ئەمریکا دوو دانیشتووی شاری هەولێر بە پێدانی بەرتیل تۆمەتبار دەکات.
وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، مارک ئالان فرایدەی “تەمەن 37 ساڵ” و لارە جومعە محەممەدی “تەمەن 30 ساڵ” بە سکاڵایەکی دادگای شاری واشنتن دی سی تۆمەتبارکراون.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دادی ئەمریکا، ئەو دوو کەسە تۆمەتبارن بە بەرتیلدان لە گرێبەستەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و بە تۆمەتبارناساندنیشیان لە چوارچێوەی هەوڵەکاندایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ساختەکاری لە گرێبەستەکانی دامەزراوە سەربازییەکان لە دەرەوەی ئەمریکا.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئالان و لارە لە هەولێر کۆمپانیایان هەبووە و ویستوویانە گرێبەست بکەن بۆئەوەی کاڵا و خزمەتگوزاری بۆ بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق دابین بکەن، بۆیە بەرتیلیان داوەتە بەرپرسێکی سوپای ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر.
ئەوەش خراوەتە ڕوو کە لە سەرەتای ساڵی 2020دا مارک ئالان و لارە جومعە ویستوویانە بڕە پارەیەک بدەنە بەرپرسێکی بواری بەڵێندەرەکانی سوپای ئەمریکا کە بڕی 20٪ی بەهای ئەو گرێبەستە بووە دەدرێتە کۆمپانیاکانیان و دواتریش پێشنیازیان کردووە پارەیەکی کاش بدەن، ئەوەش لە بەرامبەر پێشکەشکردنی گرێبەستەکە پێیان، کە لە مانگی ئاداری 2020 راگەیەنراوە.