کوردستان

مەسرور بارزانی: پاراستنی هەرێمی کوردستان لە شەڕی ناوچەکە کاری لەپێشینەمانە

08-08-2026
مەسرور بارزانی: پاراستنی هەرێمی کوردستان لە شەڕی ناوچەکە کاری لەپێشینەمانە
قەبارەی نووسین:
A A 21px

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی هەرێمی کوردستانی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دووپات کردەوە لە پێناو کۆنتڕۆڵکردنی چەک و هێشتنەوەی تەنها لە دەستی هێزە فەرمییەکاندا، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەرێم نایەوێت ببێتە لایەنێک لە هیچ ململانێیەکدا کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات.

مەسرور بارزانی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند کە هیچ لایەنێک فشاری نەخستووەتە سەر حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی تێکەڵی شەڕەکە ببێت، و ڕوونیشیکردەوە کە کاری لەپێشینەی ئەوان بریتییە لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەی لە ململانێکان.

هەروەها گوتیشی کە هەرێم ڕووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە، و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم هێرشانە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە کراون، یان لە ناوخۆی عێراقەوە لەلایەن هەندێک میلیشیاوە ئەنجام دراون. 

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە، ئێران و ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراق کە سەر بە ئێرانن، چەندین ئامانجیان لە هەرێمی کوردستان پێکاوە.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، مەسرور بارزانی هەبوونی هەر جۆرە پەیوەندییەکی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسرائیل ڕەتکردەوە، و جەختی لەوە کردەوە کە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوە لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵیدایە. 

هەروەها هەبوونی سەربازانی ئەمریکای لە بنکەی ئاسمانیی هەریر ڕەتکردەوە و گوتی، ماوەی ١٠ ساڵە هیچ هێزێکی ئەمریکی لەو بنکەیەدا نەبووە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، مەسرور بارزانی گوتی کە پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا باشە و لە بەرەوپێشچووندایە، لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بە "زۆر باش" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە هاوکارییەکان لەگەڵیاندا ڕوو لە زیادبوونن.