له‌سه‌ر ناوچه‌ى پیشه‌سازی ڕزگاری شاره‌وانی و نه‌خشه‌دانان یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

تائێستا پرۆژه‌ى دروستكردنى ناوچه‌ى پیشه‌سازیی ناحیه‌ى ڕزگاریی ڕێكاره‌ یاساییه‌كانى ته‌واو نه‌بووه‌ و ده‌ست به‌ پرۆژه‌كه‌ نه‌كراوه‌، سه‌رۆكى شاره‌وانى ڕزگاریش ده‌ڵێت، “نه‌خشه‌دانان پرۆژه‌كه‌ى ڕاگرتووه‌”، نه‌خشه‌دانانیش ئۆباڵه‌كه‌ى ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی شاره‌وانى.

بڕیاره‌ ناوچه‌یه‌كى پیشه‌سازیی بۆ ناحیه‌ى ڕزگاریی سه‌ر به‌ قه‌زای كه‌لار بە ڕووبەری زیاتر لە 300 دۆنم دروستبكرێت و پرۆژه‌كه‌ش نه‌خشه‌كاریی بۆ كراوه‌ و پێشتریش ڕاگه‌یه‌نرا كه‌ ڕێكاره‌ هونه‌ریی و ئیدارییه‌كانى ته‌واو بووه‌، به‌ڵام هێشتا ڕێكاره‌كان ته‌واو نه‌بووه‌‌ و نه‌چووه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و سه‌رۆكى شاره‌وانى ڕزگارییش جه‌ختى له‌ ده‌ستپێنه‌كردنى  پرۆژه‌كه‌ كرده‌وه‌ و وتی: “پێمان وتراوه‌‌ نه‌خشه‌كه‌ په‌سه‌ند نه‌كراوه.”‌

وتیشی: “به‌هیوا و ته‌ماى ئه‌وه‌بووین له‌م ڕۆژانه‌ نه‌خشه‌كه‌ په‌سه‌ند بكرێت و بگاته‌ ئه‌و قۆناغه‌ى بتوانین له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع دایبه‌زێنین، به‌ڵام كۆتا بڕیار پێیان ڕاگه‌یاندین كه‌ نه‌خشه‌كه‌ په‌سه‌ند ناكه‌ن.”

له‌به‌رامبه‌ریشدا بەڕێوه‌بەری نەخشەدانانی گەرمیان ڕەتیکرده‌وە کارەکانی ناوچە پیشەسازییه‌كه‌یان ڕاگرتبێت و وتی: “كاره‌كانى ڕانه‌گیراوه‌ و نازانم بۆ سه‌رۆكى شاره‌وانى وا به‌بێ ئاگایی قسه‌ ده‌كات.”

وتیشی: “هه‌موو كاره‌كانمان لێره‌ ته‌واوكردووه‌ و ناردوومانه‌ و ئێستا له‌ وه‌زاره‌ته‌، ته‌نها ئه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تى شاره‌وانییه‌وه‌ نوسراوێك بكه‌ن و بڵێن ئیشه‌كه‌ ده‌ستپێبكه‌ن.”

به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خشه‌دانانى گه‌رمیان سه‌رۆكی شاره‌وانى به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد، “كه‌ به ‌دواى دۆسیه‌كه‌دا ناڕوات و سه‌رۆكى شاره‌وانى له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ى دانیشتووه‌ و ئاماده‌ نیه‌ بڕوات 2 ڕۆژ له‌ هه‌ولێر بێت و ئیشه‌كه‌ ته‌واو بكات.”

ده‌شڵێت، “له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى قسه‌م كردووه‌ و وتویه‌تى، 40 ڕۆژه‌ نوسراوه‌كه‌ ئیمزا كراوه‌ و له‌ نوسینگه‌ى وه‌زیره‌، له‌ نوسینگه‌ى وه‌زیریش ده‌بێت به‌دوایدا بچیت بۆ ته‌واوكردنى.”

ئه‌م دواكه‌وتن و ده‌ستپێنه‌كردنه‌ى پرۆژه‌كه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ به‌هۆی نه‌بوونى ناوچه‌ى پیشه‌سازییه‌وه‌، كێشه‌یه‌كى زۆر بۆ دانیشتووانى ناحیه‌ى ڕزگاری و به‌تایبه‌ت هه‌ندێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كان دروست بووه‌، به‌هۆی بوونى دوكانى پیشه‌وه‌رى له‌نزیك ماڵان، كه‌ مه‌ترسی و كێشه‌ى زۆری بۆ ئه‌و ماڵانه‌ دروست كردووه.‌

ھەواڵی زیاتر