Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13709 بابەت
هەواڵ
18-09-2026

ئەمریکا فڕۆکەی جەنگیی بە سعوودیە دەفرۆشێت

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رەزامەندیی لەسەر فرۆشتنی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری "ئێف-35 لایتنینگ 2" بە شانشینی عەرەبیی سعوودیە راگەیاند. پێنجشەممە 17ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا روونیکردەوە، بەهای گرێبەستی فرۆشتنی ئەو فڕۆکە جەنگییانە بە 24.3 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، و ئاماژەی بەوەش کرد ئەم مامەڵەیە لەگەڵ سعوودیە، بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی ئاسایشی هاوپەیمانێکی سەرەکیی واشنتن لە ناوچەکەدا. هەروەها وەزارەتەکە باسی لەوە کرد، فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-35 بە سعوودیە، تواناکانی ئەو وڵاتە بۆ بەرپەرچدانەوە و پێشگرتن لە هەڕەشەکان لە ئێستا و داهاتوودا بەهێزتر دەکات. ئەم گرێبەستە لە کاتێکدایە، پێشتر ریاز داوای لە واشنتن کردبوو پاڵپشتیی بکات لە شەڕی دژ بە حووسییەکان لە یەمەن، لەو چوارچێوەیەشدا محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردبوو کە هێرشی سەربازیی راستەوخۆ بکاتە سەر حووسییەکان، بەڵام ترەمپ ئەو داوایەی رەتکردەوە و پێشکەشکردنی هاوکاریی هەواڵگری و سەربازیی ناڕاستەوخۆی بە باشتر زانیبوو، بە مەبەستی خۆبەدوورگرتن لە تێوەگلانی راستەوخۆ لە شەڕەکەدا. ئەم پێشهاتە لە کاتێکدا دێت، چەکدارانی حووسی لە کەناراوەکانی رۆژئاوای یەمەن پێشڕەوی دەکەن و لە گەرووی بابولمەندەب نزیک دەبنەوە، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکانیان بۆ ناو خاکی سعوودیە.

هەواڵ
18-09-2026

نەخۆشخانەی رزگاری هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رزگاری لە هەولێر ئاگادارییەکی بڵاوکردەووەتەوە و هۆشداری دایە هاووڵاتییان لە دروستکردنی قەرەباڵغیی بێپێویست لە بەشەکانی فریاکەوتندا، هاوکات رایگەیاند بە بڕیارێکی فەرمی، سەردانیکردنی نەخۆش و هێنانی هاوەڵی زیادە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە. ئەمرۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رزگاری، رۆژانە لە بەشەکانی فریاکەوتندا دیمەنی قەرەباڵغییەکی نەگونجاو دەبینرێت، لەلایەن بەشێک لە هاووڵاتییانەوە دروست دەکرێت، ئاماژە بەوەش کراوە نەخۆشخانەکە ناوەندێکی هەستیارە بۆ رزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان و شوێنی کۆبوونەوە و قەرەباڵغی نییە، بەڵکو تەنیا بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتە لەناکاوەکانە. نەخۆشخانەکە روونی کردووەتەوە، رووکردنی بەلێشاوی هاووڵاتییان بەبێ پێویستی بۆ ناو نەخۆشخانە، نەک تەنیا دەبێتە بەربەست لەبەردەم کارەکانی پزیشکان و ستافی تەندروستی، بەڵکو لە حاڵەتە کتوپڕ و مەترسیدارەکاندا دەبێتە هۆی دروستکردنی ئاستەنگی گەورە لە هاتوچۆ و خاوکردنەوەی پرۆسەی گەیاندنی فریاگوزاری و چارەسەری خێرا بۆ ئەو نەخۆشانەی ژیانیان لە مەترسیدایە. لە راگەیەندراوەکەدا بە فەرمی جەخت کراوەتەوە کە "لە ئێستادا بە بڕیاری فەرمی، سەردانیکردنی نەخۆش و هەبوونی هاوەڵی زیادە لە بەشەکانی فریاکەوتندا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە." هاوکات داوا لە هاووڵاتییان کراوە پابەندی ئەم ڕێنماییانە بن: -بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و تەنیا لە کاتی پێویستیی توند و حاڵەتی فریاگوزاریدا نەخۆش ڕەوانەی فریاکەوتن بکەن. -دوور بکەونەوە لە دروستکردنی هەر جۆرە قەرەباڵغییەک کە ببێتە هۆی پەکخستنی کاری پزیشکان و کارمەندانی هێڵی پێشەوەی تەندروستی. -هاوکاربن لە رەخساندنی کەشێکی هێمن و لەبار بۆ تیمە پزیشکییەکان تاوەکو بتوانن بەبێ ئاستەنگ و بە باشترین شێوە ئەرکی پیرۆزی خۆیان جێبەجێ بکەن و گیانی نەخۆشەکان رزگار بکەن.

هەواڵ
18-09-2026

لە ئەنجامی رووداوێکی هاتووچۆدا 2 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا

لە رێگەی سەقز-بۆکان، رووداوێکی سەختی هاتووچۆ بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هاونیشتمانی و برینداربوونی دووی دیکە. رووداوەکە کاتژمێر 10:00ی ئەمشەو پێنجشەممە، 17ی ئەیلوولی 2026 روویداوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، ئۆتۆمبێلێکی جۆری پژۆ پارس و پژۆ 405 پێکیاندا داوە و دوو هاونیشتمانی بە ناوەکانی زانا عەزیزی و شیما پەرکەن گیانیان لەدەستداوە. قوربانییەکان خەڵکی مهابادن و بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و تەرمەکانیش رەوانەی پزیشکی دادوەری کراون. ساڵانە هەزاران کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیان لەدەستدەدەن یاخود بریندار دەبن، هەفتەی رابردوو بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا 260 کەس لە سنووری پارێزگاکەدا بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە. هەروەها بەگوێرەی دوایین ئاماری دادپزیشکیی ئێران، ساڵی رابردوو 19 هەزار و 540 کەس لە سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە.

هەواڵ
16-09-2026

لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، سیستمی زانکۆلاین کارا دەبێت

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی: لە چەند کاتژمێری داهاتوودا سیستمی زانکۆلاین بۆ هەڵبژاردنی بەش و کۆلێژەکان کارا دەکرێت. عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "پڕۆسەی هەڵسەنگاندن و وردبینی بۆ دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە قۆناخی کۆتاییدایە و بە ئەگەری زۆرەوە ئەمڕۆ یان سبەی سیستمی زانکۆلاین کارا دەکرێت" دەشلێت "هەموو هەوڵێک دراوە تاوەکو زۆرترین قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگەکەکان وەربگیرێن و دڵنیاییشی دا کە هیچ قوتابییەک مافی نافەوتێت" ئەمڕۆ پێنج رۆژ بەسەر رادەستکردنی ناوی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بە وەزارەتی خوێندنی باڵا تێپەڕ بووە. ئەمساڵ لە کۆی 117 هەزار و 142 قوتابی کە لە بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی بەشداریی تاقیکردنەوەکانیان کردبوو، 40 هەزار و 46 قوتابی توانیویانە لە خولی یەکەمدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن.  

هەواڵ
15-09-2026

چاوەڕوانی کورتەنامە بکەن ئینجا بڕۆن مووچەکانتان وەربگرن

لەبارەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب، پڕۆژەی هەژماری من هۆشداری دەداتە مووچەخۆران کە بەبێ هاتنی کورتەنامە سەردانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ئەی تی ئێم) نەکەن. ئەمڕۆ سێشەممە، دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی دەست پێ دەکات. سیستەمی پێدانی مووچە بە کاش نەماوە و پرۆسەکە بەتەواوی بە شێوەی دیجیتاڵی لە ڕێگەی هەژمارە بانکییەکانەوە بەڕێوە دەچێت.   تیمی پرۆژەی هەژماری من دەڵێت، مووچەخۆران لە دوای نیوەڕۆوە سەردانی ئامێرەکانی (ئەی تی ئێم) بکەن، یاخود چاوەڕێی کورتەنامەی بانکەکەیان بکەن ئینجا سەردان بکەن، چونکە لە ئێستادا تیمەکانی بانک سەرقاڵی گواستنەوەی پارەن بۆ ناو ئامێرەکان. نزیکەی 25 هەزار مووچەخۆر ماون کە تاوەکوو ئێستا خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار نەکردووە. هەرچەندە بەغدا پارەی مووچەی مانگی ئابی بۆ ناردوون، بەڵام هێشتا یەکلا نەکراوەتەوە کە مووچەی ئەم مانگەیان پێ دەدرێت یان نا. پێشتر بڕیار وابوو ئەگەر مووچەخۆران تاوەکوو 31ـی ئاب خۆیان تۆمار نەکەن مووچەکانیان ڕابگیرێت. بۆیە ئەگەر بۆ ئەم مانگەش مووچەیان پێ بدرێت، ئەوا لە مانگەکانی داهاتوودا چیتر مووچەیان پێ نادرێت تاوەکوو پرۆسەی خۆتۆمارکردن لە هەژماری من تەواو نەکەن.  

گشتی
15-09-2026

عێراق بەرهەمهێنانی نەوتی بەرزدەکاتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە شوێنی مانەوەی خۆی لە پاریس پێشوازی لە نوێنەرانی گەورە کۆمپانیاکانی فەرەنسا کرد و پلانی وڵاتەکەی بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە 4.8 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا خستەڕوو، هاوکات رێککەوتنی خۆی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن بۆ سازدانی کۆنفرانسی هاوبەشی بەغدا-پاریس لە پایتەختی عێراق ئاشکرا کرد. دووشەممە 14ی ئەیلوولی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ فەرەنسا، عەلی زەیدی پێشوازی لە سەرۆک و نوێنەرانی دیارترین کۆمپانیا فەرەنسییەکان کردووە بە مەبەستی پەرەپێدانی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و فراوانکردنی ئامادەیییان لە بازاڕەکانی عێراقدا. سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە، بەغدا وەک هاوبەشێکی مێژوویی و جێی متمانە لە پاریس دەڕوانێت، هاوکات بەڵێنی دا کە حکوومەتەکەی سەرجەم ئاسانکارییە پێویستەکان و ژینگەیەکی گونجاو دەڕەخسێنێت بۆ هاندانی سەرمایەگوزاری لە بوارەکانی پیشەسازیی دەرمان، هێڵی ئاسن، ژێرخان، ئابووری و کەرتی وزە. لە میانی کۆبوونەوەکەدا، زەیدی هەنگاوە نوێیەکانی کەرتی نەوتی خستەڕوو و رایگەیاند، عێراق کار بۆ ئەوە دەکات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە چوار ملیۆن و 800 هەزار بەرمیلەوە بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بکاتەوە، ئەمەش هاوکات دەبێت لەگەڵ جێبەجێکردنی پڕۆژەی فراوان بۆ دەرهێنان و وەبەرهێنان لە غازی هاوەڵ. سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە کۆمپانیا فەرەنسییەکان کرد دەستپێشخەری بکەن لە سوودوەرگرتن لە سەرچاوە کانزاییە دەوڵەمەندەکانی وڵاتەکە لەوانە کێڵگەکانی گۆگرد، فۆسفات، سیلیکا و پێشخستنی کەرتی پێترۆکیمیایی. لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرنجی خستە سەر گرنگیی ستراتیژیی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان لەسەر ئاستی جیهان وەک یەکێک لە سەرەکیترین رێڕەوەکان بۆ بەستنەوەی ئابووری و مسۆگەرکردنی پارێزراوی زنجیرەکانی دابینکردنی کاڵا. زەیدی ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە میانی گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، رێککەوتوون لەسەر دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی "کۆنفرانسی بەغدا-پاریس" لە شاری بەغدا، تا ببێتە دەرفەتێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی هاوبەشیی ئابووری و ئیمزاکردنی گرێبەستی گەورە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

هەواڵ
15-09-2026

بەرپرسێک دەستگیرکرا

دەستەی دەستپاکیی عێراق بڕیاری حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای نێوەڕاست لە وەزارەتی کارەبا بە تۆمەتی "دەوڵەمەندبوونی نایاسایی" راگەیاند. هەروەها دادگە ناچاری کردووە 25.7 ملیار دینار وەک گەڕاندنەوەی پارەی بەدەستهاتوو و پێبژاردن بداتە دەوڵەت.   رۆژی 14ی ئەیلوولی 2026، دەستەی دەستپاکی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگەی تاوانەکانی دژە گەندەڵیی ناوەندی لە بەغدا، بڕیاری حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ سزادراو عەلا سەمیر راشد، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای نێوەڕاست لە وەزارەتی کارەبا دەرکردووە، ئەوەش بەپێی مادەی 19 بڕگەی دووەم لە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی نایاسایی ژمارە 30ی ساڵی 2011ی هەموارکراو.   بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەهای ئەو سامانەی لە دۆسیەی دەوڵەمەندبوونی نایاسایی لە ئەستۆی ئەو بەرپرسەدایە نزیکەی 13 ملیار دینارە. دادگە بڕیاریداوە ناچار بکرێت بە گەڕاندنەوەی تەواوی "دەستکەوتە نایاساییەکە" کە بریتین لە، پێنج ملیار و 524 ملیۆن و 135 هەزار دیناری عێراقی، لەگەڵ پێنج ملیۆن و 538 هەزار و 593 دۆلاری ئەمریکی.   دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، جگە لە گەڕاندنەوەی ئەم پارەیە، دادگە بەپێی مادەی 19 بڕگەی چوارەم لە هەمان یاسا، سزای پێبژاردنی دارایی بە قەبارەی هەمان بڕە پارەی دەستکەوتە نایاساییەکە بەسەر سزادراوەکەدا سەپاندووە، بەوەش کۆی گشتیی ئەو پارەیەی دەبێت بیداتە خەزێنەی دەوڵەت دەگاتە 25.7 ملیار دینار. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بڕیارەکەی دادگە بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی سزادراوەکەی پەسندکردووە، هاوکات مافی ئەوەی بە دەستەی دەستپاکی داوە کە لە دوای وەرگرتنی پلەی کۆتایی لە بڕیارەکە، داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بکات. عەلا سەمیر راشد، لە رۆژی 20ی حوزەیرانی 2026 لەلایەن هێزێکی دەستەی دەستپاکی لە گەڕەکی مەنسووری بەغدا دەستگیرکرا و لە کاتی گەڕان لە ماڵەکەیدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەی کاشدا گیرا، دواتریش بە فەرمانی دەسەڵاتی دادوەری سەرجەم موڵک و سامانە گوازراوە و نەگوازراوەکانی لە بانک و کۆمپانیاکاندا بلۆک کران، تاوەکو لە کۆتاییدا دۆسیەکەی رەوانەی دادگەی تاوانەکانی دژە گەندەڵی کرا.

هەواڵ
15-09-2026

گرووپە چەکدارەکانی عێراق مەرجی نوێ بۆ دەستبەرداربوون لە چەک دادەنێن

سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و نوێنەرانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، گەیشتوونەتە ڕەشنووسی ڕێککەوتنێک سەبارەت بە پرسی چەکەکانیان و لەسەر بنەمای "ڕاگرتنی بەکارهێنانی چەک بەبێ دەستبەرداربوون لێی" داڕێژراوە.  بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت، ڕێککەوتنەکە لە میانی چوار کۆبوونەوەدا بە سەرپەرشتیی نووری مالیکی، محەممەد شیاع سوودانی و هادی عامری گەڵاڵە کراوە، بەگوێرەی خشتە کاتییەکەش، بڕیارە لە 30ـی ئەم مانگەوە تا کۆتایی ساڵی 2026، چەکدارەکانی ئەو گرووپانە لە شێوەی لیوادا بخرێنە ناو ڕیزەکانی حەشدی شەعبییەوە بەبێ ئەوەی چەک ڕادەست بکەن، قۆناغی دووەمیش تا سەرەتای ساڵی 2028 بەردەوام دەبێت و دەبەسترێتەوە بە چاودێریکردنی پرۆسەکە و کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق.  ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە، لە کۆبوونەوەکانیشدا ژمارەیەک لە سەرکردە دیارەکانی "بەرەی مقاوەمە"، لەوانە بەرپرسانی ئەنساروڵڵای ئەوفیا و کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، لەگەڵ نوێنەرانی کەتیبەکانی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا ئامادە بوون و پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە بەهیچ جۆرێک دەستبەرداری چەک نابن تا وەک خۆبەدەستەوەدان بە ئەمریکا دەرنەکەوێت، هاوکات مەرجی ئەوەیان داناوە لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر شەڕێک دژ بە ئێران یان دروستبوونی مەترسی لەسەر مانەوەیان، ڕێککەوتنەکە دەستبەجێ هەڵدەوەشێننەوە. سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، ئەم هەنگاوە بە ڕاسپاردەی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بووە بۆ فەوتاندنی کات لەگەڵ واشنتن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا پەیامی توندی ناردووە و ڕایگەیاندووە چەکی ئەو گرووپانە وەک کۆگای چەکی دەوڵەتێکی دوژمن لەناو خاکی عێراقدا دەبینێت و پێداگری لەسەر لەناوبردنی تەواوەتییان دەکات.

هەواڵ
15-09-2026

ترەمپ: بەخشینی پێنج هەزار دۆلار بۆ هەر هاووڵاتییەک بۆ بودجەی فیدراڵی ئ...

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی توانای دارایی هەیە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی سەبارەت بە بەخشینی پێنج هەزار دۆلار بۆ هەر هاووڵاتییەکی پێگەیشتوو، بەو مەرجەی کۆمارییەکان کۆنترۆڵی کۆنگرێس لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا بپارێزن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەهۆی هاتنەناوەوەی تریلیۆنان دۆلار بۆ ناو وڵات، حکومەتی ئەمریکا تەواوی پارەی پێویستی لەبەردەستە بۆ پێدانی ئەم بڕە پارەیە بە هاوڵاتییان.  مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد هەموو بڕیارێکی لەم شێوەیە پێویستی بە ڕەزامەندیی فەرمیی کۆنگرێس دەبێت.  پێشنیازەکەی ترەمپ ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەوە لەلایەن دیموکراتەکانەوە، حەکیم جێفریس، ئەندامی کۆنگرێس لەسەر پشکی دیموکراتەکان، پرۆژەکەی بە ناجددی وەسف کرد. لەلایەکی دیکەوە هەندێک لە کۆمارییەکانیش لەبەر بەرزیی ئاستی قەرزی نیشتمانی و تێچووی زۆری پرۆژەکە، دوودڵی خۆیان لە پشتگیری کردنی ئەو بڕیارە دەربڕی.

هەواڵ
15-09-2026

گەنجێک دوای نەشتەرگەری بینایی لەدەستداوە

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر لەدەستدانی بینایی چاوی گەنجێک لە شاری هەولێر پێکدەهێنێت. بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستیش رایدەگەیێنێت، ئەندامانی لیژنەکە دیاریکراون و چاوەڕێی داواکاری گشتین بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە تاوەکو دیاری بکرێت رووداوەکە بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە بووە یان نا. چیرۆکەکە چۆن بوو؟ گەنجەکە ناوی (ئەلەند سەڵاح کەریم)ـە، کێشەی لە یەکێک لە چاوەکانیدا هەبووە کە بینینی هێڵێکی رەش بووە، لەسەر داوای پزیشکێکی عەرەب کە لە هەولێر کار دەکات، لە رۆژی 27-6 نەشتەرگەریی بۆ کراوە، بەڵام دوای سێ رۆژ بینایی ئەو چاوەی بە تەواوی لەدەستداوە.  دواتریش پزیشکەکە نەشتەرگەریی دووەمی بۆ کردووە، بەڵام هیچ سوودی نەبووە و بینایی بۆ نەگەڕاوەتەوە، دکتۆرەکەش خۆی لە ئەنجامەکەی بێبەری کردووە، بەوهۆیەوە گەنجەکە لە وەزارەتی تەندروستی و لای پۆلیس سکاڵای تۆمارکردووە. رۆژی دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، دکتۆر رەسووڵ عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند: "لیژنەکە هەڵبژێردراوە و ئەندامانی دیاری کراون، چاوەڕێین داواکاری گشتی دادوەرێک دەستنیشان بکات تاوەکو لیژنەکە دەست بە لێکۆڵینەوە بکات، چونکە لیژنەکە لەلایەن داواکاری گشتییەوە سەرپەرشتی دەکرێت". سەبارەت بە رەوشی یاسایی شوێنەکە و پزیشکەکە، دکتۆر رەسووڵ عەبدولخالق ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو سەنتەرەی چاو کە نەشتەرگەرییەکەی لێ کراوە، هەم پزیشکەکە و هەم سەنتەرەکەش مۆڵەتی فەرمییان هەیە و کێشەیان نییە؛ واتا لە رووی کارگێڕییەوە کارەکانی سەنتەرەکە تەواون، ئەوەی ماوەتەوە لەسەر لیژنەکەیە بزانن هۆکاری لەدەستدانی بینایی ئەو گەنجە بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە بووە یاخود نا." بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون روونیشیکردەوە کە ئەو هاووڵاتییە هاوکات لە وەزارەتی تەندروستی و لای پۆلیسیش سکاڵای تۆمارکردووە. هەروەها سامان سەلمان، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر  رایگەیاند: "ئەو کوڕەی بینایی چاوی لەدەستداوە، سەرەتا لای پۆلیس سکاڵای تۆمارکرد و دواتر کەیسەکە چووەتە دادگە. دادگەش داوای لە وەزارەتی تەندروستی کردووە لیژنەیەکی زانستی و پسپۆڕ لەسەر ئەم بابەتە پێکبهێندرێت، وەزیریش پێکی هێناوە." بەپێی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بە ژمارە 11299 لە 2ـی مانگی 9ـی 2026 بە واژۆی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی دەرچووە، فەرمان دراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بەپێی پەیڕەوی ژمارە 16ـی ساڵی 2022 بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، بۆ ئەوەی بەدواداچوونی تەواو بۆ سکاڵای ئەو گەنجە بکرێت و ئەنجامەکەی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت.

هەواڵ
15-09-2026

شەپۆلێکی بارانبارین بۆ هەرێمی کوردستان بەڕێوەیە

کەشناسیی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی پلەکانی گەرما چەند پلەیەک دادەبەزن و ئاسمان ساماڵ دەبێت. هاوکات شارەزایەکی کەشناسیش پێشبینی دەکات لەکۆتاییەکانی ئەم مانگە شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لە ناوچەکانی هەرێم بکات. ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی رایگەیاند، "لە کۆتایی ئەم مانگەدا گۆڕانکاری بەرچاو لە کەشوهەوای زۆربەی ناوچەکانی هەرێم روودەدات، بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە قۆناغێکی دیكەی دابەزینی پلەکانی گەرما دەستپێدەکات و کەشێکی تەواو پاییزی دروست دەبێت". ئاماژەی بەوەشکردووە،" بڕ و جۆری ئەم بارانە لەنێوان نمەباران بۆ بارانی مامناوەند دەبێت، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان بڕی بارانبارینەکە زیاتر دەبێت و تەنانەت لەهەندێك کاتدا دەگۆڕێت بۆ بارانی بەخوڕ". باسی لەوەشکرد، "لەگەڵ هاتنی ئەم بارستە هەوایەدا، هەروەها بڕێکی زۆر شێ ڕێژەیی ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەكات و بەهۆیەوە شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکە زۆربەی زۆری ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەگرێتەوە و دەبێتە یەکەم شەپۆلی بارانبارینی گشتگیر لە هەرێمی كوردستان.

هەواڵ
14-09-2026

114 کەس تەنگەنەفەسبوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون

لە عێراق بەهۆی دزەکردنی گازی ئەمۆنیا لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی پەین لە بەسرە، 114 کەس تووشی تەنگەنەفەسی بوون و دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە. ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، بەهۆی دزەکردنی گازی ئەمۆنیاوە 114 کەس تەنگەنەفەس بوون، بەڵام سەرجەم تووشبووان فریاگوزاری و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیان پێشکەش کراوە، وەزارەتی تەندروستی زیاتر لە 50 ئەمبوڵانسی بۆ شوێنی رووداوەکە رەوانەکردووە. سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت: بارودۆخی زۆربەی ئەوانەی تووشی تەنگەنەفەسی بوون دۆخی تەندروستیان سەقامگیرە و ئێستا تەنیا 21 کەسیان لە نەخۆشخانەکان ماونەتەوە. ئێوارەی دوێنی یەکشەممە سەرچاوەیەکی راگەیاند، بەهۆی دزەکردنی گازی ئەمۆنیا لە کارگەی پەینی باشوور لە ناوچەی خوڕ زوبێر، ژمارەیەک هاووڵاتی تووشی تەنگەنەفەسی بوون.    

1 2 ... 6 7 8 ... 1142 1143