بەپێی بەدواداچوونێک لە قوتابخانەیەکی شاری سلێمانی، کچە قوتابییەک خۆی کێشاوە بە جامخانەیەکدا و بەهۆیەوە بە سەختی بریندار بووە و گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوەیەک زانیارییەکانی پشتڕاستکردووەتەوە و لەبەردەمی پەیمانگای پزیشکی دادی سلێمانی وتی: منداڵەکە بە خێرایی ڕایکردووە و خۆی کێشاوە بە جامخانەیەکدا و شووشەکەی شکاوە و ڕاستەوخۆ چووە بە سنگی منداڵەکەدا و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
ڕووداوەکە لەپاش کاتژمێر 03:30 خولەک ڕوویداوە و لەکاتی تەواوبوونی دەوامی قوتابخانەکە بە پەلە ڕایکردووە و خۆی بە دەرگاکەدا کێشاوە و دەستبەجێ گەیەنراوەتەوە نەخۆشخانە.
سەرچاوەکە وتی: منداڵەکە ناوی یارا ئاریان مەحموودە و تەمەنی 10 ساڵە و لە قوتابخانەیەکی نا حکوومی ناو یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێ بوون بووە، پاش ئەوەی وانەکانی تەواو دەبێت و بەڕێ دەکەون بۆ ماڵەوە، لە ڕاڕەوی قوتابخانەکە زۆر بە خێرایی ڕادەکات بۆئەوەی بڕواتەوە بۆ ماڵەوە، خۆی کێشاوە بە دەرگایەکی شووشەدا و لەبەرئەوەی کواڵیتی شووشەکە بەشێوەیەک نەبووە کە ببێتە پارچەی ورد، هەر بۆیە بە پارچەی گەورەی شووشەکە دەچێت بە چەند جێگەیەکی سنگ و سەریدا و بە سەختی بریندار بووە و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، ڕووداوەکە لە قوتابخانەیەکی ئەهلی ڕوویداوە و تەمەنی قوتابییەکەش 10 ساڵ بووە، لەکاتی ڕاکردندا خۆی کێشاوە بە جامخانەی ڕاڕەوی قوتابخانەکەدا و بەسەختی بریندار بووە، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
ئێستاش بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە بە مەبەستی دەستنیشانکردنی ووردی هۆکاری ڕووداوەکە.