دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كۆتاییهات

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

دوای 10 كاتژمێر گفتوگۆكردن له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌نجامدرا، دانیشتنه‌كه‌ كۆتاییهات.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، 5ی ئۆكتۆبه‌ر، له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتنی ژماره‌ (8)ی ئاسایی خولی پایزه‌ی ساڵی دووه‌می ئه‌نجامدا، تیایدا سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری دارایی و وه‌زیری حكومه‌ت بۆ كاروباری په‌رله‌مان و سه‌رۆكی دیوان و سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئاماده‌بوون.

له‌ سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پوخته‌یه‌كی له‌باره‌ی پرۆژه‌ یاسای چاكسازی و میكانیزمه‌كانی جێبه‌جێكردنی، پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌، پرۆسه‌ی دانوستانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، خانه‌نیشنی و ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران، ڕێكخستنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان، میكانیزمه‌كانی حكومه‌ت بۆ زیادكردنی باجی سه‌ر كۆمپانیاكان و چه‌ند پرسێكی تری خسته‌ڕوو و وتی: “لەم کابینەیە زۆرترین وەزیر هاتوونەتە پەرلەمان، دەبێت واقیعی بین و کۆسپەکانمان لەبارچاوبێت، تێپەڕاندنی ئەم دۆخە کاتی دەوێت و بە جدی کارمان لەسەر چاکسازی کردووە، بەوپێیەی هەموو سێکتەرەکان دەگرێتەوە کاتی دەوێت.”

له‌باره‌ی نه‌دانی شایسته‌ی دارایی (باج)، له‌لایه‌ن كۆمپانیاكان و بابه‌تی قه‌یرانی داراییه‌وه‌، وتی: “تائێستا حەوت کۆمپانیا لەبەر نەدانی شایستەی دارایی (باج)، دراونەتە دادگا و ئه‌و‌ قه‌یرانه‌ش كه‌ دروستبووه‌، به‌هۆی دابەزینی نرخی نەوت و ڤایرۆسی کۆرۆنا و نه‌ناردنی بودجه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌.”

‌سه‌باره‌ت به‌ دیارده‌ی قاچاخچێتی كردن له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد: “كه‌ لیژنەیەکیان لە ئەنجوومەنی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ بۆ بنبڕکردنی قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەکان پێکهێناوه.”

له‌سه‌ر گرانی نرخی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون و ڕێكخستنه‌وه‌ی كه‌رتی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان، باسی له‌وه‌ كرد: “كه‌ نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوونیان کەمکردووه‌ته‌وه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ش هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان سودمه‌ند ده‌بن.”

دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌رفه‌ت به‌ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان و په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان درا پرسیاره‌كانیان له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كهدا‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری دارایی بكه‌ن، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان و په‌رله‌مانتاران پرسیار و ڕه‌خنه‌ و تێبینی و پێشنیاری خۆیان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت و ستافه‌كه‌ی كرد و وه‌ڵام درانه‌وه‌.

هاوكات، له‌ دانیشتنه‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مان گلەیی ‌ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مانتاران كرد و وتی: “په‌رله‌مانتاران به‌رده‌وام گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت نایه‌ته‌ په‌رله‌مان، ئێستا سه‌رۆكی حكومه‌ت هاتووه‌ته‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام په‌رله‌مانتاران‌ خۆیان له‌ ده‌ره‌وه‌ن و نایه‌نه‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مان.”

هه‌روه‌ها له‌ دانیشتنه‌كه‌دا سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و نه‌وه‌ی نوێ، داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت و تیمه‌كه‌یان كرد، له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و وتی: “هه‌ڵبژاردنێك كراوه‌، له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا خه‌ڵكی كوردستان ئێمه‌ی بینیوه‌ و ئێوه‌شی بینیوه‌، ده‌نگی به‌ ئێمه‌ داوه‌ و به‌ ئێوه‌ی نه‌داوه‌، ئێمه‌ی ویستووه‌ و ئێوه‌ی نه‌ویستووه‌، بۆیه‌ ئه‌توانن چاوه‌ڕوان بن و له‌ هه‌ڵبژاردنێكدا بمانگۆڕن.”

له‌كاتی قسه‌كانی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تیشدا، به‌هۆی ڕێگری كردنی تیمی پرۆتۆكۆڵی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ بردنی ده‌به‌یه‌ك ئاو بۆ ناو هۆڵی په‌رله‌مان، له‌لایه‌ن ڕزگار محه‌مه‌د، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕانه‌وه‌، دانیشتنه‌كه‌ پشێوی تێكه‌وت و له‌ كاردانه‌وه‌ی ئه‌م ڕووداوه‌شدا قوباد تاڵه‌بانی، وتی: “وادیاره‌ ئه‌م براده‌ره‌ برسییه‌تی.”

له‌باره‌ی ڕێوشوێنه‌كانی خۆپارێزیشه‌وه‌ قوباد تاڵه‌بانی به‌ په‌رله‌مانتارانی وت: “له‌كۆی 111 په‌رله‌مانتار، ته‌نها 32 په‌رله‌مانتار خۆی پاراستووه و ده‌مامك و ده‌سته‌وانه‌ی كردووه‌‌.”

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دانیشتنی ژماره‌ (8)ی ئاسایی خولی پایزه‌ی ساڵی دووه‌می ئه‌نجامدا، له‌ دانیشتنه‌كه‌دا 98 په‌رله‌مانتار پرسیاری جۆراوجۆریان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت و ستافه‌كه‌ی كرد، دواتر وه‌ڵامدرانه‌وه و ئێستا دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان كۆتاییهات.‌

ھەواڵی زیاتر