وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە کوژانەوەی گشتی لە تۆڕی کارەبا روویدا و دوای چارەسەرکردنی، ئێستا بەهۆی کەمبوونەوەی غازی کۆرمۆر ئاستی بەرهەمهێنان کەمبووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 7ـی نیسانی 2026، کاژێر 12:40 بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە کوژانەوەی گشتی لە تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستان روویدا.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە کە تیمەکانی کۆنترۆڵ، بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبا لە ماوەی 3 کاژێردا توانیویانە چارەسەری کێشە تەکنیکییەکە بکەن، بەڵام گرفتێکی دیکە دروستبووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، لە ئێستادا بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەتەوە.”
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، وەزارەتی کارەبا دەڵێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەسەر هێڵن تاوەکو هەرچی زووە گرفتەکە چارەسەر بکەن و ئاستی بەرهەمهێنان ئاسایی ببێتەوە.