ته‌رمی گه‌نجه‌ بێسه‌روشوێنه‌كه‌ی چیای به‌مۆ به‌ كوژراوی دۆزرایه‌وه‌

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

چوار ڕۆژ پێش ئێستا تۆڕی میدیایی باڵكێش وه‌كو یه‌كه‌م میدیای كوردی ئاشكرای كرد، كه‌ هاوڵاتییه‌ك به‌ناوی گۆران حاجی عه‌زیز، ناسراو به‌ (سۆفی گۆران)، چووه‌ته‌ سه‌ر چیای به‌مۆ و دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ گوێیان له‌ ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك بووه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كی زۆریان به‌ ناوبراوه‌وه‌ كردووه‌، به‌ڵام ژماره‌كه‌ی به‌رده‌ست نییه‌ و بۆ سۆراغی ناوبراو ڕوویان له‌ چیاكه‌ كردووه‌، به‌ڵام دوای چوار ڕۆژ گه‌ڕان، سه‌ره‌نجام ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ه‌مه‌، 25ی ئۆكتۆبه‌ر، ناوبراویان به‌ “كوژراوی” له‌سه‌ر چیای به‌مۆ دۆزییه‌وه‌.

گۆران حاجی عه‌زیز، ناسراو به‌ (سۆفی گۆران)، هاوڵاتییه‌كی دانیشتووی پشته‌ی به‌مۆیه‌، چوار ڕۆژ پێش ئێستا ماتۆڕەکەی لە کانی کەڵی بناری چیای بەمۆ بەجێهێشتووه‌ و چووه‌ بۆ كۆكردنەوەی قەزوان بەمەبەستی پەیداكردنی بژێوی، دوای چوار كاتژمێر دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ بۆ باڵكێش باسیان له‌وه‌كرد، “كه‌ گوێیان له‌ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك بووه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ ناوبراویشه‌وه‌ ده‌كه‌ن ژماره‌كه‌ی به‌رده‌ست نییه‌، بۆیه‌ ڕوویان له‌ چیاكه‌ كردووه‌ بۆ سۆراغكردنی و داواشده‌كه‌ن لایه‌ن په‌یوه‌ندیداره‌كان هاوكاریان بن له‌ دۆزینه‌وه‌ی ناوبراو.

ئیبراهیم عه‌زیز پشته‌، دانیشتووی ناوچه‌كه‌ و كه‌سێكی نزیك له‌ قوربانییه‌كه‌ به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی ڕاگه‌یاند، “پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ته‌رمی سۆفی گۆران، 500 مه‌تر له‌ دووری بنكه‌ی پاسه‌وانی سنوره‌وه‌ له‌سه‌ر چیای به‌مۆ دۆزراوه‌ته‌وه‌ و ده‌نگی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ی كه‌ دانیشتووانی سنوره‌كه‌ چوا ڕۆژ پێش ئێستا باسیان لێوه‌كرد، مینێك بووه‌ و به‌ ناوبراودا ته‌قیوه‌ته‌وه‌.”

له‌ ڕۆژی یه‌كه‌می بێسه‌روشوێن بوونی ناوبراوه‌وه‌، دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ داوایان كرد باڵكێش به‌دواداچوون بكات و ده‌زگاكانی تری ڕاگه‌یاندن ئاگاداربكرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بهێنرێنه‌ سه‌ر هێڵ و سۆراغی ناوبراو بكه‌ن، چونكه‌ تائێستا لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان نه‌هاتوونه‌ته‌ سه‌رهێڵ و چیاكه‌ش‌ مینڕێژه‌ و مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ قوربانی تری لێبكه‌وێته‌وه.”

ھەواڵی زیاتر