شەپۆلێکی هێرشی درۆنی کرایە سەر هەولێر و سۆران

شەوی ڕابردوو ئاسمانی هەولێر و دەوروبەری بووە گۆڕەپانی بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی فراوانی درۆنی و بەگوێرەی پەیامی پارێزگاری شارەکە، سەرجەم هێرشەکان بێ زیانی گیانی کۆتاییان هاتووە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا ڕایگەیاند: نزیکەی 20 درۆنی خۆکوژی ئاراستەی هەولێر و سۆران کراون، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هاوپەیمانان و فڕۆکە جەنگییەکان توانیویانە سەرجەم درۆنەکان پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان تێکبشکێنن.

هاوکات لە سنووری خەلیفان و سۆران، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کاتژمێر 12:30 لە ئاسماندا تەقێنراونەتەوە.

هەرچەندە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام پاشماوەی درۆنە تێکشکێندراوەکان لە چەند ناوچەیەک کەوتوونەتە سەر ماڵی هاووڵاتیان و بوونەتە هۆی دروستبوونی زیانی ماددی.

پارێزگاری هەولێر داوا لە هاووڵاتیان دەکات بۆ پاراستنی سەلامەتییان لە ماڵەکانیان بمێننەوە و بە هیچ شێوەیەک لەو پارچە و پاشماوانە نزیک نەبنەوە کە بەهۆی تێکشکانی درۆنەکانەوە کەوتوونەتە خوارەوە.

ھەواڵی زیاتر