ئەو كارێزمایەی دووبارە نابێتەوە

‎مام جەلال; ئەو كارێزمایەی دووبارە نابێتەوە

‎سێ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر كۆچی دوایی مام جەلال، سەركردەی گەورەی گەلەكەمان و یەكەم سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی كورد لە عێراق.

‎كۆچی دوایی مام جەلال گەورەترین خەسارەت بوو لەمێژووی كوردو كوردستان، كە ئەستەمە جارێكی تر مێژوو بتوانێ كارێزمایەكی تری ئاوامان پێ ببەخشێ.

‎بۆ من، مام جەلال هاوڕێ و هاوسەنگەرو سەركردە بوو، فێرگەی پێگەیاندنی دەیان و سەدان كادیر و هەڵگیرسێنەرەوەی شۆڕش بوو لە كوردستان، بەرنامەو سیاسەت و دنیابینییەكەی هەوێنی دیموكراسی و ئاشتی و ئارامی و پێكەوەژیان بوو لە عێراق و ناوچەكە، بۆ كورد پارێزەری پێگەو ڕۆڵی كورد بوو لەعێراق و ناوچەكە، پارێزەری كورد بوو لە دنیا، مام جەلال هەمیشە حەكیمانەو دووربینانەو وردبینانە سیاسەتی لەپێناو دیموكراسی و مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین دەكرد.

‎لەدەستدان و كۆچی دوایی مام جەلال، كارەساتێكی گەورە بوو، لەدوای مام ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قەیرانی زیاتر، كێشەی زیاتر، ناكۆكی و ململانێی زیاتر بەرۆكمان دەگرێ، ئەسەف لەناومان نییە بەحیكمەتەكانی خۆی هەمووی چارەسەر بكاو ئەم قۆناعە تێپەڕێنین، بەڵام دەكرێ و دەتوانین دنیابینی و حیكمەتی مام بكەینە هەوێنی چارەسەركردنی هەموو كێشەكان و لەژێر چەتری ئەزموونە سیاسی و دیبلۆماسییەكەی ڕێگاچارەی گونجاو بدۆزینەوە و بە باشترین شێوە خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان بكەین.

‎كارێزماو كەسایەتی مام جەلال و لەخۆبردووییەكەی فێرمان دەكا لەپێناو چاكەی گشتی و بەرژەوەندی باڵای گەلەكەمان  قوربانی بە بەرژەوەندییە تایبەتییە كەسی و حزبیەكان بێنین و هەموومان لەپێناو ئامانجێكی ڕوون و ڕەوان خەبات بكەین.

‎لە سێیەم ساڵیادی كۆچی دوایی مام جەلال كە دۆست و نەیار یادت دەكەن هەزار دروود و سڵاو دەنێرین بۆ ڕۆحی پاكی و وەك ئەوێ ڕۆژێ دووپاتی دەكەینەوە كە درێژەپێدەری ڕێبازەكەی و ڕێبازی پیرۆزی شەهیدان دەبین و هەموو هەوڵەكانمان لەپێناو كوردو كوردستان دەخەینەڕوو.

‎ئەم ساڵڕۆژە خەمناكەش بە دەرفەت دەزانم ڕایبگەیەنم كە لەئاست ئەو مەسولیەتە گەورەیە دەبین و ئەمانەتەكانی مام جەلال وەك بیلبیلەی چاومان دەپارێزین و تەسلیمی هیچ قەدەرێك و ئایندەیەكی ناڕوونی ناكەین.

‎كۆسرەت ڕەسول عەلی

‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی ‎یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

ھەواڵی زیاتر