کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی دەفرۆشرێتە کۆمپانیایەک

ئەندام پەرلەمانێکی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ” یه‌کێک له‌ کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانی داوای که‌مپی کۆنی زانکۆی سلێمانی کردووه‌ تاوەکو بیکات به‌ پڕۆژه‌یه‌کی که‌رتی تایبه‌ت”. ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاش ئاماژە بەوە دەکات، کە بەهیچ شێوەیەک لە هەوڵێکی لەو جۆرە بێدەنگ نابن.

سەروەر عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری پێشووتری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی”به‌پێی زانیاریه‌ک یه‌کێک له‌ کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانی داوای که‌مپی کۆنی زانکۆی سلێمانی کردووه‌ تا بیکات به‌ پڕۆژه‌یه‌کی که‌رتی تایبه‌ت، هه‌ندێک له‌به‌رپرسانی زانکۆ و خوێندنی باڵا ڕه‌زامه‌ندیشیان له‌سه‌ر داوه‌و نوسراوی نهێنیشیان بۆ ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕینه‌که‌ کردووه‌، ئه‌رکێکی ئه‌خلاقی و نیشتیمانییه‌ ڕێگری لێبکرێت و وه‌ک خۆی بمێنێته‌وه‌ وه‌ک موڵکی خوێندنی باڵاو زانکۆ به‌کاری بهێنێت نه‌ک بکرێت به‌ پڕۆژه‌ی که‌رتی تایبه‌ت، ئه‌رکی سه‌رشانی ئه‌شرافان و که‌سایه‌تیه‌کانی شار و ئه‌کادیمیانه‌ بڵێن ئیتر به‌سسه‌و ئه‌م جۆره‌ تاڵانی و بڕۆییه‌ ڕابگیرێت”.

هەر لەوبارەیەوە ڕەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی باڵکێشێ ڕاگەیاند، زانیاریمان هەیە کە کۆمپانیایەک دەیەوێ کەمپی کۆنی زانکۆی کۆنی سلێمانی بکڕێتەوە و بیکاتە زانکۆی ئەهلی، بەڵام ئەو بابەتە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگادا نییە و ئێمە ناتوانین لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکەین.

بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، سبەی ئیدارەی زانکۆی سلێمانی راگەیەنراوێک لەوبارەوە بڵاودەکاتەوە.

زانکۆی سلێمانی ساڵی 1968 دامەزراوە و ئێستا بووەتە دوو بەش، کەمپی کۆن و نوێ.

ھەواڵی زیاتر