کۆمەڵی ئیسلامی: هێرشی ناڕه‌واى ماکرۆن بۆ سه‌ر ئیسلام ره‌تده‌كه‌ینه‌وه

کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هه‌رچه‌نده‌ تا چه‌ند ساڵێ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌وروپا به ‌گشتیی و فه‌ره‌نسا به‌تایبه‌تیی به‌هێماى لێبوورده‌یی و ئاشتیی و پێكه‌وه‌ ژیان و پارێزه‌رى مافه‌كانى مرۆڤ خۆیان پێناسه‌ ده‌كرد، به‌ڵام له‌دواى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى شه‌پۆلی ره‌گه‌زپه‌رستیی و پاساو هێنانه‌وه‌ بۆ شكستیی ئابووریی و سیاسه‌ته‌كانیان، به‌ ئاشكرا سیاسییه‌كانیان و پارته‌ راستڕه‌وه‌كان و بگره‌ ئه‌وانى تریشیان به‌شێوه‌یه‌كى به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئیسلام و موسوڵمانان و پیرۆزییه‌كانیان، ده‌یانكه‌نه‌ ئامانجى ناكامیه‌كانیان.

به‌ناوى خواى به‌خشنده‌و میهره‌بان

جه‌ماوه‌رى كوردستان …

هه‌رچه‌نده‌ تا چه‌ند ساڵێ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌ورووپا به‌گشتیی و فه‌ره‌نسا به‌تایبه‌تیی به‌هێماى لێبوورده‌یی و ئاشتیی و پێكه‌وه‌ ژیان و پارێزه‌رى مافه‌كانى مرۆڤ خۆیان پێناسه‌ ده‌كرد، به‌ڵام له‌دواى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى شه‌پۆلی ره‌گه‌زپه‌رستیی و پاساو هێنانه‌وه‌ بۆ شكستیی ئابووریی و سیاسه‌ته‌كانیان، به‌ئاشكرا سیاسییه‌كانیان و پارته‌ راستڕه‌وه‌كان و بگره‌ ئه‌وانى تریشیان به‌شێوه‌یه‌كى به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئیسلام و موسوڵمانان و پیرۆزییه‌كانیان، ده‌یانكه‌نه‌ ئامانجى ناكامیه‌كانیان.

زۆرینه‌ى ره‌هاى موسوڵمانانى جیهان، به‌پابه‌ندییان به‌په‌یامى پێغه‌مبه‌رى رابه‌ریانه‌وه‌ كه‌خودا وه‌كو ره‌حمه‌ت بۆ مرۆڤایه‌تیی ناردووه‌و فه‌رموویه‌تیی ” وما أرسناك إلا رحمة للعالمين”، هه‌موو شێوازێكى ره‌گه‌زپه‌رستییانه‌ى جیاوازیی ره‌نگ و ئاین ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌موان وه‌كو خوڵقاوى رێز لێگیراوى په‌روه‌ردگار له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و ژیان و كه‌رامه‌تیان به‌پیرۆز و هێڵی سوور ده‌زانن ، هه‌روه‌كو په‌یامه‌كه‌یان وا ده‌فه‌رموێت: “ولقد كرمنا بني آدم”. پێغه‌مبه‌رمان بۆ بچڕاندنى كۆت و زنجیره‌كانى گه‌ردنى مرۆڤایه‌تیی و رزگاركردنیان له‌سته‌مكاریی هاتووه‌، نه‌ك وه‌كو ناحه‌زانى باسی ده‌كه‌ن ” الَّذِينَ يَتَّبِعُونَ الرَّسُولَ النَّبِيَّ الْأُمِّيَّ الَّذِي يَجِدُونَهُ مَكْتُوبًا عِندَهُمْ فِي التَّوْرَاةِ وَالْإِنجِيلِ يَأْمُرُهُم بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَاهُمْ عَنِ الْمُنكَرِ وَيُحِلُّ لَهُمُ الطَّيِّبَاتِ وَيُحَرِّمُ عَلَيْهِمُ الْخَبَائِثَ وَيَضَعُ عَنْهُمْ إِصْرَهُمْ وَالْأَغْلَالَ الَّتِي كَانَتْ عَلَيْهِمْ فَالَّذِينَ آمَنُوا بِهِ وَعَزَّرُوهُ وَنَصَرُوهُ وَاتَّبَعُوا النُّورَ الَّذِي أُنزِلَ مَعَهُ أُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ”.

له‌و گۆشه‌نیگایه‌شه‌وه‌ ئازادییه‌كانى مرۆڤ له‌وه‌دا ده‌بینین كه‌سنوورى پیرۆزییه‌كانى هه‌موان پارێزگاریی بكرێت و له‌لایه‌ن هیچ كه‌س و به‌هیچ پاساوێك رێگه‌ نه‌درێت ببه‌زێنرێت، چونكه‌ مرڤه‌كان بۆ پێكه‌وه‌ ژیان خوڵقاون نه‌ك بۆ لێكترازان (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ).

بۆیه‌ هێرشی ناڕه‌واى سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا ( ئیمانۆیل ماكرۆن) بۆ سه‌ر ئیسلام ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌و ئیدانه‌ى ده‌كه‌ین، لكاندنى هه‌ر جۆرێك له‌تیرۆر به‌ئاینى پڕ له‌لێبوورده‌یی ئیسلامه‌وه‌ به‌تاوان ده‌زانین، كه‌زۆربه‌ى سه‌ركرده‌كانى خۆرئاوا به‌ئه‌نقه‌ست به‌كارى ده‌هێنن، ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌پێناوى به‌ده‌ستهێنانى ده‌نگى راستڕه‌وه‌ په‌ڕگیره‌كاندا ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ى هاوشێوه‌ى سه‌رۆكى فه‌ره‌نسایه‌ ره‌گه‌زپه‌رستان هانده‌دات له‌ژێر سێبه‌رى بورجى “ئێڤڵ”ى نیشانه‌ى ئازادیی له‌فه‌ره‌نسادا ئافره‌تانى موسوڵمان له‌به‌رچاوى منداڵه‌كانیانه‌وه‌ بكاته‌ ئامانجى تیرۆریستانه‌ى ره‌گه‌زپه‌رستانى ئه‌و وڵاته‌.

له‌م كاته‌دا كه‌جیهان زۆر پێویستیی به‌هاوكاریی و برایه‌تیی راسته‌قینه‌ هه‌یه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌ گه‌وره‌ سیاسیی و ئابووریی و ته‌ندرووستییه‌كانى، وته‌ نابه‌رپرسانه‌كانى ماكرۆن و هاوشێوه‌كانى نه‌ك خزمه‌ت به‌مرۆڤایه‌تیی ناكه‌ن، به‌ڵكو تۆوى رق و كینه‌گه‌رایی ده‌چێنن و له‌وانه‌شه‌ –هه‌روه‌كو له‌زۆر وڵاتى ئیسلامییدا راگه‌یه‌نراوه‌- بایكۆتى كاڵاى فه‌ره‌نسیی زیانى گه‌وره‌ له‌ئابووریی ئه‌و وڵاته‌ بدات، كه‌واته‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى لێبوورده‌یی و گیانى برایه‌تیی زۆر ئاسانه‌و سه‌رقه‌بڵاندنیش له‌پێناوى ده‌نگى راستڕه‌واندا باجى زۆر گه‌وره‌ى بۆ فه‌ره‌نساو مرۆڤایه‌تیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و ئه‌و ده‌سكه‌وته‌شی نابێت كه‌ماكرۆن خه‌ونى پێوه‌ ده‌بینێت.

ئه‌وانه‌ش كه‌به‌ناوى ئازادییه‌وه‌ سنووری ئازادیی ئه‌وانى تر ده‌شكێنن، جگه‌ له‌ڕیسوایی شتێكى تریان بۆ نامێنێته‌وه‌، به‌ڵام ترسی ئێمه‌و موسوڵمانان ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستى گوماناویی بیه‌وێت جه‌نگى ژیاره‌كان به‌و كاره‌ دزێوانه‌ گه‌رم بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ دڵنیاین ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ى كه‌خودا ناوى به‌رز كردووه‌ته‌وه‌، به‌مرۆڤه‌ سنوورشكێنه‌كان له‌كه‌دار نابێت، به‌ڵام وه‌كو ئه‌وه‌ى له‌م ساڵانه‌دا له‌خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا خوڵقاندیان و “هیلارى كلنتۆن”ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى پێشووى ئه‌مه‌ریكا، نه‌یشارده‌وه‌ كه‌تووندڕه‌وى داعش پیشه‌سازییه‌كى موخابه‌راتیی خۆرئاوایی بووه‌ بۆ وێرانكردنى ناوچه‌كه‌، له‌وانه‌یه‌ به‌رنامه‌و پیلانى تریش له‌ئارادابن، كه‌ له‌ئێمه‌ شاراوه‌بن، وریایی هه‌موان له‌م قۆناغه‌دا زۆر گرنگ و چاره‌نووسسازه‌.

بۆیه‌ له‌م مانگى له‌دایكبوونى پێغه‌مبه‌رى خۆشه‌ویستمان ( صلى الله علیه وسلم)، جێگه‌ى خۆیه‌تیی وه‌ڵامى ناحه‌زانى ئه‌و خۆشه‌ویسته‌و په‌یامه‌ پیرۆزه‌كه‌ى به‌زیاتر پابه‌ندبوون به‌رێبازه‌كه‌ى بده‌ینه‌وه‌، كه‌په‌یامى برایه‌تیی و ره‌حمه‌ت و لێبوورده‌یی و ته‌واوكاریی ئه‌خلاقیی و دادگه‌ریی هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌، كه‌ له‌م قۆناغه‌ پڕ له‌دژواریی و نه‌خۆشییه‌ى مرۆڤایه‌تییدا ره‌چه‌ته‌ى راسته‌قینه‌ى ده‌رچوونه‌ له‌قه‌یرانه‌ كه‌مه‌رشكێنه‌كان.

ئه‌نجومه‌نى سیاسى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان

سلێمانى 24/10/2020

ھەواڵی زیاتر