وردەکاری؛ کێ دارەکانی سلێمانی دەسووتێنێت؟

دوای ئەوەی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی سووتاندنی دار و سەوزاییەکانی سلێمانی بڵاوبووەوە، دەنگدانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە، هەرچەندە شارەوانی سلێمانی رەتیدەکاتەوە ئاگرکەوتنەوەکان دەستیان لە پشتەوە بێت، بەڵام سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێ: ناوی کەسەکانم لایە و ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندی یەکێتیش ئاماژە بەوەکات کە سووتاندنەکە بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیا مشەخۆرەکانە.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ” لێشاوێك له‌ داگیركردن، ئیفرازكردن، دابه‌شكردن و فرۆشتنى زه‌وى له‌ سلێمانى ده‌ستىپێكردووه‌، ته‌نانه‌ت گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ى، زه‌وى ته‌رخانكراو بۆ سه‌وزایى گه‌ڕه‌كه‌كان و شوێنى قوتابخانه‌ و مزگه‌وت و نه‌خۆشخانه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانى دیكه‌، ده‌ستى بۆ ببرێت”.

دابان محەممەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی” پرسى داگیركاریى زه‌وى له‌ سلێمانى، بۆ ئێمه‌ پرسێكى گه‌وره‌ و قورسی، به‌هه‌ده‌ردان و گه‌نده‌ڵییه‌، لێشاوێك له‌ داگیركردن، ئیفرازكردن، دابه‌شكردن و فرۆشتنى زه‌وى له‌ سلێمانى ده‌ستىپێكردووه‌، ته‌نانه‌ت گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ى، زه‌وى ته‌رخانكراو بۆ سه‌وزایى گه‌ڕه‌كه‌كان و شوێنى قوتابخانه‌ و مزگه‌وت و نه‌خۆشخانه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانى دیكه‌، ده‌ستى بۆ ببرێت، له‌ دواى خاڵه‌ سنورییه‌كان له‌م سنووره‌دا (سلێمانی)، ئه‌م پرسه‌ بووه‌ به‌ كه‌یسێكى قورسى به‌هه‌داردان و گه‌نده‌ڵى و سه‌رچاوه‌ى دارایى و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونى چه‌ندین به‌رپرسى ئه‌منى، سه‌ربازى، حزبى وحكومی، كه‌ ناوى به‌رپرسه‌كان و بازرگان و ته‌نانه‌ت ده‌ڵاڵه‌كانیش لاى ئێمه‌ ئاشكرایه”‌.

لە بەرامبەر سەرۆکی شارەوانی تاسلۆجە لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، دیمەنی سووتانی دارەکان هی مانگی 7ی رابردوو بووە و هیچ دەستێکیشی لە پشتەوە نەبووە و شوێنەکەش بە دارستانی دەمێنێتەوە.

بەڵام دابان محمەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، ئەو کەسانەی هەستاون بە سووتاندنی دارەکان بە پیت ناوەکانیان ئاشکرا دەکات.

  • ئاوباره‌ (د.ت)
  • ڕێگاى تاسڵوجه،‌ سوتاندى سنه‌وبه‌ره‌كان زیاتر له‌ 120 دۆنم
  • ته‌نیشت و پشتى قه‌برستانى عه‌واڵ به‌ هاوبه‌شى ( د.ت) (ه.ح)
  • به‌رامبه‌ر محه‌مه‌ته‌ى كاره‌باكه‌ زیاتر له‌ هه‌زار دۆنم ( ه.ح)
  • به‌رامبه‌ر ده‌رگاى سه‌ناعه‌ى به‌كره‌جۆ ( ه.ح)
  • ته‌نیشت مه‌تارى سلێمانى (د.ت)
  • به‌رامبه‌ر ده‌رگاى سه‌ناعه‌ى به‌كره‌جۆ (ه.ح)
  • زه‌وى ته‌رخانكراو بۆ خزمه‌تگوزارى گه‌ڕه‌كه‌كانى بیسته‌كان و …
  • ته‌نیشت ده‌واجنه‌كان (د.ت)
  • کانى گۆمه‌ تا تانجه‌رۆ به‌ هاوبه‌شى (د.ت) (ه.ح)
  • خوار به‌كره‌جۆ زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كان (ه.ح)
  • خه‌لیفاوا (ه.ح) كه‌ زیاتر له‌ 100 پارچه‌ زه‌وى كراوه‌ به‌ناوى یه‌ك ئافره‌ته‌وه‌

حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندی یەکێتیش دەڵێ” گۆیژە و سنەوبەرەکانی سلێمانی دەسووتێنرێت و کەس قسە ناکات، دەشڵێت “وابڕوات پارکی ئازادی و مەلیک مەحموود دەسووتێنرێت و کاربەدەستەکانیش ناتوانن نقەیەک بکەن”. 

چەند رۆژێک لەمەوبەر شاخی گۆیژە سووتێنرا کە درەختەکان تەمەنیان زیاتر لە 60 ساڵە، “من لای خۆمەوە چاوەڕوان بووم لیژنەیەکی پسپۆڕ و بوێر لێی بکۆڵێتەوە و تاوانبارانی بە سزا بگەیێنرێت بەپێی یاسا، کەچی وەک رووداوێکی سادە و ساکار و بێ کاریگەری تێپەڕی”.

هەر لەو بارەوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لەبارەی سووتانی سنەوبەرەکان لە وتارێکیدا لە لە فەیسبووک نووسیویەتی “ده‌بینین كه‌ سلێمانی فرۆشان كه‌وتوونه‌ته‌ په‌له‌قاژه‌ و بە رۆژی رووناک و به‌ به‌رچاوی خه‌ڵكی شاره‌وه‌ ده‌ستیان كردووه‌ به‌ سووتاندنی ئەو دار سنەوبەرانەی كه‌ له ‌به‌شی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنی (بای بای سنەوبه‌ره‌كانی شار) نه‌جاتیان بوو بوو!”. دەشڵێت، دوای بینینی سنەوبەرە سووتاوەکان، هانای بۆ داواکاری گشتی بردووە. 

ئەمە لەکاتێکدایە کە پارتی سەوزی کوردستان بەهۆی سووتانی شاخی گۆیژە لە سلێمانی، سکاڵای یاسایی لە داواکاری گشیی سلێمانی تۆمارکرد. سکرتێری پارتەکە پێیوایە سووتانی شاخی گۆیژە دەستی لە پشتە و بەمەبەست ئەو کارە کراوە، کە وەک خۆی دەڵێت “ئامانج لێی کەمبوونەوەی رێژەی سەوزاییە لە سلێمانی”.

ئەم رووداوانە وەزارەتی کشتوکاڵیشی هێنایە سەر خەت و راگەیەنراوێکیان لەبارەیەوە بڵاوکردەوە.

حوسێن حەمە كەریم، وتەبێژی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە لە راگەیەنراوێکدا بەرهەمی لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتەکەی بۆ کەیسەکە بە چەند خاڵێک خستووەتەڕوو کە ئەمانەن:

– پێشتر چەندین جار هەوڵدراوە ئەم ناوچەیە بكرێتە پڕۆژە، بەڵام وەزارەتمان لاری نەبوونی نەداوە، چونكە ئەو دارسنەوبەرانە، سیمایەكی جوان و ژینگەییان بەخشیوەتە ئەم ناوچەیە، بۆیە ناكرێت درەخت ببڕدرێت بۆ ئەوەی لە شوێنەكەی پرۆژە بكرێت.

– ئەم دارسنەوبەرانە بەری رەنج و ماندووبوونی دەیان ساڵی فەرمانبەرانی دارستانە.

– ئێستا ئەو دار سنەوبەرانە (ئەو ناوچەیە) كەوتووەتە ناو سنووری شارەوانیی تاسڵوجە و راپەڕین.

– وەزارەتمان پرۆژەی بۆ پاراستنی دارستانەكان ئامادە كردووە، ئێستا لە قۆناخی پەسندكردنە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی سەردەمییانە دارستانەکان لە سووتان و لەناوچوون بپارێزرێن.

لەگەڵ ئەوەی ئەو بابەتە لەچەند رۆژی رابردوو روویداوە، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە بەدواداچوونی بەردەوامدان، بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و گرتنەبەری رێکاری پێویست.

وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ئەو کەسانەی دەستیان لەو کارەدا هەیە، دەستنیشان بكرێن و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن، “ئێمەیش لە چوارچێوەی پەیوەندیداریمان هاوكار و بەردەوام دەبین بۆ پاراستنیان [دارستانەکان]”.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت بەشێک لە سنەوبەرەکانی رێگەی تاسڵوجە – سلێمانی دەسووتێن.

هەروەها ئاگری چیای گۆیژە لە سەرەتای ئەم مانگەدا بووە هۆی سووتانی 20 هەزار داری چیاکە، لەو ژمارەیە نۆ هەزار داریان بە یەکجاری سووتاون و جارێکی دیکە ناژێنەوە. ئاگرەکە چوار بۆ پێنج کاژێر بەردەوام بوو، 11 بنکەی بەرگریی شارستانی لە سلێمانی و دەرەوەی سلێمانییەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بوون، بەڵام بەهۆی خێرایی باوە کە ئەو شەوە 50 کیلۆمەتر بوو لە کاژێرێکدا، نەتوانرا بە زوویی کۆنترۆڵ بکرێت.

ھەواڵی زیاتر