سبه‌ی ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی په‌ڕوێزخان ده‌كرێته‌وه‌

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

دوای وه‌ستانی هاتوچۆ بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك، له‌ سبه‌ی پێنج شه‌ممه‌، 24ی ئه‌یلووله‌وه‌، ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان ده‌كرێته‌وه‌ و هاتوچۆكردنیش زیاتر بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بێت كه‌ نه‌خۆشن، یان قوتابین له‌ وڵاتی ئێران.

هه‌ڤاڵ ئیبراهیم، وته‌بێژی ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی ڕاگه‌یاند: “له‌ سبه‌ی پێنج شه‌ممه‌، 24ی ئه‌یلووله‌وه‌، له‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان ڕێگه‌پێدان به‌و قوتابی و نه‌خۆشانه‌ ده‌ده‌ین كه‌ پێویستیان‌ به‌وه‌یه‌ سه‌ردانی ئێران بكه‌ن.”

وتیشی: “جه‌لال شێخ نوری، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان، به‌مه‌به‌ستی ئاسانكاری بۆ هاوڵاتیان و قوتابیان و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نه‌خۆشن و پێویستیان به‌وه‌یه‌ سه‌ردانی ئێران بكه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایه‌ قسه‌ی كردووه‌ كه‌ پشكنین بۆ هاوڵاتیان ده‌كه‌ن و داوای لێكردوون نرخی پشكنینه‌كه‌یان له‌ 60 هه‌زار دیناره‌وه‌ كه‌م بكه‌نه‌وه‌ بۆ 25 هه‌زار دینار، به‌ڵام كۆمپانیاكه‌ تائێستا وه‌ڵامی داواكه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه‌ و پێده‌چێت نرخی پشكنینه‌كه‌یان كه‌م بكه‌نه‌وه‌ بۆ 40 هه‌زار دینار.”

ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ به‌هۆی كۆرۆناوه‌ ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان داخراوه‌، چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ كرایه‌وه‌، به‌ڵام جارێكی تر به‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داخرایه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌روازه‌كه‌ له‌ سیسته‌می ڕێگه‌پێدانی ئه‌لیكترۆنی وه‌زاره‌تی ناوخۆدا نه‌بوو.

ھەواڵی زیاتر