گەنج گەورەترين سەرمایەی نەتەوەیی و نیشتمانییە

كاتێک باسی نیشتمان دەکەین، واتە ئەو هاوڵاتیان و دانیشتووانەی کە لەسەر ئەو خاکە دەژین. لە سنوورێکی دیاریکراو و قەوارەیەکی یاسایی و سیاسیدا خۆی دەبینێتەوە. زۆرجار بە هەندێک لە وڵاتانی باکوری ئەوروپاش دەوترێت وڵاتانی پیر، ئەویش بە هۆکاری بوونی ڕێژەیەکی زۆر و بەرچاو لە دانیشتووانەکەی کە تەمەنیان بە پیر حساب دەکرێت و ژمارەی گەنجیشیان کەمە، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی باشووری ئەوروپا و ئاسیا، کە ئەوەش کۆمەڵێک فاکتەری خۆی هەیە لەوانە (کەشوهەوا و نەبوونی ڕیتمێکی دیاریکراو لە بواری خێزانی و کۆمەڵایەتی و ئازادی تاک و گەنج لە بڕیاردان و ئازادی گواستنەوە (هاتووچۆ) و نیشتەجێبوون و نەبوونی کێشە لە هاتووچۆ هتد… کە ئەوانە وایان کردووە گەنج لە وڵاتی خۆی بگوازێتەوە بۆ وڵاتێکی تر، جا بۆ کارکردن یاخود ژیان و خوێندن بێت، هیچ بەربەستێک نیە لە بەردەم ئەو گەنجە. بۆیە دەبینن گەنجانی وڵاتێکی وەک سوید، بۆ نموونە دەچنە وڵاتێکی تر و بەتەمەنەکان دەمێننەوە و حکومەتی ئەو وڵاتانە زۆربەی کات لە پێدانی مافی پەنابەریدا بۆ ئەو مەبەستە بووە کە گەنج وەربگرێت بۆ زیادبوونی دەستی کار و تێکەڵبوونی کلتووری جیاواز.

مەبەستی سەرەکی من لەم بابەتە بۆ ئەوەیە کە دەکرێت کوردستان خۆشبەختانە بە وڵاتی گەنج ناو ببرێت، لەڕووی ژمارە و بوونی گەنج و دەستی کار، کە ئەمە بۆ خۆی سامان و سەروەتێکی نیشتمانی و گەنجینەیەكی گرنگی داهاتووە، کە پێویستە زۆر گرنگی پێ بدرێت، کاری جددی و پلان و بەرنامەڕێژی بۆ بکرێت، لەلایەن حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بۆ بەگەڕخستنی توانای فکری و زانستی و جەستەی، هانبدرێن بۆ پێشکەوتنیان و چۆنیەتی خۆ دروستکردن و پاڵپشتیی کردن لە هەموو بوارەکاندا، چونکە گەنج وەک سەرمایەیەكی لەبن نەهاتووە، كە بێگومان گەر حکومەت بەرنامەڕێژی بۆ بکات و لە سێکتەرە گرنگ و هەستیارەکانی وڵاتدا کاری جددی بۆ بکات، بەڕای من هیچی لە سەرچاوە سامانی نەوت کەمتر نیە، بەمەرجێك دیسپلین و پلان و ستراتیژی ورد و ژیرانە هەبێت، بۆ پێشخستن و داهاتووی وڵات، ئەوانە دەبنە بناغەی هەستانەوەی ئابووری و سیاسی کوردستان، لەسەر بنەمایەکی بەهێز و خۆڕاگری مرۆڤانەی پشتبەستوو بە گەنج.

ھەواڵی زیاتر