پارتی و یەکێتی بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ناکەن

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە لیستی جیا بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا دەکەن لە کەرکووک، بەڵام هەردولا دەڵێن: دەرگایان کراوە بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵ حیزبەکانی دیکە.

محەمەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی ڕایگەیاند، پارتی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ چەند لایەنێک لە گفتوگۆدایە و هەندێک لایەن ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە و هەندێکیش ماون وەڵامی کۆتایی بدەنەوە؛ ئەمڕۆش دوایین وەڵامەکانی بۆ دەگەڕێتەوە و ئومێد دەکەین بتوانین پێنج بۆ شەش لایەنی سیاسی (سەرەکی) پێکەوە لەنێو لیستێکدا کۆببینەوە، ئەوەش جگە لە خەڵکی سەربەخۆ و لایەنی دیکەش.

محەمەد خورشید وتیشی ” لە کەرکووک لەگەڵ برایانی یەکێتی دوورین لە یەکدی و ماوەیەکە گفتوگۆکان لەنێوانماندا وەستاون”.

بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، گفتوگۆکان لەنێوان پارتی و حکومەتی عێراق بۆ گەڕانەوەی ئەو حیزبە بۆ پارێزگاکە، کۆتایی هاتووە و ڕێککەوتوون، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە پاڵپشتی چەند لایەنێکی عێراقی، فشاری کردووە بۆ ئەوەی تاوەکو دوای هەڵبژاردن پارتی نەگەڕێتەوە بۆ شارەکە.

ئامانجی یەکێتی لەو کارە، بردنەوەی زۆرترین دەنگە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوە زەبرێکی بەهێز لە دەنگی کورد دەدات لەو پارێزگایە.

ھەواڵی زیاتر