ئەمرۆ دووشەممە 18-05-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە يوسف مەککی گەنناوی پارێزگاری نەجەف و شاندێکی یاوەری کرد.
ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا سەرۆکوەزیران ئامادەییی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق، بە تایبەتی نەجەف، لە بوارە جۆراجۆرەکاندا دەربڕی.
پارێزگاری نەجەف، ئاماژەی بە ئامانجی سەردانەکەیان بۆ پایتەختی هەرێمی کوردستان دا کە بە مەبەستی پێشخستنی پەیوەندیی دوولایەنە و سوودوەرگرتنە لە چاکسازیی و ئەزموونی سەرکەوتووی حکومەتی هەرێم لە کەرتە جیاوازەکان و بە تایبەتی بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.