Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13709 بابەت
هەواڵ
11-08-2026

ڕێبەر ئەحمەد: هیچ گرفتێک لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەسیکودادا نەماوە

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە هەولێر و بەغدا لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکودا ڕێککەوتوون و هیچ گرفتێک لەبەردەم ئەو پرۆسەیەدا نەماوە. ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە هەولێر و بەغدا لەسەر دابەشکردنی داهاتی دەروازە سنوورییەکان ڕێککەوتوون. هەروەها هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ، لەسەر وردەکارییە هونەرییەکانی پەیڕەوکردنی سیستەمی ئەسیکودا بۆ ڕێکخستنی کاروباری دەروازە سنوورییەکان تاوەکوو ڕادەیەکی زۆر گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و هیچ گرفتێک لەبەردەم جێبەجێکردنیدا نەماوە. بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکودا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەو لەمپەر و گرفتانە چارەسەر دەبن و داهاتیش زیاد دەکات. لەم ڕێگەیەوە هەردوو گرفتەکەی بازرگانانی کوردستان چارەسەر دەبێت؛ هەم دۆلاریان بە نرخی بانکی ناوەندی پێ دەدرێت، هەم دەتوانن کاڵاکانیان بەبێ گرفت بنێرن بۆ شارەکانی دیکەی عێراق. ئەمەش وا دەکات ڕێڕەوی بازرگانییەکانیان دووبارە بۆ دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگۆڕنەوە، کە بەمەش داهاتی نانەوتی بەرز دەبێتەوە و کێشەی 120 ملیارەکەش چارەسەر دەبێت.  لە لایەکی دیکەوە، بەغدا چەند بازگەیەکی نایاسایی لە دیوی خۆی داناوە، کە ئەمەش ئاستەنگی بۆ جموجۆڵی بازرگانی دروست کردووە و بووەتە هۆی گرفت بۆ بازرگانان تاوەکو نەتوانن بە ئاسانی کاڵاکان هەناردەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بکەن. لەم بارەیەوە وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد کە بوونی ئەو بازگانە نایاساییە و لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکودادا نامێنن.

هەواڵ
11-08-2026

ڕۆژی جیهانیی گەنجان لە هەولێر بەڕێوە دەچێت

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی گەنجانەوە، سبەی چوارشەممە ناوەندی گەنجان لە هەولێر کەرنەڤاڵێکی تایبەت و بێبەرامبەر بە چەندین چالاکیی جۆراوجۆرەوە بەڕێوە دەبات.  بڕیارە سبەی چوارشەممە، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی گەنجانەوە، ناوەندی گەنجان لە شاری هەولێر کەرنەڤاڵێکی تایبەت بەو ڕۆژە ڕێک بخات. کەرنەڤاڵەکە بۆ ماوەی یەک ڕۆژە و لە کاتژمێر 9:00ـی بەیانی تاوەکوو 10:00ـی شەو بەردەوام دەبێت، کە تێیدا بێ جیاوازی و بێبەرامبەر گەنجان دەتوانن بەشداریی تێدا بکەن. ڕەوەند حوسێن، بەڕێوەبەری سەنتەری گەنجان  ڕایگەیاند، هەشت چالاکیی گەورەی هونەری، کولتووری، زانستی و چەندین بواری دیکە بە بەشداریی هونەرمەندان و چین و توێژە جیاوازەکان بەڕێوە دەچن. ئاماژەی بەوەش دا کە ئامانج لە کەرنەڤاڵەکە خزمەتکردنی گەنجان، بەهێزکردنی بیرۆکەکان و پەرەپێدانی تواناکانیانە. چالاکییەکانیش بریتین لە گفتوگۆی گەنجان، وۆرکشۆپ، پۆدکاستی ڕاستەوخۆ، پێشانگای هونەری، چالاکییەکانی پەیوەست بە کتێب و نووسەران، ڕاهێنانی زیرەکیی دەستکرد و تەکنەلۆژیا لەگەڵ ئەزموونی داهێنەرانە. سەنتەری گەنجان لە 10 بەشی جیاواز پێکهاتووە و لە ماوەیەکی کەمدا خزمەتێکی گەورەی بە گەنجان کردووە. لە ماوەی تەنیا دوو مانگی تەمەنی دامەزراندنیدا، پێشوازیی لە 260 هەزار سەردانیکەر کردووە و ژمارەی ئەندامە هەمیشەیییەکانی گەیشتووەتە زیاتر لە 1800 کەس، کە لەو ماوەیەدا زیاتر لە 120 پڕۆگرام و چالاکیی جیاوازی تێدا ئەنجام دراون.

گشتی
11-08-2026

مۆرینیۆ سێ ئەستێرە لە ریال مەدرید دەردەکات

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی بڕیاری داوە پێش داخستنی دەرگای گواستنەوەی یاریزانان لیستەکەی کەم بکاتەوە، راهێنەرە پۆرتوگالییەکە سێ یاریزانی دیاریکردووە بۆ ئەوەی یانەکە جێبهێڵن، چونکە دەیەوێت تەنیا کار لەگەڵ 20 یاریزان بکات. جۆزێ مۆرینیۆ خاوەنی لیستێکی 26 یاریزانییە، ئەمەش لە کاتێکدایە راهێنەرە پۆرتوگالییەکە دەیەوێت تەنیا پشت بە 20 یاریزان ببەستێت، لەگەڵ سێ یاریزانی دیکە کە پێکانی درێژخایەنیان هەیە، ئەوانیش ئیتان میلیتاو، رۆدریگۆ و فێرلان مێندین، بەمەش مۆرینیۆ سێ یاریزانی لە لیستەکەیدا زیادەیە. راهێنەرەکە دوای یارییەکەی بوداپێست هەڵوێستی خۆی روونکردەوە و گوتی "من تیپێکی بچووکم دەوێت، پێکهاتبێت لە 20 یاریزان و یاریزانە پێکانەکان". دوای ئەوەی تیاگۆ پیتارچ بۆ تیپی یەکەم سەرخرا، ژمارەی یاریزانانی ریال مەدرید گەیشتە 26 یاریزان. ریال مەدرید بڕی 225 ملیۆن یۆرۆی لە گواستنەوەی شەش یاریزان خەرجکردووە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی راهێنەرەکە، یاریزانەکانیش بریتین لە دیۆماندێ، کوکۆریا، دومفریس، کۆناتی، بێرناردۆ سێلڤا و کارلۆس ئێسپای. بڕیاربوو رۆدری گرێبەستە گەورەکە بێت، بەڵام یاریزانەکەی مانچێستەر سیتی لە کاتێکی هەستیاردا یانەکەی جێهێشت و هیچ پلانێک نییە بۆ گواستنەوەی یاریزانێکی دیکە لە هێڵی ناوەڕاست. گواستنەوەی بەرگریکارێکی چەقی نوێ بەندە بە رۆیشتنی راول ئاسێنسیۆ، ئەگەر یانەکە دەستەوارەیەکی باشی بۆ بێت و یاریزانەکەش رازیبێت، هەرچەندە ئەو یاریزانە بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە دەیەوێت بمێنێتەوە. سێ یاریزان لە دەرەوەی پلانەکانی مۆرینیۆن، بەڵام ئەو دەیەوێت پشت بەو یاریزانانە ببەستێت کە دەتوانن لە چەند شوێنێکی جیاواز یاری بکەن، وەک ئاردا گولەر و بێرناردۆ سێلڤا، هەردووکیان دەتوانن لە هێڵی هێرشبەری و ناوەڕاستیش یاریی بکەن. ئەمە بۆ جود بێلینگهامیش راستە، راهێنەر پێی وایە هێشتنەوەی ئەو یاریزانانەی خولەکی کەم یاری دەکەن و هەلی یاریکردنیان نییە، دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی لە ژووری جلگۆڕین، ئەوەش شتێکە مۆرینیۆ دەیەوێت لێی دوور بکەوێتەوە. ئێدواردۆ کاماڤینگا یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی ریال مەدرید دەیەوێت بیفرۆشێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ دەستەوارەیەکی فەرمی بۆ نەهاتووە، یاریزانەکە ئارەزووی مانەوە دەکات، بەڵام رەنگە ئەگەر یانەیەکی گەورە داوای بکات بیروڕای بگۆڕێت. ئەگەر دەستەوارەیەکی گونجاو بگات، ریال مەدرید رێگری لە رۆیشتنی کاماڤینگا ناکات، سەرەڕای ئەوەی مۆرینیۆ سەرسام بوو بە ئاستی یاریزانەکە لە کاتی ئامادەکارییەکانی پێش وەرز. سەبارەت بە ئێندریک، یانەکە بیرۆکەی پێدانی بە خواستنی رەتکردەوە لەسەر داوای مۆرینیۆ، ئێستا سەرنجەکان لەسەر فێرلان مێندییە، بەتایبەت لەبەر ئەوەی ریال مەدرید سێ بژاردەی لە باڵی چەپی بەرگریدا هەیە. ریال مەدرید دەیەوێت کێشەی مێندی چارەسەر بکات، بەڵام یاریزانەکە هیچ نییەتێکی بۆ رۆیشتن نییە، هەروەها یانەکە چاوەڕێی دەستەوارەیە بۆ راول ئاسێنسیۆ، کە ئەویش متمانەی بە خۆی هەیە مۆرینیۆ قایل بکات، بەڵام تووشی پێکان بووە لە رانی و بۆ ماوەی شەش هەفتە لە مەشقەکان دادەبڕێت، ئەمەش وا دەکات هاتنی دەستەوارە بۆی قورستر بێت. پلانەکەی مۆرینیۆ بریتییە لە هەبوونی دوو یاریزان بۆ هەر شوێنێک، بەڵام هێشتا قەرەباڵخی لە هەندێک پێگەدا ماوە، بەتایبەت لە چەقی بەرگری تاوەکو میلیتاو دەگەڕێتەوە، هەروەها لە باڵی چەپ کە مێندی وەک یاریزانێکی سەرەکی ئەژمار ناکرێت. ریال مەدرید هەوڵدەدات پێش داخستنی بازاڕی گواستنەوەکان، چارەنووسی ئەو یاریزانە زیادانە یەکلایی بکاتەوە بۆ ئەوەی لیستەکەی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە رێکبخرێتەوە.

گشتی
11-08-2026

تۆرێس جانتاکەی بۆ پاریس پێچایەوە

بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان لە گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بۆ گواستنەوەی فێران تۆرێس نزیکبوونەتەوە، گفتوگۆکانی چەند کاتژمێری رابردوو بە خێرایی بەرەوپێشچوون و چاوەڕێ دەکرێت لە کاتێکی نزیکدا راگەیێندراوی فەرمی بڵاوبکرێتەوە. بارسێلۆنا رۆژی دووشەممە دەستەوارەی یەکەمی پاریس سانجێرمانی رەتکردەوە. ئەو دەستەوارەیە بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ بوو وەک پارەی جێگیر لەگەڵ هەندێک گۆڕانکاریی دارایی. هەردوو یانە لە گفتوگۆکانیان بەردەوام بوون و جیاوازییەکانیان زۆر کەم کردووەتەوە. یانە کەتەلۆنییەکە سوورە لەسەر ئەوەی بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ وەک پارەی جێگیر وەربگرێت، لەگەڵ بڕێکی دیکە وەک گۆڕانکاریی دارایی کە لەسەر چەند مەرجێک رێککەوتنی لەسەر دەکرێت. گفتوگۆکان بەشێوەیەک خێرا بوون، لایەنە پەیوەندیدارەکان پێیان وایە کارەکە تەواو بووە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا بە فەرمی رانەگەیێندراوە. فێران تۆرێس ئێستا لە پاریس سانجێرمان زۆر نزیکە و تەنیا چەند کاژێرێک ماوە بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵە فەرمییەکە. لە رووی یاساییەوە تاوەکو ئێستا هیچ شتێک واژۆ نەکراوە، تەنیا هەندێک وردەکاری بچووک ماون و پێناچێت ببنە رێگر لەبەردەم رێککەوتنەکە. تۆرێس، تەنیا یەک وەرزی دیکە لە گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا مابوو، بەڵام ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەکەی لویس ئێنریکێ گەیشتووەتە رێککەوتنی تایبەت. لویس کامپۆس و دیکۆ، بەڕێوبەرانی وەرزشیی هەردوو یانە چەند رۆژێکە سەرقاڵی یەکلاییکردنەوەی بەهای گرێبەستەکەن. هەفتەی رابردوو فێران تۆرێس بە یانەی بارسێلۆنای گوتووە دەیەوێت دەستەوارەکەی پاریس سانجێرمان قبووڵ بکات. یانە کەتەلۆنییەکەش رەزامەندیی دەربڕی، بەو مەرجەی نرخەکەی 50 ملیۆن یۆرۆی جێگیر بێت لەگەڵ بڕێکی دیکە وەک گۆڕانکاری. بارسێلۆنا دەیەوێت لە رێگەی فرۆشتنی چەند یاریزانێکەوە بارودۆخی دارایی خۆی باشتر بکات بۆ ئەوەی بتوانێت ناوی یاریزانە نوێیەکانی لە لالیگا تۆمار بکات.

گشتی
11-08-2026

مژدەیەکی خۆش بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا

فابریزیۆ رۆمانۆی رۆژنامەنووسی ئیتاڵی، هەواڵێکی خۆشی لەبارەی رۆدری، کاپتنی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئەستێرەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بە هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا بەخشی. یاریزانە نێودەوڵەتییە ئیسپانییەکە کە تەمەنی 30 ساڵە، بە شێوەیەکی فەرمی کارگێڕیی مانچێستەر سیتی لە ئارەزووی خۆی بۆ پەیوەندیکردن بە بارسێلۆنا لەم هاوینەدا ئاگادارکردووەتەوە؛ ئەمەش بژاردەکانی بەردەم یانەکەی کەمکردووەتەوە و باڵادەستییەکی روونی بەخشیوەتە یانە کەتەلۆنییەکە لە دانوستاندنەکاندا. دەستەوارەی یەکەمی دەستەی کارگێڕیی بلۆگرانا بڕی 45 ملیۆن یۆرۆ وەک بڕی جێگیر، لەگەڵ 15 ملیۆن یۆرۆی دیکە وەک پاداشتی پەیوەست بە ئاستی یاریزانەکە لەخۆگرتبوو. سەرەڕای رەتکردنەوەی پێشنیازە 50 ملیۆنییەکە لەلایەن کارگێڕیی سیتییەوە، بەڵام دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان هەردوو یانە نەک نەوەستاون، بەڵکو گەرمتر بوون. بەرزکردنەوەی بەهای دەستەوارەی دووەم فابریزیۆ رۆمانۆ ئاشکرای کرد کە بارسێلۆنا خۆی ئامادە دەکات بۆ پێشکەشکردنی دەستەوارەییەکی باشترکراو بە مانچێستەر سیتی بۆ گواستنەوەی رۆدری ناوەڕاستکار، ئەوەش دوای ئەوەی یاریزانەکە هەڵوێستی کۆتایی خۆی لەسەر داهاتووی راگەیاند. رۆمانۆ لە پەخشی راستەوخۆیدا لە رێگەی یوتیوبەوە گوتی " بارسێلۆنا دوای رەتکردنەوەی دەستەوارە فەرمییەکەی یەکەمی لەلایەن مانچێستەر سیتییەوە، ئامادەیە لەسەر پێشکەشکردنی گرێبەستێکی نوێ". روونیشی کردەوە،" بارسێلۆنا دەستەوارەکەی بۆ 60 ملیۆن یۆرۆ بەرز دەکاتەوە، کە ئەگەری زۆرە کارگێڕیی سیتی رەزامەندی لەسەر بدات". هەروەها گوتی"مانچێستەر سیتی خۆی لە هەڵوێستێکی سەختی دانوستاندندا دەبینێتەوە، چونکە رۆدری بە شێوەیەکی فەرمی پێی ناوەتە 12 مانگی کۆتایی گرێبەستەکەی، ئەمەش واتە پێویستە لە ماوەی بازاڕی گواستنەوەی هاوینە بیفرۆشێت، ئەگەرنا هاوینی داهاتوو بەخۆڕایی لەدەستی دەدات. متمانەیەکی بەرز لە کامپ نو لە پشتی پەردەوە، دەستەی کارگێڕیی بارسێلۆنا هیچ گومانێکیان لە ئەنجامی کۆتایی ئەم گواستنەوەیە نییە، بەرپرسە باڵاکانی یانەکە پێیان وایە یەکلاییکردنەوەی گرێبەستەکە تەنیا لەسەر کات وەستاوە. بەشی وەرزشی یانەکە بە سەرکردایەتی دیکۆ، ئێستا کار لەسەر دیاریکردنی بڕی کۆتایی گرێبەستەکە دەکات تاوەکو بگەڕێن بەدوای چارەسەرێکی ناوەنددا کە رەزامەندی داواکارییەکانی مانچێستەر سیتی بەدەستبهێنێت. متمانەی گەورەی یانەکە لە هەڵوێستی سوور و بڕیاردەری رۆدرییەوە سەرچاوە دەگرێت، لە بەرامبەردا کارگێڕیی یانەکە رەزامەندی دەدات لەسەر رۆشتنی فێران تورێس بۆ پاریس سانجێرمان.

گشتی
11-08-2026

ترەمپ لەسەر لادانی ئینفانتینۆ لە سەرۆکایەتیی فیفا هاتەدەنگ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتگیریی خۆی بۆ جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) راگەیاند و دووپاتی دەکاتەوە لادانی ئەو لە پۆستەکەی هەڵەیەکی گەورە دەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی چەند یەکێتییەکی گەورەی تۆپی پێ داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئینفانتینۆ دەکەن. میدیای ئەمریکا بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵەوە وەڵامی ئەو گوشارانەی دایەوە رووبەڕووی جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) بووەتەوە. ئەم هەڵوێستەی ترەمپ دوای ئەوە دێت یوفا، کۆنکاکاف و یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا لە نامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند متمانەیان بە ئینفانتینۆ نەماوە و نایانەوێت لە پۆستەکەی بەردەوام بێت. سەرۆکی فیفا لە 28ـی مانگی 7ـی رابردوو کەوتووەتە ناو قەیرانێکی گەورە، دوای ئەوەی پڕۆژەیەکی نوێی ئاشکرا کرد بە ناوی (FFE)، کە تێیدا رێگە بە وەبەرهێنەرە تایبەتەکان دەدرێت پشک لە کارە بازرگانییەکانی فیفا و مۆندیالەکاندا بکڕن، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لە ئەورووپا و ئاسیا دروستکردووە. دۆناڵد ترەمپ کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئینفانتینۆ هەیە، نووسیویەتی "فیفا هەڵەیەکی ترسناک دەکات ئەگەر بیر لە گۆڕینی جیانی ئینفانتینۆ بکاتەوە". ترەمپ دەڵێت ئینفانتینۆ کەسێکی نایابە و سەرکەوتووترین مۆندیالی لە مێژوودا بەڕێوەبردووە، ئەگەر ئەو بڕوات فیفا هەرگیز ئەو سەرکەوتن و قازانجە داراییەی دەستناکەوێتەوە. کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی ئەمریکی کە برای زاواکەی ترەمپ خاوەنیەتی، یەکێک بووە لەو لایەنانەی فیفا ویستوویەتی بە بڕی 4.2 ملیار دۆلار پشکێکی نوێی لە چالاکییە بازرگانییەکانی پێ بفرۆشێت. مۆندیالی 2026 کە بە هاوبەشی لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەچوو، پەیوەندییەکانی نێوان ترەمپ و ئینفانتینۆ پەرەپێدا، بە شێوەیەک ترەمپ خەڵاتی "ئاشتیی فیفا"ـی لەلایەن ئینفانتینۆوە پێدرا. ئەم پشتگیرییەی ترەمپ لە کاتێکدایە، ئەنجوومەنی فیفا پێشتر رەزامەندیی لەسەر پلانە نوێیەکەی ئینفانتینۆ نەدابوو، ئەمەش وایکرد یەکێتییە کیشوەرییەکان بە تووندی دژی بوەستنەوە.

هەواڵ
11-08-2026

بڕیاری لە سێدارەدانی عەجاج بە کوێ گەیشت

پارێزەری دۆسیەی عەجاج، کە بە جەلادی نوگرە سەلمان ناسراوە، رایگەیاند، بڕیاری لە سێدارەدانەکەی گەیشتووەتە سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پەسندکردنی. ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی سکاڵاکارانی دژ بە عەجاج رایگەیاند، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەقی بڕیاری دادگەی بۆ سزای لەسێدارەدانی عەجاج رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کردووە و بڕیارەکەیان لە 29ی حوزەیران وەرگرتووە. بڕیاری سزای لەسێدارەدانی عەجاج ئەحمەد حەردان زەعێتەر عوبێدی لە 23ـی حوزەیرانی 2026 لەلایەن دەستەی پێداچوونەوەی تایبەتمەند بە دۆسیەکانی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق پەسەند کرا، لەدوای ئەوەی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق لە 14ـی ئایار بڕیارەکەی دەرکردبوو. ئەیاد کاکەیی رایگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە دژی عەجاج، پێویستە سەرۆککۆمار پەسەندی بکات و دواتر لە رێگەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە بنێردرێتەوە بۆ وەزارەتی داد بۆ جێبەجێکردن. عەجاج، یەکێک لە تاوانبارانی سەرەکیی ئەنفالە و بە جەلادەکەی نوگرە سەلمان ناسراوە، لە دوو لێکۆڵینەوەدا دانی بەو تاوانانەدا ناوە کە لە دژی ئەنفالکراوانی کورد کردوونی، لەوانە شەهیدکردن و دەستدرێژیکردن و برسیکردنیان. پارێزەری دۆسیەکە رایگەیاند، بەگوێرەی یاسا، سەرۆککۆمار ناتوانێت سزاکە رەت بکاتەوە یان لێبووردنی بۆ دەربکات و لە دوای گەیشتنی بە وەزارەتی داد، رۆژی لە سێدارەدانی دیاری دەکرێت.

هەواڵ
11-08-2026

بەسێ مووشەک هێرش کرایە سەر هەرێمی کوردستان و بریندار هەیە

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، بە سێ مووشەک هێرش کراوەتە سەر بارەگاکانیان لە دۆڵی ئالانەی سنووری پارێزگای هەولێر. ئەندامێکی سەرکردایەتیی حیزبەکە دەڵێ، دوو برینداریان هەیە. ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەمڕۆ 11ـی ئاب رایگەیاند: "کاتژمێر 01:20ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە بە مووشەک هێرشی کردە سەر بارەگاکانمان". ئەمجەد حوسێن پەناهی گوتی: "دوو بریندارمان هەیە، بەڵام برینەکانیان زۆر سووکە و دۆخی تەندروستییان باشە". لە 28ـی شوباتەوە بە پاساوی جیاواز، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 960 مووشک و درۆن هێرشی کراوەتە سەر، لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 156 کەسیش بریندار بوون، لەنێو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە 19 پێشمەرگەی پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان هەن.

هەواڵ
11-08-2026

18 کیلۆمەتر لە رێگای هەولێر - کۆیە قیرتاوکراوە

کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدی هەولێر – کۆیە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 18 کیلۆمەتری رێگەکە قیرکراوە و 150 ئاوبەری کۆنکریتی و 3 ژێرپرد و 2 بەرزەپردی پرۆژەکەش تەواوکراون.   پڕۆژەی ستراتیژیی دوو سایدی هەولێر – کۆیە، کە لەلایەن کۆمپانیای "ئاوزان"ەوە بە ستانداردی نێودەوڵەتی و لە ماوەی 1275 رۆژدا جێبەجێ دەکرێت، وەرچەرخانێکی گەورە لە کەرتی رێگاوبانی هەرێمی کوردستان دروست دەکات. ئەم پڕۆژەیە لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە بە دیزاینێکی نوێ دەستی پێکردووە، گۆڕانکاری لە تەواوی پڕۆژەکەدا کرا بە سێ رێڕەو بۆ هەر سایدێک بە پانی 12 مەتر و زیادکردنی 11 بەرزەپرد و ژێرپرد، کە بە سێ چین و بە ئەستووری 22 سانتیمەتر قیرتاو دەکرێت. پڕۆژەکە دوو قۆناخی سەرەکی لەخۆ دەگرێت؛ قۆناخی یەکەم درێژی 37 کیلۆمەترە و قۆناخی دووەم درێژی 11کیلۆمەترە کە رێگاکە دەبەستێتەوە بە شەقامی 60 مەتری کۆیە و بازگەی تۆپزاوە. ئێستا کارکردن لەسەر 32 کیلۆمەتر بە چڕی بەردەوامە و 18 کیلۆمەتری قیرتاو کراوە، هەروەها 150 ئاوبەری کۆنکریتی و 3 ژێرپرد و 2 بەرزەپرد تەواو بوونە و یەکتربڕی هەولێر-کەسنەزان و سێ بەرزەپردی تر لە قۆناغی کۆتاییدایە.  تاوەکو ئێستا نزیکەی 4.8 ملیۆن مەتری سێجا بڕین و ٤.٩ ملیۆن مەتری سێجا پڕکردنەوە لە پڕۆکە کراوە. بە کۆتاییهاتنی ئەم پڕۆژە مەزنە کە بە دەستی کاری ناوخۆیی دەکرێت، رێگەی کۆنی پڕ مەترسیی نێوان هەولێر-کۆیە دەگۆڕێت بۆ رێگەیەکی خێرای دووساید و کاتی گەشتکردن 27 خولەک کەم دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و نەهێشتنی رووداوەکانی هاتوچۆ. پڕۆژەی دووسایدی هەولێر- کۆیە 10ی 10ی 2024، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی داندراوە و بە گوژمەی زیاتر لە 403 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.

هەواڵ
11-08-2026

هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان ئاشکرابوو

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان لە بازاڕەکاندا ئاشکرا دەکات و گرانییەکە بۆ قەیرانە دەرەکییەکان، بەرزبوونەوەی کرێی گواستنەوە و مامەڵەکردن بە دۆلاری بازاڕی رەش دەگەڕێنێتەوە. ماوەیەکە بەهۆی گرانبوونی نرخی کاڵاکان، بارگرانی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروست بووە، لەو چوارچێوەیەدا سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بەم پرسەی رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خۆراک لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی بەرهەمهێنەر دەگەڕێتەوە، دواتریش وڵاتی تێپەڕبوو نرخەکەی بەرز کردووەتەوە.  بریکاری وەزارەتی بازرگانی هۆکارێکی دیکەی بۆ زیادبوونی کرێی گواستنەوە گەڕاندەوە و ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، کۆمپانیاکانی گواستنەوە باجی دڵنیایی زیاتر وەردەگرن، چونکە ئامادە نین لە کاتی مەترسیدا زیان بکەن، ئەمەش راستەوخۆ تێچووی کاڵاکان زیاد دەکات. سەروەر هاواری جەختی لەوە کردەوە، هەر ئاڵۆزییەک لە ناوچەکەدا رووبدات کاریگەریی گەورەی لەسەر عێراق دەبێت، لەبەرئەوەی ناتوانێت پێداویستیی ناوخۆ پڕ بکاتەوە و ناچارە زۆرترین کاڵا لە دەرەوە هاوردە بکات.  روونیشی کردەوە، داخستنی فڕۆکەخانەکان و ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز و بابەلمەندەب وایان کردووە کاڵاکان درەنگتر بگەن، بەمەش خواست لەسەر کاڵاکان زیاد دەبێت و خستنەڕوو کەم دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیایی دا رێگە نادەن بازرگانانی هەرێمی کوردستان دۆخەکە بۆ گرانکردنی کاڵاکان بقۆزنەوە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بریکاری وەزارەتی بازرگانی تیشکی خستە سەر پرسی سیستەمی ئەسیکۆدا و گوتی، نەچوونی بەشێک لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان بۆ ناو ئەم سیستەمە هۆکارێکی دیکەی گرانییە. ئەو بازرگانانەی لە دەرەوەی سیستەمەکەدان، ناتوانن دۆلار بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی بکڕن و ناچارن کاڵاکانیان بە دۆلاری بازاڕی رەش هاوردە بکەن، لە کۆتاییشدا ئەو جیاوازییەی نرخ دەچێتە سەر شانی کڕیار.

هەواڵ
11-08-2026

گیانلەدەستدان بەهۆی ئیبۆلا گەیشتە دوو هەزار کەس

بەرپرسانی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ ئامارە نوێیەکانی قوربانییانی پەتای ئیبۆلایان بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنن کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار کەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسە کوشندەیەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە رووبەڕووی شەپۆلێکی توندی نەخۆشییەکە بووەتەوە. رۆژی سێشەممە، 11ی ئابی 2026، بەرپرسانی تەندروستی لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ رایانگەیاند، کە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی پەتای ئیبۆلاوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 2011 کەس، ئەمەش لە کۆی 4381 حاڵەتی پشتڕاستکراوەی تووشبوون بەو ڤایرۆسە. ئەم شەپۆلەی نەخۆشییەکە، کە زیاتر ناوچەکانی رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی گرتووەتەوە (کە ناوچەی ململانێی چەکدارین)، زۆر نزیک بووەتەوە لە ئامارەکانی کوشندەترین شەپۆلی ئیبۆلا لە مێژووی ئەو وڵاتەدا کە لە نێوان ساڵانی 2018 تاوەکو 2020 روویدا و تێیدا نزیکەی 2300 کەس گیانیان لەدەستدا.  ڤایرۆسی ئیبۆلا چییە؟ ڤایرۆسی ئیبۆلا یەکێکە لە مەترسیدارترین نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان کە دەبێتە هۆی "تای خوێبەربوون". بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1976 لە نزیک رووباری ئیبۆلا لە کۆنگۆ دۆزرایەوە. ئەم ڤایرۆسە لە رێگەی بەرکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ خوێن، شلەمەنییەکانی جەستەی کەسی تووشبوو، یان ئاژەڵی کێوی وەک مەیموون و شەمشەمەکوێرە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ. نیشانەکانی سەرەتای نەخۆشییەکە بریتین لە تایەکی بەهێز، ئێشی ماسولکە، سەرئێشە و قوڕێشە، بەڵام لە قۆناخە پێشکەوتووەکاندا دەبێتە هۆی رشانەوە، سکچوون و خوێنڕێژی ناوخۆیی و دەرەکی. رێژەی گیانلەدەستدان بەم ڤایرۆسە زۆر بەرزە و لە هەندێک شەپۆلدا گەیشتووەتە 90%، ئەمەش وای کردووە وەک هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر ئاسایشی تەندروستی جیهانی تەماشا بکرێت.

هەواڵ
11-08-2026

لە مانگێکدا 30 هەزار گەشتیار سەردانی باڵەکایەتییان کردووە

مانگی رابردوو 30 هەزار گەشتیار سەردانی باڵەکایەتییان کردووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سروشتە جوانەکەیی و کارکردن بۆ زیاتر گرنگی دان بە کەرتی گەشتیاری، هەروەها چەندین مۆڵەتی نوێش بۆ پڕۆژەی گەشتیاری بە وەبەرهێنەران دراون. هەڵگورد محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان دەڵێت: بەهۆی ئەوەی ناوچەکە لە هەرچوار وەرزی ساڵ بەفری تێدا دەمێنێتەوە و پلەی گەرما بەراورد بە ناوچەکانی دیکە نزمترە، ئەوە بووەتە هۆکاری سەرەکی سەردانی گەشتیاران. تەنیا مانگی رابردوو زیاتر لە 30 هەزار گەشتیار لە ناوخۆی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و دەرەوە و شارەکانی خوار و ناوەڕاستی عێراق سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەری باڵەکایەتییان کردووە. هەڵگورد محەمەد دەشڵێت "زیاتر لە 40 شوێن و ناوچەی گەشتیاری هەن و زۆرترین خواستی گەشتیاران لەسەر خانووی کولتووری و هەروەها "خانەباخە" واتا ئەو خانووانەی بە تەنیا لەناو باخچەکان دروست کراون و ژمارەیان زیاتر لە 220 خانووە" بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان ئاماژەی بەوەش کرد، دەڤەری باڵەکایەتی لە هەر چوار وەرزی ساڵ پێشوازی لە گەشتیاران دەکات و لە ئێستاوە ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی لە وەرزی زستانیش پێشوازی لە هەزاران گەشتیار بکەن. هەڵگورد محەمەد، باس لەوەش دەکات "ژمارەیەک پڕۆژەی گەشتیاری هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو لە قۆناخی جێبەجێکردن و چەند پڕۆژەیەکی دیکەش مۆڵەتییان تەواو کراوە و ئەگەر دۆخەکە و کەشوهەوای ناوچەکە لەباربێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەچنە قۆناخی جێبەجێکردنەوە"

1 2 ... 13 14 15 ... 1142 1143