دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری بۆکان، کەمپینێکی نوێی گوشار و هەڕەشەیان دژی هونەرمەندان، گۆرانیبێژان و ناوەندە مۆسیقییەکانی ئەو شارە دەستپێکردووە. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی بێدەنگکردنی دەنگی ڕەخنەیی و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی مۆسیقای نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردی ئەنجام دەدرێت.
هەڕەشەی تەلەفۆنی و قەدەغەکردنی مۆسیقای نیشتمانی
ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە پەیوەندیی بە گۆرانیبێژان، ژەنیاران و خاوەن ناوەندە مۆسیقییەکانەوە کردووە. لەو پێوەندییانەدا بە ڕوونی پێیان ڕاگەیەندراوە مافی گوتنی سروود و گۆرانییەکی شۆڕشگێڕی، نیشتمانی و نەتەوەییان نییە. دەزگا ئەمنییەکان هۆشدارییان داوە ئەم جۆرە بەرهەمانە وەک دژە شۆڕش هەژمار دەکرێن.
دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنکردنی سەید عەلی قوڕەیشی
ئەم شەپۆلە نوێیەی گوشارانە دوای دەستگیرکردنی هونەرمەندی خەڵکی بۆکان، سەید عەلی قوڕەیشی، چڕتر بووەتەوە. ناوبراو ماوەی حەوت ڕۆژە دەستبەسەرە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نییە. هێزە ئەمنییەکان قوڕەیشییان لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک: بینینی خێزانەکەی، دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرانی بێبەش کراوە و سانسۆر بەسەر بنەماڵەی دەستبەسەرکراواندا سەپێنراوە.
هۆشداریی دەزگا ئەمنییەکان بۆ بنەماڵەی هونەرمەندان
دەزگا ئەمنییەکان تەنیا بە سزادانی هونەرمەندەکە نەوەستاون، بەڵکو هۆشداری و هەڕەشەی توندیان لە بنەماڵەی سەید عەلی قوڕەیشی کردووە کە نابێت هیچ جۆرە زانیاری و هەواڵێک سەبارەت بە دەستگیرکردنی ناوبراو لە میدیاکاندا بڵاو بکەنەوە و هۆشداریی سزای قورسیان پێدراوە.
پابەند نەبن سزای قورس دەدرێن
کۆماری ئیسلامی هۆشداریی کۆتایی بە سەرجەم هونەرمەندانی بۆکان داوە؛ ئەگەر پابەندی بڕیارەکان نەبن و بەردەوام بن لە گوتنی سروودی نیشتمانی، ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردنی دەستبەجێ و سزای توندی دادوەری دەبنەوە.
سیاسەتی سەرکوتکردن
ئەم ڕەفتارانەی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران لە بۆکان، بەشێکە لە سیاسەتی بەردەوامی سەرکوتکردنی ناسنامەی کولتووری و نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بێبەشکردنی گرتووان لە مافی پارێزەر و گوشار بۆ سەر بنەماڵەکانیان، پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕینە.