پەرلەمانتارانی عێراق هەڕەشەی کوشتنیان لەسەرە

لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامەوە، پێکهێنانی حکومەتەکانی عێراق سەرجەمیان دوای ململانێ و زەحمەتیەکی زۆربووە، بەشێکی بە زەبر پۆستیان بردووە و بەشێک بە بەرکەوتە و بەشێکیش بە ماددە، بەڵام لە دوو کابینەی رابردوودا، کڕین و فرۆشتنێکی زۆر بە پۆستەکانەوە کراون و دەکرێن، بەتایبەتی پەرلەمانتاری.
ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق، زۆرترین کێشەی لەسەرە، سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردندا، تا ئێستا تەنانەت دیار نییە چۆن کابینەیەک دەبێت. چونکە ئەگەر پێشتر کێشەکە لە نێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکە بووبێ ( کورد، سونە و شیعە )، ئێستا لەناو خۆی پێکهاتەکانیشدا زۆرترین گرفت هەیە، بەتایبەتی ناوماڵی شیعە.
بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگ و بەهێزبوون، بەشێک لە کوتلەکان دەستیان بە کڕینەوەی پەرلەمانتاران کردووە، بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، نرخی پەرلەمانتارێک تاوەکو 2 ملیۆن دۆلار چووە، زۆربەی ئەوانەشی دەکڕدرێنەوە، پەرلەمانتارە سەربەخۆکانن.

ژیانی پەرلەمانتاران پارێزراو نییە

هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، بەشێوەی بازنە بوو، واتە لە هەر بازنەیەک ئەگەر پەرلەمانتارێک بمرێت یان دەست لەکار بکێشێتەوە، کوتلەکەی ناتوانێت کەسێکی دیکە بخاتە شوێنەکەی، بەڵکو کەسی دوای ئەو لەناو بازنەکە ڕاستەوخۆ دەبێتە پەرلەمانتار. ئەمەش وایکردووە هەڕەشەی کوشتن لەسەر پەرلەمانتارانی ئەم خولە هەبێت.
پەرلەمانتارێکی دەرچوو لە بازنەیەکی کەرکوک بە باڵکێشی ڕاگەیاند، من ناتوانم لە بەغدا هەمان ئازادی هەرێمی کوردستانم هەبێ، چونکە مردنی من یان کوژرانم، دەبێتە هۆی ئەوەی پەرلەمانتارێکی کورد کەم بکات و لە بەرامبەردا پەرلەمانتارێکی عەرەب لە بازنەکەم بچێتە شوێنم و زیاد بکات. بۆیە بە ڕاستی لە ژیانی خۆم دڵنیانیم و دەبێ هەموومان ئاگامان لە خۆمان بێت.
ئەو پەرلەمانتار وتی: دەبێ پەرلەمانتارانی کورد لە سنوری ماددەی 140 ، زۆر ئاگاداری ژیانی خۆیان بن، چونکە لە عێراق هیچ گەرەنتییەک بۆ سەلامەتیمان نییە. “رووداوی نەخوازراو چاوەڕوان کراوە”.

ھەواڵی زیاتر