ئه‌ڵمانیا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پشتیوانی كردنی هه‌رێمی كوردستان

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

سەرلەبەیانى ئەمڕۆ پێنج شەممە، 24ی ئه‌یلوول، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لەگه‌ڵ کلێمنس سێمتنەر، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمى کوردستان كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى گشتی عێراق و هەرێمى کوردستان، شەڕى دژى تیرۆر، ئەرکى هێزە ئەڵمانییەکان لە هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعش، هه‌ڵبژاردنی پێشوەختەى داهاتووى عێراق و دوایین هەنگاوەکانى گفتوگۆى نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان تاووتوێ كران.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچێرڤان بارزانى، پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ پشتگیرى و هاوکارییەکانى ئەڵمانیا لە بواری سەربازی و مرۆییدا دووپات کردەوه‌ و ئاماژەى بە گرنگى و کاریگەریى ئەو هاوکارییانە لە ڕۆژانى سەختى شەڕى داعش و ئه‌و هاوكارییانه‌ی ئه‌ڵمانیا بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمى کوردستان و پێشوازیکردن لە ژمارەیەکى زۆرى ڕزگاربووانى ئێزدی دەستى داعش بۆ وەرگرتنى چارەسەرى لە ئەڵمانیا كردووه‌ و دۆخى عێراق و چارەسەرکردنى کێشە ناوخۆییەکانیشی بە کلیلى سەقامگیریى عێراق لە قەڵەم دا..

لاى خۆشیەوە کونسوڵی گشتیى ئەڵمانیا، پشتگیرى و هاوکاریى وڵاتەکەى بۆ هەرێمى کوردستان دووپاتكرده‌وه‌‌ و ستایشى ھێزەکانی پێشمەرگە و ڕۆڵى هەرێمى کوردستانیشی لە شکاندنى داعش و حەواندنەوەى خەڵکى ئاوارە لە پێکهاتەکانى عێراق و پەنابەرانى سووریا کرد و خواستى وڵاتەکەشی بۆ بردەوان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان نیشان دا.

ھەواڵی زیاتر