له‌ هه‌ولێر دوو بازرگان به‌ 25 كیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ ده‌ستگیركران

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاندووه‌‌، كه‌ دوو تۆمه‌تباریان به‌ 25 كیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه ده‌ستگیركردووه‌‌.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست تۆڕی میدیایی باڵكێش كه‌وتووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، 5ی ئه‌یلوول، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ بنكه‌ی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ركان له‌ ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران، توانیویانه‌ له‌ناو شاری هه‌ولێر تۆمه‌تباران (ج.ع.م) و (ع.ع.ع) به‌ 25 كیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ له‌ جۆری (تلیاك) ده‌ستگیربكه‌ن.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، كه‌ تۆمه‌تباره‌كان خه‌ڵكی ناوچه‌ی شارباژێڕن و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كه‌یان له‌ شاری سلێمانییه‌وه‌ هێناوه‌ته‌ هه‌ولێر و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراون و به‌پێی مادده‌ی (14)ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، په‌ڕاوی ڵیكۆڵینه‌وه‌یان بۆ كراوه‌ته‌وه‌و دراونه‌ته‌ دادگا.

لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بازرگانی کردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و تەنها لەو ماوەیەدا 358 کیلۆگرام و 552 گرام، ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.

ھەواڵی زیاتر