وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار داوای داتای فەرمانبەرانی گرێبەست دەکات بۆ ئەوەی زەوییان بەسەردا دابەش بکرێت. پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا چووەتە قۆناخێکی نوێوە و ئێستا ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەستدا دەکرێت. سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان: پڕۆسەی وردبینی لە ناوی فەرمانبەران بۆ دابەشکردنی زەوی لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە کۆتایی هاتووە و ئێستا دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەستدا دەکرێت." دەشڵێت "پڕکردنەوەی فۆڕمی زەوی بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست بە مەبەستی وەرگرتنی زەوی، بە هەمان میکانیزمی فەرمانبەرانی هەمیشەیی دەبێت و هەروەها هەمان مەرجی فەرمانبەرانی هەمیشەییش دەیانگرێتەوە، بە مەرجێک خزمەتیان لە هەشت ساڵ کەمتر نەبێت و لە وەرگرتنی زەوییشدا سوودمەند نەبووبن." بەگوێرەی دواین ئاماری پرۆسەی دابەشکردنی زەوی، تاوەکو ئێستا نزیکەی 130 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون و هەروەها پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکاندا خێرا کراوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی هەرێمی کوردستانی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دووپات کردەوە لە پێناو کۆنتڕۆڵکردنی چەک و هێشتنەوەی تەنها لە دەستی هێزە فەرمییەکاندا، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەرێم نایەوێت ببێتە لایەنێک لە هیچ ململانێیەکدا کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات. مەسرور بارزانی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند کە هیچ لایەنێک فشاری نەخستووەتە سەر حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی تێکەڵی شەڕەکە ببێت، و ڕوونیشیکردەوە کە کاری لەپێشینەی ئەوان بریتییە لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەی لە ململانێکان. هەروەها گوتیشی کە هەرێم ڕووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە، و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم هێرشانە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە کراون، یان لە ناوخۆی عێراقەوە لەلایەن هەندێک میلیشیاوە ئەنجام دراون. لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە، ئێران و ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراق کە سەر بە ئێرانن، چەندین ئامانجیان لە هەرێمی کوردستان پێکاوە. لە بەشێکی تری قسەکانیدا، مەسرور بارزانی هەبوونی هەر جۆرە پەیوەندییەکی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسرائیل ڕەتکردەوە، و جەختی لەوە کردەوە کە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوە لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵیدایە. هەروەها هەبوونی سەربازانی ئەمریکای لە بنکەی ئاسمانیی هەریر ڕەتکردەوە و گوتی، ماوەی ١٠ ساڵە هیچ هێزێکی ئەمریکی لەو بنکەیەدا نەبووە. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، مەسرور بارزانی گوتی کە پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا باشە و لە بەرەوپێشچووندایە، لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بە "زۆر باش" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە هاوکارییەکان لەگەڵیاندا ڕوو لە زیادبوونن.
یانەی زاخۆ بە فەرمی گواستنەوەی ئاکام هاشم، بەرگریکاری کوردی هەڵبژاردەی عێراقی راگەیاند و دەبێتە 15ـەمین یاریزانی نوێ کە لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە پەیوەندی بە سوورپۆشەکانی بادینان دەکات. رۆژی چوارشەممە، 5 ئابی 2026، یانەی زاخۆ بە فەرمی رایگەیاند ئاکام هاشم پەیوەندی بە یانەکەیان کردووە و بۆ وەرزی 2026 ـ 2027 بەرگری لە درێسی کوڕانی دەلال دەکات. ئاکام هاشم دوای ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداریی لە مۆندیالی 2026 کرد، دوای گەڕانەوەی لە مۆندیال لەگەڵ یانەکانی زەورا، هەولێر، زاخۆ و وەحدەی ئیماراتی لە گفتوگۆ دابوو، دواجار کوڕە کوردەکەی هەولێر بڕیاری دا ئەزموونێکی نوێ لەگەڵ زاخۆ تاقی بکاتەوە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کوردستان24 کەوتووە، ئاکام هاشم بەرامبەر ملیارێک و حەوت سەد ملیۆن دینار واژۆی لەسەر گرێبەستی یانەی زاخۆ کردووە. ئاكام هاشمی تەمەن 27 ساڵ، پێشتر لە خولی نایابی كوردستان لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەركەوت، دواتر بە چوونی بۆ یانەی هەولێر ئاستی گەیشتە لوتكە و بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كرا، هاوینی رابردووش لە یانەی شورتەوە بۆ زەورا گواسترایەوە و گرێبەستەكەشی لەگەڵ نەورەسەكانی بەغدا لەم هاوینە كۆتایی هات، ئاكام هاشم ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان نرخی گەیشتووەتە 700 هەزار یۆرۆ.
بەهۆی هەڵپەڕکێ و دیار بوونی قژی کچان، ڤیدیۆی ئاهەنگی دەرچوونی بەشی وەرزشی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکانی زانکۆکە سڕایەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ی ئابی 2026، بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "بەهۆی هەڵپەڕکێ و دیاربوونی قژی کچەکان، ڤیدیۆی ئاهەنگی دەرچوونی بەشی وەرزشی زانکۆی کوردستان لە سنە بە گوشاری هێزە ئەمنییەکان سڕایەوە." ئەو خوێندکارانە دەڵێن، لە ئاهەنگەکە هاوشێوەی بەشەکانی دیکەی زانکۆکەکە جل و بەرگیان پۆشیوە تەنیا بۆ ڤیدیوکە هەندێک جووڵەی وەرزشیان کردووە و بە بۆنەی دەرچوونیان خۆشیان دەربڕیوە. سڕینەوە ڤیدیۆکە لە سۆشیال میدیا کاردانەوەی بەرفراوانی خەڵکی بە دوای خۆیدا هێنا. بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵاتییەکان ڤیدیۆکەیان بە میوزیکی کوردی لە پەیج و ئەکاونتەکان بڵاوکردەوە و پیرۆزباییان لە خوێندکارەکان کرد.
بڕی 500 ملیۆن دۆلاری کاش لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە گەیشتە عێراق، کە تایبەتە بە پشکی فرۆشتنی نەوتی عێراق و بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی گەشتیاران و مووچە بەکاردەهێنرێت. سەرچاوەیەکی بەرپرس بە میدیا فەرمییەکانی عێراقی ڕاگەیاند، وەجبەیەکی نوێی پارە بە دۆلاری کاش لە ئەمریکاوە گەیشتووەتە عێراق. بانکی فیدراڵیی ئەمریکا ئەم بڕە پارەیەی کە 500 ملیۆن دۆلارە بۆ بانکی ناوەندیی عێراق ناردووە. ئەم بڕە پارەیە پشکی فرۆشتنی نەوتی عێراقە کە لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا هەڵدەگیرێت و بە شێوەی مانگانە دەگاتە دەستی عێراق. بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، ئەم پارەیە بە ڕەزامەندیی بانکی ناوەندیی عێراق، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی گەشتیاران و ئەنجامدانی حەواڵە دەرەکییەکان بەکاردەهێنرێت. لە بەرامبەر فرۆشتن و بەکارهێنانی ئەم بڕە دۆلارەدا، حکومەتی عێراق نزیکەی 700 ملیار دیناری دەست دەکەوێت. ئەم بڕە پارەیەش دەبێتە نەختینەیەکی باش بۆ یارمەتیدان لە دابینکردنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکوو ئێستا مووچەی ئەم مانگەیان وەرنەگرتووە.
بڕیارە ڕۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو لە سنووری پارێزگای هەولێر، کۆبۆنی 2ـەمی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری کارا بکرێت، ئەمەش بەمەبەستی ئەوەی خەڵک ناچار نەبن بەنزینی بازرگانی بکڕن، بەتایبەت خاوەن تەکسی و پاسەکان. ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی یەک هەفتە بەسەر دابەشکردنی بەنزینی حکومی بە کۆبۆن، ئێستا فشار لەسەر بەنزینخانەکان کەم بووەتەوە و بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو سەرەی ئۆتۆمبێل کەمترە. لەبەر ئەم هۆکارەش بڕیاریان داوە لە ڕۆژی شەممەوە کۆبۆنی دووەم بۆ هاووڵاتییان کارا بکەن. لە سنووری پارێزگای هەولێر 440 هەزار خێزان کۆبۆنی سووتەمەنییان هەیە، بەڵام لە ماوەی یەک هەفتەدا تەنیا 170 هەزار کەس بەنزینیان پێ وەرگرتووە، پێشبینیش دەکرێت ڕەنگە تەنیا 30 هەزار کەسی دیکە بچن بە کۆبۆن بەنزین وەربگرن؛ هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێکی خەڵک ئۆتۆمبێلی نییە، یان بەنزینی نۆرماڵ لە ئۆتۆمبێلەکەی ناکات، یانیش تاقەتی وەستانی سەرەی نییە. هاوکات ڕۆژانە یەک ملیۆن و 700 هەزار لیتر بەنزینی حکومی بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجەدا دابەش دەکرێت، و جگە لە هەولێریش لە چەند شارێکی دیکە دابەشکردنی بەنزین بووەتە کۆبۆن. بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر جارێکی دیکە هۆشدارییەکی تووند دەدات کە هەر کەسێک کۆبۆنی بەنزین بفرۆشێت یان بە کرێی بدات، دەستبەجێ کۆبۆنەکەی ڕادەگیرێت و لە وەرگرتنی بەنزین و هەر جۆرە سووتەمەنییەکی دیکە بێبەش دەکرێت
سەرچاوەیەک لە کەرکووک رایگەیاند، لە تۆبزاوەی کەرکووک زەوی جووتیارانی کورد دەگیردەکرێت و لە ناو شاریش خانووەکانیان دەڕوخێنن، ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی ئەو کەسانەی موڵکەکانیان دەستی بەسەردادەگیرێت و ماڵەکانیان دەڕوخێندرێت کوردن. پێنجشەممە 6ـی ئابی 2026، سەر️چاوەیەک لە کەرکووک رایگەیاند، هێزێکی سوپای عێراق هەڵیانکوتاوەتە سەر زەوی ئەو جووتیارە کوردانەی لەو سنوورە زەوییان هەیە و دەستیان بەسەر بەشێک لە زەوییەکاندا گرتووە، ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکە سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراقە و بە بیانوی خاوەندارێتی زەوییەکان لە لایەن وەزارەتەوە هەڕەشە لە جووتیارانی کورد دەکەن و بە بەکارهێنانی هێز زەوییەکانیان پێ چۆڵ دەکەن، هاوکات بەشێک لەو زەوییانە دەکەن بە سەربازگە و بەشێکی دیکەی بە ناو پرۆژەی وەبەرهێنانەوە دەکرێت بە یەکەی نیشتەجێبوون و دەدرێت بەو عەرەبانە کە هاوردەی ناوچەکە کراون. جەختی لەوەشکردەوە، ئەو زەوییانە لە بنەڕەتدا موڵکی کوردەکانی ناوچەکەن و خاوەنی زەوییەکان تاپۆیان هەیە کە سەرجەم پارچە زەوییەکان بە ناوی ئەوان تۆمارکراوە، هاوکات گوتیشی، لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، چەند جارێکی دیکە عەرەبی هاوردە بە هاوکاری سوپای عێراق، دەستییان بەسەر زەوییەکانی ئەو ناوچەیەدا گرتووە، بە تایبەت سوپا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 دۆنم زەوی جووتیارانی کوردیان داگیرکردووە. هاووڵاتییەک قسەی کردووە و دەڵێت،"کاتێک هاتینە سەر زەوییەکانمان بینیمان 4 ئۆتۆمبێلی سەربازی و 4 شۆفڵ خەریکی هەڵکەندی زەوییەکان بوون، و دەیانوسیت بیکەن بە سەربازگە، پێمان گوتن بۆچی ئەو کارە دەکەن؟ لە وەڵامدا ئەفسەرێکی سەربازی گوتی،"ئەمە فەرمانی وەرارەتی بەرگرییە، ئەو زوییانە موڵکی وەزارەتە و دەیکەین بە سەربازگە، جووتیارانی ناوچەکە دەڵێن،"ئەو زەوییانە بە بڕیاری ژمارە 3ـی ساڵی 2025، مافی خاوەندارێتی دراوەتەوە بە خەڵکی ناوچەکە، هاوکات بە گوێرەی ماددەی 140، دەبێت کوردەکانی ناوچەکە خاوەندارێتی ئەو زەوییانە بکەن، بەڵام سوپای عێراق جارێکی دیکە زیاتر لە 300 دۆنم زەوی جووتییارانی ناوچەکەی داگیر کردووە، بەمەش لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە عەرەبی هاوردە و سوپای عێراق زیاتر لە 800 دۆنم زەوی کوردەکانی ئەو ناچەیەیان داگیرکردووە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نەرویجە، لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، لە مانگی تەممووزی 2026دا، لانیکەم 71 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون. بەپێی راپۆرتی ئەم رێکخراوە، کە پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، بڵاوکراوەتەوە، لەم مانگەدا 36 کەس بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست، 26 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، هەشت کەس بە تۆمەتی ئەمنی و یەک کەسیش بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی لەسێدارەدراون، هەروەها شەش کەس لەوانەی لەم مانگەدا لەسێدارەدراون لە خۆپیشاندەران بوون. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا، لەسێدارەدانی لانیکەم 444 کەس لە ئێران تۆمارکراوە، کە لەنێوانیاندا 12 ژن، 17 هاووڵاتیی بیانی و 80 کەس لە کەمینە نەتەوەییەکان هەن. رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت، لەسێدارەدانەکانی ساڵی 2026 بە هەمانشێوە 28 خۆپیشاندەر (26 کەس لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی کانوونی دووەمی پار و دوو کەس لە خۆپیشاندەرانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی")، 13 زیندانیی سیاسیی سەر بە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە قەدەخەکراوەکان و 12 تۆمەتباری سیخوڕی لەخۆدەگرێت. بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکە، ئێستا سەدان خۆپیشاندەر، لەوانەش تەنیا لە ئیسفەهان زیاتر لە 70 کەس، مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە. رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هاوکات هۆشداریدەدات لە زیادبوونی لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی. مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری رێکخراوەکە دەڵێت، "ئێمە بەقووڵی نیگەرانین لەوەی کە بەردەوامیی پێکدادانی سەربازیی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ببێتە بیانوویەک بۆ چڕکردنەوەی لەسێدارەدانەکان بەناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییەوە. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گوشاری بەهێزتر و هاوئاهەنگتر، کاردانەوە بەرامبەر بە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە نیشانبدات." رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، زانیارییان لەسەر زیاتر لە 400 حاڵەتی دیکەی لەسێدارەدان پێگەیشتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا راستی و دروستییان پشتڕاستنەکراوەتەوە، لەم ئامارەدا هەژمارنەکراون. لەدوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی 2026 کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە، حکومەتی ئێران دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لە وڵاتەکەدا زیادکردووە. بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئێران لە ساڵی 2025دا دوو هەزار و 159 کەسی لەسێدارەداوە، ئەوەش بەراورد بە ساڵی پێش خۆی زیاتر لە دوو هێندە زیادیکردووە. لەلایەکی دیکەوە، ڤۆلکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە 19ـی ئادارەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 56 کەس لە ئێران بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ئاسایشی نیشتمانی" لەسێدارەدراون، کە 27ـیان پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەکانی سەرەتای ئەمساڵەوە هەبووە. ناوەند و چالاکڤانانی مافی مرۆڤ چەندینجار نیگەرانیی خۆیان لە تووندبوونی شەپۆلی لەسێدارەدانەکان و بوونی ناڕوونیی زۆر لە پڕۆسەی دادگاییکردنی تۆمەتباران و دەرکردنی سزای قورس دەربڕیوە.
هونەرمەندی ناوداری کورد، موزەفەر شافیعی، دوای 65 ساڵ لە هونەر و نواندن، لە تەمەنی 70 ساڵیدا و دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی، بۆ دواجار ماڵئاوایی کرد. شافیعی کە ژیانی لێوانلێو بوو لە داهێنان، توانی ناوی کورد بگەیێنێتە گەورەترین شانۆ و شاشەکانی جیهان. سەرەتای خولیا و کۆچی دوور موزەفەر شافیعی لە 26ی نیسانی 1956 لە ناو بنەماڵەی شافیعی و قادری لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بوو. خولیای ئەو بۆ نواندن کاتێک دەستیپێکرد کە تەنیا تەمەنی 5 ساڵ بوو و لە سینەمایەکی مەهاباد دا بڕیاری دا ببێتە ئەکتەر. دوای لەدەستدانی باوکی لە تەمەنی 15 ساڵیدا، بۆ درێژەدان بە خوێندن چوو بۆ تاران و دواتر لە ساڵی 1973، لە کاتێکدا تەنیا 17 ساڵ بوو، چووە لەندەن. لە ساڵی 1982دا بڕوانامەی لە کۆلێژی هونەری (دارتنگتۆن) بەدەستهێنا. ئەو بووە یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە کولتوورییەکانی رەوەندی کوردی لە بەریتانیا و لە ساڵی 1986دا بەشدار بوو لە دامەزراندنی مەڵبەندی رۆشنبیریی کورد لە لەندەن. لووتکەی سەرکەوتنە نێودەوڵەتییەکان ساڵی 1990 وەچەرخانێکی مێژوویی بوو بۆ شافیعی، کاتێک بووە یەکەم ئەکتەری کورد کە لە شانۆی نیشتمانیی شاهانەی بەریتانیا نمایش بکات؛ دەستکەوتێک کە لە کتێبی مێژووی کورد لە زانکۆی (کامبریج)دا تۆمار کراوە. شافیعی پێی وابوو هەر سەرکەوتنێک دەبێت دەرگا بۆ نەوەی نوێ بکاتەوە و گوتی: "من زۆر دڵخۆش دەبم ئەگەر کوردێکی دیکە ئەم پڕۆسەیە تەواو بکات." دەنگ و شێوەی شافیعی بۆ ملیۆنان کەس لە جیهاندا ئاشنا بوو. ئەو بۆ ماوەی سێ دەیە لە بەشی فارسیی BBC کاری کرد و دەنگی ئەو وەک "جێرەمی کڵارکسن" لە بەرنامەی (Top Gear) نەوەیەکی پێ پەروەردە بوو. هەروەها لە زنجیرەی ناوداری (House of Saddam)ی کەناڵی HBO و فیلمی (Triage) شانبەشانی ئەکتەری جیهانی (کۆلین فارێڵ) رۆڵی بینیوە. چوار ساڵ لە ژاپۆن و دامەزراندنی شانۆی (ئینترێیگ) هونەرمەند موزەفەر شافیعی لە ساڵی 1997دا لەسەر داوای رادیۆی جیهانیی NHK رووی لە تۆکیۆ کرد. لەوێ نەک هەر 4 ساڵ کاری کرد، بەڵکو شانۆی (ئینترێیگ)ی دامەزراند و سەرنجی میدیای ژاپۆنی بۆ خۆی راکێشا. ئەو بڕوایەکی قووڵی بەوە هەبوو کە دەبێت کولتووری کوردی لەگەڵ کولتوورە جیهانییەکانی وەک (کابووکی) و (نۆ)دا ئاوێتە بکرێت. ژیانی تایبەتی و خەونی بۆ هەولێر لە لەندەن، شافیعی ژیانی هاوژینی لەگەڵ بەیان سامی عەبدولڕەحمان پێکهێنا. ئەم هاوسەرگیرییە لەسەر بنەمای پشتیوانیی دوولایەنە بوو؛ کاتێک بەیان سامی عەبدولڕەحمان وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و دواتر لە ئەمریکا دەستنیشان کرا، شافیعی پشتیوانێکی گەورەی بوو. لە ساڵی 2012دا کوڕەکەیان (رامیار) لەدایک بوو. لە ساڵی 2023دا، موزەفەر شافیعی گەڕایەوە بۆ هەولێر بەو ئاواتەی شانۆیەکی نیشتمانیی شایستە بۆ کوردستان دروست بکات. ئەو هەمیشە وەک چیرۆکخوانێکی بەتوانا و مرۆڤێکی گەرموگوڕ لە یادەوەریی هاوڕێکانیدا دەمێنێتەوە. ململانێ لەگەڵ شێرپەنجە و ساتەکانی کۆتایی لە کانوونی یەکەمی 2025دا، شافیعی تووشی شێرپەنجەی پەنکریاس بوو، بەڵام بە ورەیەکی بەرزەوە رووبەڕووی نەخۆشییەکە بووەوە. ئەو هەمیشە باسی پلانی داهاتووی دەکرد و نەیدەویست چیدیکە باس لە ئازارەکانی بکات. کاتێک لە تەممووزی 2026دا نەخۆشییەکەی گەڕایەوە، باری تەندروستیی بە خێرایی تێکچوو و دواجار لە 4ی ئابی 2026دا، لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا ماڵئاوایی یەکجاریی کرد. بنەماڵەی موزەفەر شافیعی، سوپاسێکی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و نووسینگەکەی دەکەن بۆ پاڵپشتییەکانیان لە کاتی نەخۆشییەکەیدا. هەروەها سوپاسی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەموو دۆستەکانیان لە سەرتاسەری جیهان دەکەن کە لەم کاتە سەختەدا هاوسۆزییان دەربڕیوە. هەروەها سوپاسی کۆنسووڵخانەی گشتیی تورکیا لە هەولێر و نەخۆشخانەکانی ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە دەکەن بۆ هاوکارییەکانیان.
نرخی بەنزینی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و لیترێک سوپەر لە هەولێر 2300 دیناری تێپەڕاند، هۆکارەکانیش بۆ کەمیی ماددە کیمیاییەکان، ئاڵۆزییەکانی ئێران و زیادبوونی خواستی ناوخۆیی دەگەڕێنرێنەوە. ئەمڕۆ نرخی جۆرە جیاوازەکانی بەنزینی بازرگانی زیاتر بەرزبووەتەوە. ئەم ئێوارەیە لە هەولێر نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ گەیشتە 1500 دینار، موحەسەن 2000 دینار و سوپەریش لە هەندێک بەنزینخانە 2300 دیناری تێپەڕاند. لە دهۆک نرخەکان بەمجۆرەن: لیترێک بەنزینی نۆرماڵ 1350 دینار، موحەسەن 1900 دینار و سوپەر 2100 دینار. لە سلێمانیش نۆرماڵ بە 1250 دینار، موحەسەن 1750 دینار و سوپەریش بە 1950 دینارە. هۆگر عەلی بازرگانی سووتەمەنی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لیترێک بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە بۆرسەی هەولێر بە 1350 دینار دراوە بە بەنزینخانەکان، ئینجا بە ڕێژەیەکی کەم دەست دەکەوێت، ئەمەش وایکردووە بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە هەموو بەنزینخانەکان دەست نەکەوێت. دیدار زوبێر بازرگانی سووتەمەنیش باسی لەوەکرد: پێشتر ڕۆژانە سەدان تۆن لە ماددە کیمیاییەکانی بەنزین لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرا، بەڵام ئێستا بەهۆی بۆردوومانکردنی پاڵاوگە پترۆکیمیاییەکانی ئێران، ئەو ماددانە کەم بوونەتەوە و ڕۆژانە تەنیا چەند ترێلەیەک دێن و بەشی هیچ ناکات. خاڵی سەرەکیی گرانبوونی بەنزینی نۆرماڵ ئەوەیە کە خواست لەسەری زیاد دەکات و بەرهەمهێنانیش سنووردارە، بەتایبەت کە بەنزینی نۆرماڵی 750 دیناری زیاتر لە هەفتەیەکە بە کارتی ئەلیکترۆنی دابەش دەکرێت و هێشتا وەجبەی 2 کارا نەکراوە. سەبارەت بە موحەسەن و سوپەریش، هۆکارەکە کەمبوونەوەی ئەو ماددانەیە کە پێی دروست دەکرێن. بۆ نموونە تۆنێک ماددەی ئێم تی بی (MTBE) گەیشتووەتە 5000 دۆلار (50 وەرەقە) و بە زەحمەت دەست دەکەوێت، لە کاتێکدا پێشتر بە 15 وەرەقە بوو. جیا لەمەش 23 ماددەی دیکە هەن بۆ دروستکردنی ئەم جۆرانە کە هەموویان لە بازاڕدا پێنج بۆ شەش هێندە گران بوون. یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی قەیرانەکە ئەوەیە کە ئێران ئەو ماددە کیمیاییانە بە ڕێژەیەکی زۆر دەفرۆشێتە تورکیا چونکە پارەی زیاتریان پێ دەدەن، هەر بۆیەش لە ئێران زۆر بە کەمی دەست بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەکەوێت بۆ ئەوەی هاوردەی بکەن، ئەمەش وایکردووە تێچووی بەرهەمهێنان و نرخی کۆتایی بۆ هاووڵاتییان چەند هێندە بەرز ببێتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری تاکلایەنەی هەردوو کۆمپانیای دانا غاز و کرێسنت پترۆلیۆم بۆ ناردنی غازی کۆرمۆر بۆ بەغدا ڕەتدەکاتەوە و بە پێشێلکردنی گرێبەستەکانی ناو دەبات، هاوکات ئامادەکاری بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دەکات. لە 4ـی ئابی 2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەردوو کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم و دانا غاز، کە کارپێکەری هاوبەشی کێڵگەی کۆرمۆرن، ئاگادار کرایەوە کە دەستیان کردووە بە دابینکردنی غازی سرووشتی بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق. حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت کە ئەم ئاگادارکردنەوەیەی تەنیا لە کاتی ڕاگەیاندنی فەرمیی کۆمپانیاکاندا پێگەیشتووە و ئەم بڕیارە بەبێ ڕەزامەندیی ئەوان دراوە. هەر لەڕاگەیێنراوەکەدا باسیش لەوەکراوە؛ نە ڕەزامەندیمان دەربڕیوە و نە ڕێگەمان بەم هەنگاوە داوە، هەر ئاماژەیەک بەوەی کە پشتیوانیمان لە بڕیارە تاکلایەنانەکەی کارپێکەرەکان کردبێت، ناڕاست و چەواشەکارانەیە.
سەرچاوەیەک: هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی تەممووز دەنێردرێت، موچەی مانگی 7ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مانگی پێشوو بە لێدەرکردن دەنێردرێت، پێویست ناکات هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی رەوانەی بەغدا بکات. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەکارییەکانی تەواوکردووە بۆ ئەوەی ئەو پارەیەی لە بەغداوە رەوانە دەکرێت بە پێی خشتەی دیاریکراوی وەزارەتی دارایی دابەشبکرێت" ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت: پێشبینی دەکەن بەغدا، هەر وەکوو مانگی پێشوو بە لێدەرکردنی 120ملیار دینار، بەشێوەیە مەقاسە، موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات. گوتیشی عێراق خۆی کێشەی سویلەی هەیە و موچەی فەرمانبەرانی عێراق دواکەوتووە، بۆیە چاوەروان دەکەن سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بەدابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق بکرێت و هەر لەو هەفتەیەشدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات.