“تا دێت مەترسییەكانی كۆرۆنا زیاتر دەبن” هەواڵ
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، ئەگەر وڵاتان پابەندی رێكارەكانی خۆیپارێزی نەبن، تا دێت مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر دەبن.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا تێدرۆس ئەدهانوم، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی جیهانی دووپاتی كردەوە، “دەمەوێت راشكاوانە بڵێم، زۆرێك لە وڵاتان بە ئاراستەیەكی هەڵەدا دەچن، تا ئێستاش ڤایرۆسی كۆرۆنا دوژمنی یەكەم و لە پێشی جیهانە”.
دووپاتیشی كردەوە، “ئەگەر وڵاتان پابەندی رێكارە بنەڕەتییەكانی خۆپارێزی نەبن، ئەوەی چاوەڕێمان دەكات لە خراپەوە بۆ خراپتر دەڕوات و ناكرێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت”.
بەگوێرەی دوا ئامارەكانی كۆرۆنا، تا ئێستا حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا سنووری 13 ملیۆن كەسی لە جیهان تێپەڕاندووە و زیاتر لە نیو ملیۆن كەسیش بەهۆی پەتاكە گیانیان لەدەستداوە.