مەسرور بارزانی سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری دەکات

‎مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند, ئەمڕۆ یەکشەممە سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری( DIT )ی حکومەتمان کرد و لەلایەن سەرۆکی فەرمانگە بەڕێز هیوا ئەفەندی پێشوازیمان لێکرا.

ڕاشیگەیاند، دوای ئەوەی بەشەکانی فەرمانگەکەمان بەسەرکردەوە و داتا سەنتەری ناوەندیی حکومەتمان بە فەرمی کردەوە، کە ناوەندێکی گرنگیی زانیارییەکانی فەرمانبەرانی حکومەت و هاووڵاتییان و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان و سیستەمێکی زانیارییە، بە شێوەیەکی دیجیتاڵی پێشکەوتوو و پارێزراو کار دەکات و یارمەتییەکی زۆری دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات، تا بە شێوەیەکی سەردەمیانە و پێشکەوتوو، خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەشی هاووڵاتییان بکەن.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت ئەوەشی خستەڕوو وێڕای دەستخۆشیکردنمان لە کارمەندانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، بۆ کارامەیی و ئاستی بەرزی پێشکەوتووی فەرمانگەکەیان، دووپاتمان کردەوە ، کە بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی چاکسازی کابینەی نۆیەم، کە دەبێتە هۆی برەودان بە ڕوونی و شەفافیەت و نەهێشتنی ڕووتین و بیرۆکراسی و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی خێراتر و باشتر.
‎مەسرور بارزانی دەڵێت: شانازی بەوە دەکەین کە خاوەنی سەنتەرێکی زانیاری پێشکەوتووی لەوجۆرەین و جێی خۆشحاڵییە، کە کارمەندان و ئەندازایاران و شارەزیانی بواری ئایتی ئەم فەرمانگەیە، دەرچووی زانکۆکانی کوردستانن و توانیویانە ئەم سەنتەرە پێشکەوتووە، دابمەزرێنن و بەڕێوەی ببەن.
‎ئەم سەنتەرە، یەکێکە لە بەرهەمەکانی پرۆسەی چاکسازی و هاوکارییەکی زۆری دامەزراوەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت و هاوولاتییان بە گشتی دەکات و لە داهاتوودا، بەرهەمەکەی دەبینين.

ھەواڵی زیاتر