مەسرور بارزانی: دەبێت هاوڵاتیان سامانە نیشتیمانیەكان بپارێزن- هەواڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە رێوڕەسمی کردنەوەی وێستگەی کارەبای هەڵمی خەباتدا رایگەیاند، دەبێت هاوڵاتیان یارمەتیمان بدەن لە بەفیڕۆنەچوونی سامانی گشتیدا.
ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی وێستگەی کارەبای هەڵمی خەباتدا رایگەیاند، “ئەم پڕۆژەیە لە کابینەی پێشتردا دەستیپێکراوە و لەم کابینەیەدا تەواوکرا”، دەشڵێت، “داوامان لە وەزارەتی کارەبا و لایەنە بەرپرسیارەکان کردووە پێداچوونەوەیەک بە تۆڕی گشتی کارەبادا بکەن لە بەرهەمهێنان و گەیاندن و بەکارهێنانیدا و هەوڵدەدەین ڕێژەیەکی زیاتر گاز بۆ وێستگەکان دابین بکەن، بۆ ئەوەی وێستگەکان بتوانن ڕێژەیەکی زیاتر کارەبا بەرهەمبهێنن.”
ئەوەشی خستەڕوو، “بە خستنە گەڕی وێستگەی کارەبای هەڵمی خەبات بەڕێژەی لەسەدا ١٠ بەرهەمی کارەبا زیاد دەکات.”
راشیگەیاند، “چۆن هاوڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە کارەبایان بۆ دابینبکرێت، لە بەرامبەریشدا ئەرکی هاوڵاتیانە کارەبا بە فیڕۆنەدەن.”