سەرۆکوەزیرانی عێراق داوایەک ئاراستەی وەزارەتی کارەبا دەکات

لە میانەی سەردانێکی مەیدانیدا بۆ وەزارەتی کارەبا لە بەغدا، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ ستافی باڵای وەزارەتەکە کۆبووەوە و داوای لێکردن هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا و کەمکردنەوەی بڕانی وزە لە سەرانسەری وڵاتدا.

بەپێی ڕاگەیێنراوێکی فەرمی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، ئامانجی ئەم سەردانە بەدواداچوونی ڕاستەوخۆ بووە بۆ پڕۆژەکانی کەرتی وزە و ئاگاداربوون لە پلانەکانی وەزارەت بۆ سەقامگیرکردنی تۆڕی کارەبای نیشتمانی، بەتایبەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتەکانی وزە لە وەرزی هاویندا.

له‌ کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە لەوەی دۆسیەی وزە بنەمایەکی سەرەکییە لە پلانەکانی حکومەت بۆ گەشەپێدان. هەروەها پەرۆشیی خۆی بۆ بەدواداچوونی بەردەوامی ئەو ڕێکارانە دەربڕی کە وەزارەت دەیانگرێتەبەر بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتەکانی (بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن).

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وتی: حکومەت ئامادەیە پاڵپشتیی تەواوی وەزارەتی کارەبا بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ ئەم قەیرانە، تاوەکو عێراق لە داهاتوودا کێشەی بڕانی کارەبای بەتەواوی تێپەڕێنێت.

لە کۆتاییدا، زەیدی ڕێنمایی ئاراستەی کارمەندان و بەرپرسانی وەزارەتەکە کرد کە پێویستە هەوڵەکانیان بەرزتر بکەنەوە بۆ کەمکردنەوەی بڕانی کارەبا و سووککردنی ئەو بارگرانییە دارایی و دەروونییەی بەهۆی کێشەی وزەوە کەوتووەتە سەر شانی هاووڵاتیان.

ھەواڵی زیاتر