوسۆزی و هاوخەمیان.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، كە تایبەت بوو بە میکانیزمی نوێی وەرگرتنی ڤیزا، کونسڵی تورکیا ڕوونکردنەوە و بەرچاوو ڕوونیدا کە گۆڕانکارییەکان تەنها لە ئاستی کۆمپانیای جێبەجێکاردا بووە و ڕێکارەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و هیچ گۆڕانكارییەك لە پیدانی ڤیزا نەكراوە.
لە کۆتاییشدا، هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەماهەنگیی زیاتر بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و خزمەتکردنی هاووڵاتییان کردەوە.