وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک ناوچەی شوێنەواری نوێی دۆزیوەتەوە کە پێشتر لە ئەتڵەسی ناوچە شوێنەوارییەکانی عێڕاقدا ئاماژەیان پێنەکراوە.
لە ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کە وێنەیەکی دەستی تۆڕی میدیایی باڵکێش کەوتووە، باس لەوە دەکات لە سنووری ئیدارەی ناحیەی سكتان بە مەبەستی دۆزینەوە و تۆماركردنی ناوچەی شوێنەواری نوێ، لە پرۆسەیەكی رووپێویدا بە سەرپەرشتی بەڕێوبەرایەتیی گشتی شوێنەوار لە سنوری ئیدارەی ناحییەی سکتان و بە هەماهەنگی ئیدارەی ناحییەکە و هاوکاری چەند هاوڵاتییەکی ناوچەکە لە ڕێککەوتی 26/9/2020 تاکو 10/10/2020 بەردەوام بووە و بە بەكارهێنانی تەکنیکی نوێ و وێنەی ئاسمانی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، GIS و GPS بەڕێوەچوو و لە میانەی پرۆسەكەدا ژمارەیەك ناوچەی شوێنەواری نوێ دۆزرانەتەوە و تۆماركران كە پێشتر لە ئەتڵەسی ساڵی 1975 ناوچە شوێنەوارییەكانی عێراقیشدا ئاماژەیان پێنەكراوە.
هەر لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەت ئاماژە بەوە دەکات، سەرجەمی ئەندامانی ئەو تیمەی لە پڕۆسەکەدا کاریان کردووە شوێنەوارناسانی ناوخۆیی کوردستان بوون.