لە حەفتەی سێیەمی مانگی ئەیلولی (2026-09-22) دەست پێدەکات کە بە "هەفتەی ئاست-بەرز" ناسراوە و 6 ڕۆژ دەخایەنێت. سەرۆک و نوێنەرانی باڵای 193 وڵاتی ئەندام کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو قەیرانە قووڵانەی کە بەرۆکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان گرتووە, کەشوهەوای کۆبوونەوەکانی ئەمساڵ بە بارودۆخێکی ئاڵۆزی جیۆپۆلەتیکی دەورەدراوە، کە تێیدا ململانێ چەکدارییەکان، کێبڕکێی تەکنەلۆژیی، و قەیرانە ئابووری و ژینگەییەکان تێکەڵ بەیەک بوون و پێویستییان بە بڕیار و هەڵوێستی یەکلاکەرەوە هەیە لەلایەن زلهێزەکانی جیهانەوە.
پاشاخانی لوتکەکە
دانیشتنەکان بە وتاری بەرایی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی پێدەکات، کە تێیدا هۆشداریی توندی دا لە پەرەسەندنی جەمسەرگیریی نێودەوڵەتی و نەبوونی متمانە لەنێوان وڵاتاندا، پاشان وەک نەریتی ساڵانە و بەپێی پڕۆتۆکۆڵ، سەرۆکی بەڕازیل یەکەم وتاری پێشکەش دەکات و دوابەدوای ئەویش سەرۆک یاخود نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک وڵاتی میواندار وتاری وڵاتەکەی پێشکەش دەکات.
لە ساڵەکانی سەرەتای دامەزراندنی ڕێکخراوەکەدا (بە دیاریکراوی لە دەوروبەری ساڵی 1947ەوە)، کاتێک کاتی پێشکەشکردنی وتاری گشتی دەهات، زۆرجار سەرکردەی وڵاتان دوودڵ بوون و هیچ وڵاتێک نەیدەویست دەستپێشخەری بکات و یەکەم کەس بێت کە بچێتە سەر سەکۆکە، لەو کاتانەدا، دیپلۆماتکاران و نوێنەرانی بەڕازیل بەردەوام خۆبەخشانە دەستپێشخەرییان دەکرد و یەکەم وتاریان پێشکەش دەکرد بۆ ئەوەی بێدەنگییەکە بشکێنن و دانیشتنەکان دەست پێبکەن.
کۆبوونەوەکان
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی پێوانەیی لە سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئاسیا بەڕێوەدەچێت. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت دیداری دووقۆڵیی چارەنووسساز لە پەراوێزی دانیشتنەکاندا لە نێوان سەرکردە زلهێزەکانی وەک شی ژینپینگی سەرۆکی چین و بەرپرسانی باڵای ڕۆژئاوا ئەنجام بدرێت بۆ هێورکردنەوەی ناکۆکییە بازرگانیی و سیاسییەکان.
لەسەر ئاستی ئەجێندای سیاسیی، گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت ململانێکانی نێوان واشنتن و تاران باڵی بەسەر بەشێکی زۆری گفتوگۆکاندا کێشاوە، زۆربەی وتارەکان تیشک دەخەنە سەر مەترسییەکانی تەشەنەسەندنی جەنگ لە ناوچەکەدا و جەخت لە دۆزینەوەی دەرچەی دیپلۆماسی دەکەنەوە.
جەنگی ڕووسیا و ئوکڕانیا
شەڕی بەردەوامی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا هێشتا وەک برینێکی کراوە لە جەستەی ئاسایشی ئەوروپادا ماوەتەوە و وڵاتانی ڕۆژئاوا سەکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک دەرفەتێک بەکاردەهێنن بۆ زیاتر پەراوێزخستنی مۆسکۆ و فشارهێنان بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەوروپا هۆشدارییان داوە لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی تاقیکاریی لەلایەن ڕووسیاوە بۆ سەر سنوورەکانی ناتۆ.
چارەنووسی ژیری دەستکرد AI؟
جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، پرسی پێشکەوتنە خێراکانی تەکنەلۆجیا و بەتایبەت زیرەکیی دەستکرد (AI) بووەتە خاڵێکی سەرەکیی ململانێ و نیگەرانییەکانی ئەمساڵ، سەرکردەکان لە هەوڵی چڕدان بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەکی ڕێکخستنی نێودەوڵەتی تاوەکو ڕێگری بکرێت لە بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆجیایە بۆ مەبەستی تێکدەریی، هێرشی ئەلیکترۆنیی و چەواشەکاریی زانیاری.
گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا
هاوکات، قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا و خاوی لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام (SDGs) بەشێکی گرنگی ڕاپۆرت و کۆبوونەوە لاوەکییەکان پێکدەهێنن، بەتایبەت دوای ئەو کارەساتە سروشتی و لافاوانەی کە ئەم دواییە زیانی گەورەیان بە چەندین وڵات گەیاندووە. ڕووداوەکانی ئەم حەفتەیە ئەوە دەسەلمێنن کە دیپلۆماسییەتی ڕاستەقینە تەنیا لەسەر مینبەری هۆڵی سەرەکی نییە، بەڵکو لەو ڕێککەوتنانەدایە کە لە ژوورە داخراوەکاندا و لە پەراوێزی دانیشتنەکاندا واژۆ دەکرێن.
دەرئەنجام
لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، پرسی زیرەکیی دەستکرد (AI) بە یەکێک لە تەوەرە هەرە گرنگەکان دادەنرێت، چاوەڕوان دەکرێت سەرکردەکانی جیهان هەنگاو بۆ واژۆکردنی پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی و دامەزراندنی ئاژانسێکی جیهانی بنێن بۆ رێکخستن و چاودێریکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە. هاوکات، ئەگەری زۆرە هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ سنووردارکردنی بەکارهێنانی AI لە بواری سەربازیدا، بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی ساختە و چەواشەکاری، هەروەها یارمەتیدانی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بۆ سوودوەرگرتن لێی بە مەبەستی کەمکردنەوەی بۆشایی دیجیتاڵی.
چارەنووسی زیرەکیی دەستکرد لەم لوتکەیەدا بەندە بە لێکتێگەیشتنی وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و چین، گەیشتنیان بە رێککەوتن زامنی گەشەسەندنێکی سەلامەت دەکات بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ڕێکنەکەون جیهان رووبەڕووی کێبڕکێیەکی مەترسیدار و قۆرخکارییەکی کۆنترۆڵنەکراو دەکاتەوە.
هەروەکو جەیکەب کۆکسن، توێژەری کۆمپانیای ئەنترۆپیک (Anthropic)لە چاوپێکەوتنەکانی ئەم دواییەدا هۆشداریی دا کە پێشکەوتنە خێراکانی زیرەکیی دەستکرد دەکرێت لە ماوەی دەیەیەکدا هەڕەشەی مان و نەمان بۆ سەر مرۆڤایەتی دروست بکەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر پەرەپێدانی ئەم بوارە خاو نەکرێتەوە، ئەوا رەنگە مەترسییە سەختەکان تەنها لە ماوەی یەک ساڵدا سەرهەڵبدەن.