بۆچی زۆربەی لایەنەکان دەیانەوێ هەڵبژاردن دوابخرێ؟

بەپێی یاسا، دەبێ چوار ساڵێک جارێک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام پێدەچێت ئەمجارە هەڵبژاردن دوابخرێت، چونکە چەند لایەنێک بۆ رێکخستنەوەی نێوخۆی حیزبەکەی پێویستی بەوەیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو گەورەترین حیزبی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەدایە کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوای لێکردووە هاوکاربێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بۆیە پێدەچێ بچێتە ژێر ئەو داواکارییە، چونکە ئێستا سەرقاڵی نووسینەوەی ڕێککەوتنی ستراتیژین.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێشتا لە قەیرانە ناوخۆییەکانی دەربازی نەبووە و گرفتەکان بەرۆکی بەرنەداون، هەروەها نەیتوانیوە ئەوانەی لەناو یەکێتیدان و لاهوورین، پەلکێش بکاتەوە و بەشێکی جەماوەرەکەشی ئاشت بکاتەوە، بۆیە دەیەوێ سوود لەو دواخستنە ببینێت بۆ ئەوەی زیاتر ماڵی خۆی یەک بخاتەوە. لەبەرئەوەش داوای هاوکاری لە پارتی کردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.
بەرپرسانی گۆڕانیش لەنێو حکومەت، تێگەیشتوون ئەو پۆستانەی ئێستا لەحکومەت هەیانە جارێکی دیکە وەریناگرنەوە، بۆیە دەیانەوێت رۆژێک درەنگتر دەستبەرداری پۆستەکانیان بن، بۆیە دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنن.
بزووتنەوەی گۆڕان لەرێگەی مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان راگەیاندووە کە ئەوان لەگەڵ ئەوەدان، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ دوابخرێت.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش، سەرەڕای ئەوەی کورسییەکانی لە پەرلەمانی عێراق زیادیان کرد، بەڵام ژمارەی دەنگدەرانی کەمیان کردووە، بۆیە ئەویش دەستی بە خۆڕێکخستنەوە کردووە و ئەمینداری گشتی چەندین بەرپرسی دوورخستوەتەوە و گۆڕانکارییەکان دەکات. بۆیە رەنگە ئەویش ئەگەر بە ئاشکرا نەبێت، لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا بێت.

ھەواڵی زیاتر