دیپ فەیک و هەڕەشەکانی بۆ سەر داهاتووی کۆمەڵگا

دیپ فەیک (Deepfake – ساختەکاری قووڵ) تەکنەلۆژیایەکی نوێیە بۆ گۆڕانکاری لە وێنەوە بۆ ڤیدیۆی دەنگ و ڕەنگ بە جۆرێک کە زۆر لە ڕاستییەوە نزیکە و لە چوارچێوەی پەرەسەندنەکانی ژیری دەستکرد هاتووەتە ئاراوە و ئەمەش ڕۆژ بە ڕۆژ بەشێوەیەکی بەرفراوان لە بڵاوبوونەوەدایە و شارەزایان و کۆمەڵناسان مەترسییان لەسەر داهاتووی کۆمەڵگا هەیە بەهۆی خراپ بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایەوە.

بەهۆی ئەوەی دیپ فەیک، وێنەی کەسێک (بەبێ ویست و ئاگاداری کەسەکە) دەگۆڕێت بۆ گرتەی ڤیدیۆیی دەم و ڕووخساری کەسە دەخاتە جووڵە، ئەمەش وا دەکات کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەبێت و بەم دواییەش کەسانی بەناوبانگ لە جیهاندا کەوتنە نێو تۆڕی ئەم تەکنەلۆژیایەوە.

ئەم تەکنەلۆژیایە سەرەتا لە ساڵی ١٩٩٧ تەنیا بۆ جوڵاندنی دەم لە فیلمەکانی هۆڵیوود بەکاردەهات بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧ بە دواوە، ئاسانکاری زیاتر لە پڕۆگرامەکە کرا و خەڵکی ئاسایی توانییان بەکاری بهێنن و لەم نێوەندەشدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا کەسانی سیاسیی و هونەرمەند لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە گیرۆدەی خراپ بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە بوون .

مامۆستایانی زانکۆ، شارەزایانی تەکنەلۆژیا و توێژەرانی کۆمەڵایەتیش، ئەم تەکنەلۆژیایە بە مەترسی دەزانن لەسەر داهاتووی نەوەکان و هۆشداریش دەدەن لەوەی لە ئەگەری بینینی هەر گرتە ڤیدیۆیەک، نابێت کاردانەوەی خێرا هەبێت و پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە گرتەکە بکرێت و، جەختیش لەوە دەکەنەوە کە پێویستە یاساکانی کۆمەڵگا نوێ بکرێنەوە بەجۆرێک لەگەڵ دۆخە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆ بگونجێت.

مامۆستا لە زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی، ئەڤین عەبدولڕەحمان لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “دیپ فەیک، ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنییە و لە ڕێگای زیرەکی دەستکردەوە لە تەکنەلۆژیای سەردەم بەکاردێت، لە ساڵی ٢٠١٤ تا نیوەی ٢٠١٧ پەرەسەندنێکی زۆری بەخۆیەوە بینی، لە ڕێگای بەکارهێنانی وێنەی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان و گۆڕینی بە گرتە ڤیدیۆی فەیک (ساختە) و بەکارهێنانیان لە تۆڕە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی بەتایبەت ئیستاگرام و تیکتۆک، دەتوانین بڵێین دیپ فەیک یەکێکە لە مەترسییە هەرە باڵا و گەورەکان لەسەر ئاژانسی نێونەتەوەیی، ئەوەتا ماڵپەڕ و ئاژانسەکانی ئەمریکا هاتوونەتە دەنگ لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەم مەترسییە بوەستێنرێت، بەتایبەت لە ڕێگای بەکارهێنانی تیکتۆک کە ڕۆژانە خەڵکێکی زۆری لێ چەواشە دەکرێت”.

ئەڤین عەبدولڕەحمان گوتیشی: “سەرەتا دیپ فەیک لە فیلمەکانی پۆڕنۆگڕافی بەکاردەهێنرا، بەڵام لە کۆتاییدا ئامانجەکە فراوانتر بوو بۆ ئەوی بتوانن لەسەر ئاستی سیاسییش هەوڵی چەواشەکاری بدرێت و شیرازەی کۆمەڵایەتی خەڵک تێکبدرێت لە پێناو ئەوەی کەمێک پارە و پوڵ یان بەرکەوتنی سێکسی بەدەستبهێنن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا”.

ئەڤین عەبدولڕە‌حمان لەبارەی لێکەوتەکانی دیپ فەیک لە کۆمەڵگادا، گوتی: “بێگومان لێکەوتەکانی نەرێنی دەبێت، هەر پلاتفۆڕمێک کە دروست دەبێت دوو لایەنی هەیە (ئەرێنی و نەرێنی) ئەمە دەگەڕێتەوە سەر کەسی بەکارهێنەر کە کامە ئاراستە هەڵدەبژێرێت، بێگومان ئەوانەی کە دیپ فەیک بەکاردەهێنن دەبێت ڕێگارییان لێ بکرێت و ئەم ڕێگرییە لە دەسەڵاتی حکوومەتدایە و دەبێت حکوومەت نێوەندگیری بابەتەکە بکات، ئێمە نامانەوێت هیچ کەسێک ناشرینمان بکات و بەها کۆمەڵایەتییەکانمان لەکەدار بکات، ئەمانە هەمووی بە تاوانە ئەلیکتڕۆنییەکان هەژمار دەکرێن، هەروەها پێویستە یاساکانی کۆمەڵگا نوێ بکرێنەوە بەجۆرێک لەگەڵ دۆخە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆ لە کۆمەڵگادا بگونجێت، چونکە هیچ یاسایەکمان نیە بۆ ئەوەی بتوانرێت دیپ فەیک بوەستێنرێت”.

هاوکات ئەندازیارێکی تەکنەلۆژیا ئاماژە بەوە دەکات کە تەکنەلۆژیا وا دەکات کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە کۆمەڵگادا ڕووبدات، هۆشداریش دەدات لەوەی بە ئەگەری زۆرەوە لە ماوەکانی داهاتوودا بەهۆی دیپ فەیکەوە کۆمەڵێک لێدوانی سەیر لەسەر ئاستی سیاسییدا ببیستین.

ئەندازیار کێوان حەسەن لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “تەکنەلۆژیای زیرەک یان زیرەکی دەستکرد وایکردووە کە کۆمەڵێک گۆڕانکاری ڕووبدات کە ئێستا بەرەو ئاقارێکی سەیر دەمانبات، لە زەمەنی پێشوو هۆشداری ئەوە دەدرا کە وێنە و ڤیدیۆی کەسی بڵاونەکرێتەوە بەڵام ئێستا ئەوانە هەمووی گۆڕاون، ئێستا هەموومان لەبەردەم ئەو کارەساتەداین کە لەلایەن زیرەکی دەستکردەوە هەیە بەتایبەت دیپ فەیک (ساختەکاری قووڵ) کە وا دەکات لە ڕێگای ئەو کردارە بیرکارییەوە بتوانێت تەنها بە دەستکەوتنی وێنەی کەسێک، وێنەکە بیگۆڕن بۆ گرتەی ڤیدیۆیی، بێگومان کەسایەتییە سیاسییەکانیش بێبەش نابن لەم گۆڕانکارییە و لە ماوەی داهاتووشدا ئەگەر هۆشیاریمان نەبێت ئەوە ئەگەری هەیە کۆمەڵێک لێدوانی سەیر ببیستین”.

لەبارەی چۆنیەتی ناسینەوەی ئەو ڤیدیۆیانەی بە ساختە و چەواشەکارییەوە دروست دەکرێن، ئەندازیار کێوان حەسەن گوتی: “بێگومان ناناسرێنەوە، هەرچەندە لەساڵی ١٩٩٧ەوە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانەوە کاری لەسەر کراوە بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ دا جیهان درکی بەوەکرد کە دیپ فەیک هەیە، ئەویش دوای بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەکی (هونەرمەندی بواری فیلم) تۆم کروز بوو کە کاردانەوەی لەسەر ئاستی جیهانی دروستکرد، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیای مێتا ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ لە ڕێگای تایبەتمەندییەکی نوێی خۆیەوە، دەتوانێت بەدەر لەوەی کە وێنەکە دەناسێتەوە بەڵکو پێمان بڵێت کە سەرچاوەی وێنەکە کوێ بووە بە مەرجێک ئەگەر وێنەکە لە پلاتفۆڕمەکانی مێتا بڵاوکرابێتەوە”.

ئەو ئەندازیارەی بواری تەکنەلۆژیا پێیوایە لێکەوتەکانی ئەم پڕۆگرامە زۆر خراپ دەبێت و هۆشداریش دەدات لە کاتی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک پێویستە ڕاوێژ بە کە سانی شارەزا بکرێت و لەمبارەیەوە گوتی: “لێکەوتەکانی ئەم پڕۆگرامە زۆر خراپ دەبێت، بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە هۆشیاری پێویستیان نیە بێگومان ئێمەش بەدەرنین لەم ناهۆشیارییە، بۆ نموونە ئەگەر پێشتر وێنەی ئافرەتێک بڵاوکرابووایە ئەم ئافرەتە دەبووە قوربانی، ئەی ئەگەر ئێستا هەمان وێنەی بۆ بکرێتە گرتە ڤیدۆیەکی پۆڕن، کە زیرەکی دەستکرد هاوکارە بۆ دیپ فەیک و دەتوانێت بە تەواوی ئەو کەسە بگونجێت لەگەڵ لاشەیەک، بۆیە زۆر پێویستە لە کاتی ڕوودانی کارەساتی وا، ڕاوێژ بە کەسانی شارەزا بکەن بەر لەوەی هەر کارەساتێک ڕووبدات”.

توێژەرێکی کۆمەڵایەتی پێیوایە ئەم بابەتانە لێکەوتەی خراپی کۆمەڵایەتییان دەبێت و بە پێویستیشی دەزانێت هۆشیاری لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگادا بڵاوبکرێتەوە، ناوەندەکانی خوێندن و میمبەرەکانی مزگەوتیش بە شوێنێکی گونجاو دەزانن بۆ ئەم هۆشیارکردنەوەیە.

توێژەری کۆمەڵایەتی، فەرهاد عوسمان خۆشناو لەبارەی ئەم تەکنەلۆژیایە نوێیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “بێگومان ئەم بابەتە لێکەوتەی زۆر خراپی کۆمەڵایەتی دەبێت، ئێمە ماوەیەک بوو کارمان لەسەر ئەوە دەکرد کە بەخەڵک بڵێین چۆن تەکنەلۆژیا بەکاربهێنن و لە مەترسییەکان ئاگادارمان دەکردنەوە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە زۆر کارەساتە، بۆ نموونە کەسێک لەماوەی چەند چرکەیەکدا وێنەیەک یان ڤیدیۆیەکی بڵادەبێتەوە ئەمە کارەساتێکی گەورەی لێ دەکەوێتەوە لە رێگای تەکنەلۆژیای دیپ فەیکەوە، کاتێکیش کەسێک ئابڕووی دەبردێت یان لە شکۆی دەدرێت، ئەوا کەسانێک زۆر بە ئاسانی باوەڕ دەکەن و دەیکەنە مانشێت، بەر لەوەی بزانێت ڕاستییەکان چین، بۆیە دەبێت ئێمە وەکو تاکێکی نێو کۆمەڵگا زۆر وریابین، چونکە کەسانێکی خراپ بەکارهێنەری ئەم تەکنەلۆیایەن و دەبێت زۆر ئاگاداربین لە گرتنی هەتا وێنەیەک و چاوپێکەوتنێک، بە پێچەوانەوە ڕەنگە تووشی کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی بین”.

فەرهاد عوسمان خۆشناو گوتیشی: “باشتر وایە هەمووان لەوە تێبگەین کاتێک وێنە یان گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەبینین، ڕاستەوخۆ کاردانەوەمان نەبێت بەڵکو لە سەرچاوەی ڤیدیۆ و وێنەکە بکۆڵینەوە چونکە ڕەنگە ئەوە یەکێک بێت لەو بابەتە ساختەیەی نێو تەکنەلۆژیا، بەڵکو دەبێت لێکۆڵینەوە و وردەکارییەکی باش بکرێت چونکە کاردانەوەی خێرا کارەساتی گەورەی بەدواوەیە”.

لەبارەی پێویستی و شێوازەکانی هۆشیارکردنەوەش، فەرهاد خۆشناو گوتی: “دەبێت ئێمە لە هەموو ڕێگاکان هەوڵی هۆشیارکردنەوە بدەین، بە تایبەت پێویستە لە ناوەندەکانی خوێندن هۆشداری پێویست لەمبارەیەوە بدرێتە قوتابییان، هەروەها مامۆستایانی ئایینی لەسەر میمبەرەکانەوە باس لەو حاڵەتانە و کاریگەرییەکانی ئەو حاڵەتانە بکەن بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن خۆپارێزی لە بەرکەوتنی ئەم تەکنەلۆژیایە بکەن”.

تەکنەلۆژیای دیپ فەیک Deepfake ڕێگا بە بەکارھێنەرانی دەدات کە گرتەی ساختەی ھەر کەسێک دروست بکەن و وا نیشان بدرێت کە جووڵەیەک بکەن یان شتێک بڵێن کە ھەرگیز لە ژیانی ڕاستەقینەدا نەیانکردووە، بێگومان لەگەڵ ئاڵۆزبوونی تەکنەلۆژیاکەش، ئێستا لە جیھاندا وڵاتان خەریکی ھەموارکردنەوەی یاساکانن لەمبارەیەوە.

سەرچاوە: AA

ھەواڵی زیاتر