سه‌ڵاح كوێخا دوا ساته‌كانی ژیانی به‌ڕێده‌كات

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ به‌هۆی كۆرۆناوه،‌ دۆخی ته‌ندروستی سه‌رپه‌رشتیاری پێشووی ئیداره‌ی گه‌رمیان ناجێگیره‌ و له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌نوه‌ر شێخه‌ له‌ سلێمانی له‌ژێر چاودێریی چڕی پزیشكیدایه‌ و له‌ئێستادا ده‌نگۆی مردنی هه‌یه‌‌.

بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه،‌ تۆڕی میدیایی باڵكێش په‌یوه‌ندی به‌ بێستوون ژاڵه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌وه‌ كرد، وتی: “له‌ئێستادا ژیانی سه‌ڵاح كوێخا، سه‌رپه‌رشتیاری پێشووی ئیداره‌ی گه‌رمیان كۆتایی هاتووه‌، مانه‌وه‌ی ته‌نها به‌هۆی ئه‌و ئامێری هه‌ناسه‌دانه‌ ده‌ستكرده‌وه‌یه‌، مه‌گه‌ر به‌ “معجزه‌” ژیانی بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌، پزیشكه‌كانیش ده‌ڵێن، “له‌ حاڵه‌تی لابردنی ئامێری هه‌ناسه‌دانه‌ ده‌ستكرده‌كه‌، ئه‌گه‌ری مردنی زۆره‌.”

به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی میدیایی باڵكێش، ناوبراو له‌ چه‌ند كاتژمێری ڕابردوودا هه‌ردوو گورچیله‌ی وه‌ستاوه‌ و له‌سه‌ر داوای هاوسه‌ره‌كه‌ی شووشتنی گورچیله‌ی بۆ كراوه‌، دكتۆرێكیش ده‌ڵێت، “ئه‌م جۆره‌ حاڵه‌تانه‌ دوایین هه‌وڵه‌ بۆ مانه‌وه‌ی كه‌سه‌كه‌‌.”

سه‌ڵاح كوێخا، ماوه‌ی 11 ساڵ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان بوو، چه‌ندین به‌رپرسیارێتی جۆراوجۆری له‌ناو حیزبه‌كه‌یدا وه‌رگرتووه‌، دوایین پۆستی حیزبی ناوبراو، به‌رپرسیارێتی مه‌ڵبه‌ندی 12ی خانه‌قینی یه‌كێتی بووه‌، جگه‌ له‌ پۆستی سه‌رپه‌رشتیاریی ئیداره‌ی گه‌رمیان، پێشتر هیچ پۆستێكی تری حكومی نه‌بووه‌.

ھەواڵی زیاتر