لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک، سەرۆکوەزیرانی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و وتی، ئەو کاتەی کوردستان بەهێز بێت، عێراق بەهێزە، ئەو کاتەشی عێراق بەهێز بێت کوردستان بەهێزە. بۆیە ئێمە یەک داهاتوومان هەیە.
لە سەرەتای وتارەکەیدا، مەسرور بارزانی، سوپاسی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆی کرد و وتی، ئێوە بوونەتە هۆکاری دروستبوونی ئەو دۆخەی ئێستا کە ئێمە لێرە ئاهەنگ دەگێڕین. سەرۆکوەزیران وتیشی، سەری ڕێز بۆ شەهیدان و خانەوادەی شەهیدان دادەنوێنین.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی سەرۆکوەزیران سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد کە لە پرۆسەی خوێندن لەم زانکۆیە و پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا هاوکار بووە.
لە وتارەکەیدا سەرۆکوەزیرانی کوردستان ئەمانەی وت:
دەرچووانی خۆشەویست ئاوڕێک بدەنەوە و بڕواننە ئەو کەسانەی لە پشتتانەوەن؛ دایک و باوک، خوشک و براکانتان، مامۆستایان و هاوڕێیانێک کە ئێوەیان گەیاندە ئێرە، ئەمشەو، شەوی ئەوانیشە، بۆیە چەپڵەیەکی گەرمیان بۆ لێ بدەن.
بەشێکتان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون، هەندێکتان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، هەندێکیشتان لە دەرەوەی عێراقەوە. لە شاری جیاواز، بە بڕوا و زمانی جیاوازەوە لەسەر یەک مێز کۆ بوونەتەوە، سەرباری چیرۆکی جیاوازی هەر یەکێکتان، بەڵام ئێوە لێرەن وەک یەک پۆل، یەک سەکۆ و یەک ئایندە، ئەمە ڕێکەوت نییە، بەڵکوو ئەم زانکۆیە ڕێک بۆ ئەم مەبەستە دامەزراوە.
وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی زانکۆ و وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەردەمتاندا وەستاوم، بەڵام ئەمشەو وەک کەسێک قسەتان بۆ دەکەم کە بڕوای پێتانە. 12 ساڵ پێش ئێستا، زانکۆی ئەمریکیی کوردستان خەونێک بوو، ئەمشەو ئێوە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە خەونەکە شایستەی ئەوە بوو بۆی تێ بکۆشین.
دەرچوونی ئێوە لە ساتەوەختێکی گرنگدایە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیداری ناسەقامگیرییەوە، عێراق لە جەرگەی ئەو هاوکێشەیەدایە و ڕووبەڕووی هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە، لێرە لە کوردستان، زوو هەستمان بەو مەترسییانە کرد و بە خێرایی لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە بەغدا کەوتینە جووڵە، ئەمڕۆ، لە چوارچێوەی حکوومەتەکەی سەرۆکوەزیران بەڕێز عەلی زەیدی، هەوڵە هاوبەشەکانمان پایەی عێراقێکی نوێی دامەزراندووە، حکوومەتێک کە بڕیارمان داوە بە تەواوی و چالاکانە پاڵپشتی بکەین، لە کاتێکدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی عێراق و ناوچەکە دەبێتەوە.
پاڵپشتیی ئێمە تەنیا قسە نییە، چونکە کاتێک سەرهەڵدانی جەنگ لە گەرووی هورمزدا ناوچەکەی شڵەژاند، هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕ کردەوە بۆ بەشداریکردن لە هەناردەکردنی نەوتی عێراق. کاتێک هاووڵاتییانی عێراق لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، پێویستیان بە کارەبا بوو، ئێمە بۆمان دابین کردن، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە هەرێمی کوردستان خۆیشی پێویستی بە کارەبا بوو. هاوبەشی بەم شێوەیەیە، بنیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق لە کرداردا بەم شێوەیەیە، چونکە ئێمە تێ دەگەین کە دامەزراوەی بەهێز بۆ هاووڵاتیی ئاسایی واتای چییە، واتا دادپەروەری، سەقامگیری و ئایندەیەک کە لەسەر بەهرە بنیات نرابێت نەک لەسەر بنەمای پەیوەندی و بەرژەوەندی.
ئەم کارانەمان لە کاتێکدا کردووە، لەژێر هێرشدا بووین، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی چڕی تیرۆریستی بووەوە، زیاتر لە 1000 درۆن و مووشەک ئاراستەی ژێرخان، ئابووری و پێشکەوتنی ئێمە کران، ئامانجیان ئەوە بوو کوردستان لە پێشکەوتن بخەن، بەڵام شکستیان هێنا، ئێمە خۆڕاگر بووین و ئاراممان گرت. لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە بەغدا لەپێناو هەموو عێراق لە کارکردن بەردەوام بووین. ئێمە ڕووبەڕووی داعش بووینەوە و لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانماندا، داعشمان تێکشکاند. ئێستاش بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی ئەم هەڕەشەیە دەبینەوە و تێکی دەشکێنین.
عێراقێکی بەهێز، پێویستی بە کوردستانێکی بەهێز هەیە؛ کوردستانێکی بەهێز ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی ئەم ناوچەیە دەهێنێت. کوردستانێکی بەهێزیش پێویستی بە یەکڕیزییە، ئەم ڕاستییە بنەمای ڕێنمایی و ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانییە و بە هەمان شێوە، بنەمای ڕێبەری نیشتمانی و باوکی دامەزرێنەر مستەفا بارزانی بوو، کە ناوەکەی لەسەر باڵەخانەی دامەزراندنی ئەم کەمپەسە هەڵکۆڵراوە و ئەو بنەمایەشە کە ئێمە ڕۆژانە کاری پێ دەکەین.
ئێمە پێشڕەوی ناوچەکەین لە کولتووری دابەشکردنی دەسەڵات، هاوبەشیمان هەڵبژارد لە کاتێکدا ئەوانی دیکە باڵادەستییان هەڵبژارد، لە داکۆکیکردن لەم بنەمایە بەردەوام دەبین، لە هەولێر، لە بەغدا و لە هەر شوێنێک کە دەنگمان بگاتێ.
زانکۆی ئەمریکیی کوردستان بەهۆی لێهاتوویی ئەکادیمییەوە، دانپێدانانی بەدەست هێناوە، 1ەمین زانکۆیە لە عێراقدا کە پێگەی بەربژێریی لەلایەن دەستەی دانپێدانانی دامەزراوەیی ئەمریکاوە پێ دراوە، 1ەمین زانکۆی عێراقیشە دانپێدانانی ئەمریکای لە پرۆگرامی پەرستاری بەدەست هێناوە. هەڵسەنگاندن و خەمڵاندنی ورد کە ئێمە بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانەوە دەبەستێتەوە؛ ئاسانکاری و ئامرازی پێشکەوتوو، زانکۆیەک کە بە سیستەمەوە بەڕێوە دەچێت نەک تەنیا بە کەسەکان، زانکۆیەکی بەدامەزراوەییکراوە و بۆ مانەوە بنیات نراوە، ئەم دەستکەوتانە بە 1 دەیە بەدی هاتوون و شانازییان پێوە دەکەم. بەڵام هەر بەمە ناوەستین، چونکە باشبوون لە شتێکدا، بە واتای دروستکردنی کاریگەریی ویستراو نایەت، بۆیە ئەرکمان لە دەیەی داهاتوو ئەمەیە: لە نایابییەوە بۆ کاریگەری بڕۆین، بۆیە چیتر ستانداردەکانی خۆمان ناکەینە پێوەری هەڵسەنگاندن، بەڵکوو دەستکەوتەکانمان بەو جیاوازییە دەپێوین کە لە خۆشگوزەرانی و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و ژیانی گەلان دروستی دەکەین.
زانکۆی ئەمریکیی کوردستان دەبێتە نموونە، وەک چۆن ئێستا بۆ گەلێک دەستپێشخەریی دیکە نموونەیە. تا ساڵی 2035، ڕوانینمان سادە و ئازایانەیە: زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک دەبێتە بژاردەی 1ەمی قوتابییان.
ئەمڕۆ، بەشەناوخۆیی نوێی کوڕانم کردەوە، کە 1ەمین باڵەخانەیە لە تەواوی عێراقدا بڕوانامەی زێڕینی (LEED) بەدەست بهێنێت، ئەوانەی دەزانن بۆ بەدەستهێنانی (LEED Gold) دەبێت چی بکرێت، لە گەورەیی ئەم دەستکەوتە تێ دەگەن، چونکە پێوەرەکان توانایی وزە، دەستگیرۆیی ئاو، جۆری کەرەستەکان و تەنانەت تەندروستیی نیشتەجێبووان و ئەوانەی لە باڵەخانەکەدا کار دەکەن دەگرێتەوە. ئەم باڵەخانەیە، بە بەرزترین ستانداردی نێودەوڵەتی، لێرە لە دهۆک بنیات نراوە و دەبێتە نموونە بۆ تەواوی وڵات، وەک سەرۆکی دەستەی ئەمینداران و سەرۆکوەزیران، پابەندم بە پاراستنی ژینگە و دەمەوێت دەرچووانی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان بنیاتنەری ئەم ڕەوتە بن.
دەرچووانی ئازیز، با ڕاشکاو بم لەگەڵتان، خواست و ئەرکمان بۆ کوردستان مەزن و بەرزە، بۆ زانکۆی ئەمریکیی کوردستانیش بە هەمان شێوە. ئاستەنگی سەختمان لە بەردەمە، هیچ کەسێک ئەم ئایندەیەمان پێ نابەخشێت، دەبێت خۆمان بە پابەندی و خۆڕاگرییەوە بنیاتی بنێین، بەڵام دەزانم ئێوە هەم پابەندن هەم خۆڕاگرن و بە ڕێکەوت نەگەیشتوونەتە ئەم ئاستە، بەڵکوو بە تێکۆشان و بە هەوڵدانتان، ئەمە لە کاتێکدا کۆڵدان ئاسانتر بوو. ئێستا کوردستان ڕێک پێویستی بەمەیە، کاتێک کوردستان گەشە دەکات، ئەوکاتە عێراقیش گەشە دەکات، کاتێک عێراق گەشە دەکات، کوردستانیش گەشە دەکات، ئێمە 2 ئایندەمان نییە، بەڵکوو یەکمان هەیە، ئێوەش بنیاتنەری ئەو ئایندەیەن.
ئەوەی لێتان دەخوازم ئەمەیە: پابەندی بەرزترین بەها ئەخلاقییەکان بن، تەنانەت ئەو کاتانەش کە کەس چاودێریتان ناکات. لە هەر شوێنێکی جیهان بن، نیشتمان و ناسنامەی خۆتان لە یاد بێت، وەفادار بن بۆ ئەو کۆمەڵگەیەی وەبەرهێنانی تێدا کردوون، بیرتان بێت، بەر لەوەی خۆتان درکی پێ بکەن، کەسانێک متمانەیان بە ئێوە هەبوو، ڕێز و خۆشەویستیتان بۆ ئەم خاک و هەسارەیە هەبێت، بنەماکانی دیموکراسی، دادپەروەری، و یەکسانی بەرجەستە بکەن، سەرەتا لە ژیانی خۆتان پاشان لەو کۆمەڵگەیەی بنیاتی دەنێن.
بۆ ئەوەی سەرکردایەتی و پێشڕەوایەتی بکەن چاوەڕێی مۆڵەت لە کەس مەکەن، چاوەڕێ مەکەن کەسێک شتێک چاک بکاتەوە کە بە ئێوە چاک دەکرێتەوە، ڕێگە بە هیچ کەسێک مەدەن گومان لە تواناکانتان بکەن، یان ئەوانەی ڕەشبینن، تەنانەت ڕێگە بە ترسی ناو ناخی خۆشتان مەدەن پێتان بڵێت ئەم ناوچەیە پێش ناکەوێت. بەڵکوو دەتوانێت و پێش دەکەوێت، پێشکەوتنیشی لەسەر دەستی کەسانی وەک ئێوە دەبێت.
ئێوە هاتنە ئێرە بۆ ئەوەی فێر بن، ئێستا کە ئێرە جێ دەهێڵن بە جیهانی پیشان دەدەن کە دەتوانن چی بکەن.