روونکردنەوەی مەسرور بارزانی لەبارەی مووچە

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان راپۆرتێكی لەبارەی ھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازی و پڕۆژەكانی حكومەت پێشكەش كرد و رایگەیاند، حکومەت بەهیچ شێوەیەک پێی خۆشنییە دەست بۆ مووچەی فەرمانبەران ببا، پێمخۆشنییە ئەمەی ئێستا ناوبنرێ بڕینی مووچە، ئەمەی ئێستا خۆ گونجاندنە لەگەڵ داهات و پارەی بەردەست.

بەداخەوە لەگەڵ بڕیاری عادل عەبدولمەهدی بۆ نەناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان، ئێمە تووشی قەیران بووین، تەنانەت مانگی 6 و 7 و 8 یەک دیناری نەناردووە.

مەسرور بارزانی رایگەیاند، خۆم بە بەختەوەر دەزانم كە ئەمڕۆ ھاتوومە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی چەند بابەتێكی گرنگ كە جێی بایەخی پەرلەمان و رای گشتییە بیخەمەڕوو، بێگومان پەرلەمانی كوردستان وەك دەزگایەكی شەرعی و گرنگ و باڵای دەستووری، ھەمیشە جێگەی بایەخ و رێزی ئێمە بووە، لە دوای سوێند خواردمان و دەسبەكاربوونمان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، پەیوەندی بەھێز و پتەومان لەگەڵ پەرلەمان و دەسەڵاتەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان ھەبووە، كە كاریگەری ئەرێنی ھەبووە لەسەر باشتر جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان. بەراورد لەگەڵ خولەكانی دیكەی پێشووی پەرلەمان، ئێمە لە كابینەی نۆیەمی حكومەت زۆرترین وەزیر و بەرپرسانی حكومەتمان ناردووە پەرلەمان و كۆبوونەوەی لیژنەكانی پەرلەمان، لەسەر بنەمای شەفافیەت بە ئەركی خۆمان زانیوە راستییەكان بە خەڵكی خۆمان بڵێین، دوور لە ھەموو موزایەدەكردنێك بەردەوام دەبین لە چاكسازی.

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی، بەم نزیكانە ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتێكی تایبەت و پڕ وردەكاری لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی رەوانەی پەرلەمان دەكات.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، لەماوەی ساڵێكی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، ھەرێمی كوردستان و عێراق و جیھان تووشی چەند قەیرانێكی تەندروستی و ئابووری بوونەتەوە. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان، كاریگەری لەسەر ھەموو بەشەكانی ژیان دروستكردووە، ئەم قەیرانانە كێشەی نەك ھەر بۆ ئێمە، بەڵكو بۆ وڵاتە زلێھزەكانی ئابووری و پیشەسازی جیھان دروستكردووە، ئابووری ئەو وڵاتانەی تووشی داڕمان كردووە. سەرەڕای ھەموو ئەو قەیرانانە، بەڵام ئێمە لە كاركردن و جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراتیجییەكان نەوەستاوین، بەپێی توانای دارایی بەردەست بەردەوامین.

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان راشیگەیاند، دەبێ بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخەی سەختەی تەندروستی و داراییەی ھاتووەتە پێش، ھەڵسەنگاندن بۆ ئەدای حكومەتی ھەرێمی كوردستان بكرێت.

مەسرور بارزانی، لەبارەی پرۆسەی چاكسازی گوتی، ھەر لە سەرەتاوە بە گرنگییەوە كارمان لەسەر چاكسازی كردووە، بەڵام چاكسازی پرۆسەیەكی بەردەوامە و بە شەو و رۆژێك تەواو نابێت، بەڵكو بەردەوام دەبێت و ھەموو كەرتەكان دەگرێتەوە. ئێمە لەسەر چەند ئاستێكی جیاواز دەستمان بە چاكسازی كردووە، كە بەسەر دوو بەشی سەرەكی دابەش دەكرێت ( چاكسازی دارایی) و (چاكسازی كارگێڕی).

سەرۆكی حكومەت روونكردنەوە، بۆ پێداچوونەوە بە بواری باج لە ھەرێمی كوردستان ھەر لە سەرەتاوە حكومەتی ھەرێم لیژنەیەكی باڵا پێكھێنا و ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم راسپاردەكانی لیژنەكەی پەسندكرد و كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. بەتایبەتی دانانی باج لەسەر پەیوەندی و گەیاندن و پڕۆژەكانی وەبەرھێنان، لەچوارچێوەی دانانی باج لەسەر پەیوەندی و گەیاندن، وەك مۆبایل و ئینتەرنێت. تائێستا 49 كۆمپانیای گەیاندن، لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاگادار كراونەتەوە بۆ ئەوەی پابەندبن بە شایستە داراییەكان لەگەڵ كۆمپانیای فڕۆكەوانی و گەیاندنی عێراق، ھەروەھا 7 كۆمپانیا دراونەتە دادگا بۆ پابەندبوون بە شایستە داراییەكان.

سەرۆكی حكومەت ئەوەشی خستەڕوو، كارمان كردووە بۆ نەھێشتنی رۆتین، لەپێناو باشتركردنی رایی كردنی مامەڵەی ھاووڵاتییان لە فەرمانگەكانی حكومەت بە رێگەیەكی ئاسان و خێرا، ئەمە جیا لە بەستنەوەی دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان بە سیستمی ئەلیكترۆنی كە ئاسانكاری باشی كردووە لە بواری كۆكردنەوەی داھات و باشتركردنی كوالیتی كۆنتڕۆڵ.

لەبارەی پێداچوونەوە بە كاروباری دەروازە سنوورییەكان مەسرور بارزانی گوتی، لیژنەیەكی باڵامان لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ پێداچوونەوە بە دەروازە سنوورییەكان پێكھێناوە، ھەروەھا بڕیارماندا پێداچوونەوە بە گرێبەستی دەروازە سنوورییەكان بكرێت. بەشێوەیەك ئەو خزمەتگوزاریانە بە كەرتی تایبەت كە حكومەت خۆی ناتوانێ ئەنجامیان بدات، ئەوانی دیكە ھەموویان حكومەت خۆی ئەنجامی دەدات، ئەوەی كە دەدرێت بە كەرتی تایبەت دەبێ بە گرێبەستی شەفاف و لە بەرژەوەندی گشتی دابێت. یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی دەروازە سنوورییەكان بەداخەوە بوونی دیاردەی قاچاخچیەتییە لە ھەندێك دەروازەی سنووری، بۆ نەھێشتنی ئەم دیاردەیە لیژنەیەكمان لە وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش پێكھێناوە، ھیوادارین بە ھاوكاری پەرلەمانی كوردستان و ھەموو لایەنەكان سنوورێك بۆ ئەم دیاردەیە دابنێین.

ھەواڵی زیاتر