بە پەرەسەندنە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە 28ـی شوباتی 2026، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی فراوانی هێرشی ئاسمانی بووەتەوە.
بەپێی دوایین ئامارەکان، پارێزگای هەولێر بە 354 مووشەک و درۆن بەرزترین ڕێژەی هێرشەکانی بەرکەوتووە، لە کاتێکدا پارێزگای سلێمانی 90 مووشەک و درۆن، پارێزگای دهۆک 7 درۆن و پارێزگای هەڵەبجە 2 درۆنیان ئاراستە کراوە.
زیانە مرۆییەکانی ئەم هێرشانە تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 14 گیانلەدەستدان و 85 بریندار. لە نێویاندا 6 پێشمەرگە لە فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری خەلیفان شەهید بوون، هەروەها کارمەندێکی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، 6 پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەولێر و سلێمانی و باشیک، هەروەها سەربازێکی فەرەنسی کە لە 12ی ئادار لە هەولێر گیانیان لەدەستداوە.
زۆرترین بریندارەکان هێزە ئەمنییەکاندان و 30 پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی سۆران، 3 کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی هەولێر، 5 کارمەندی پاسەوانی لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و هۆتێل تایتانیکی سلێمانی و بەرگری شارستانی خەلیفان بریندار بوون، هەروەها 2 پێشمەرگەی هێزەکانی 70 و 5 سەربازی فەرەنسی لە هەولێر بریندار بوونە.
هاووڵاتیانی سڤیل لەم هێرشانە بێبەش نەبوون، 13 سڤیل بریندار بوون، کە ماتۆڕسوارێکی دیلیڤەری لە هەولێر، بریندارێک لە کەمپی باجد کەنداڵ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادیی کۆیە، 3 سڤیلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی، منداڵێک لە گەڕەکی قالاوەی سلێمانی و 6 هاونیشتمانی تری نیشتەجێی کەمپی جەژنیکان و گەڕەکەکانی تری هەولێر بوون.