نزیکەی دوو هەزار کەشتی لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە
رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی: (IMO) نزیکەی دوو هەزار کەشتی و 20 هەزار دەریاوان گیریان خواردووە و ناتوانن هاتوچۆ بکەن. هەروەها سەرۆکی ڕێکخراوەکەش دەڵێت “ئەو ئاڵۆزییانەی لە گەرووی هورمزدا دروست بوون، رەنگە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بن، تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی ململانێ و جەنگەکانیش لە ناوچەکەدا”
ئەرسینۆ دۆمێنگێز سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی رایگەیاند، چارەسەری سەربازی بۆ قەیرانی گەرووی هورمز نابێتە چارەسەرێکی درێژخایەن، هۆشداریشی دا تەنانەت یاوەریکردنی سەربازیی کەشتییەکانیش، مەترسیی بە ئامانجگرتنیان بە تەواوی لەناو نابات.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە لە 28ی شوباتەوە جەنگی نێوان ئەمەریکا وئیسرائیل لەگەڵ ئێران، دەستی پێکرد، دوای راگەیاندنی ئاگربەستیش گرژییەکان بەردەوامن، زۆرترین کاریگەریش لە گەرووی هورمزدا دەرکەوت، هەر لە سەرەتای جەنگەکەوە ئەم گەرووە بەڕووی کەشتییە نەوت هەڵگرەکانەوە داخرا. هەرچەندە هەوڵەکان بۆ کردنەوەی ئەو گەرووە بەردەوامە بەڵام تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە رێگە بۆ هەموو ئەو کەشتییانە بکرێتەوە کە لەو ناوچەیەدا گیریان خواردووە
لە دوایین لێدوانیشدا لایەنی ئێرانی رایگەیاندووە، گەرووی هورمز لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێران دەمێنێتەوە و تەنها دەسەڵاتی تاران دەتوانێت ئیدارەی ئەو گەرووە بدات.