واشنتن داوای هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان دەکات و هۆشداری نوێ دەداتە بەغدا
لە پەرەسەندنێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا، ئەمریکا فشارەکانی بۆ سەر حکومەتی نوێی عێراق چڕکردووەتەوە و داوای هەنگاوی کردەیی بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی گرووپە چەکدارەکان دەکات.
600 هێرش و هۆشدارییەکی توندی ئەمنی
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئاشکرای کردووە لە ماوەی ئاڵۆزییەکان و جەنگی ئێراندا، زیاتر لە 600 هێرش کراوەتە سەر دامەزراوە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
لەلایەکی دیکەشەوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی نوێی ئەمنی بۆ هاووڵاتیانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە. باڵیۆزخانەکە جەخت دەکاتەوە کە: مەترسییە ئەمنییەکان لە عێراقدا هێشتا لە ئاستێکی بەرزدان، گرووپەکانی سەر بە ئێران بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ بەئامانجگرتنی هاووڵاتیان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان.
داواکارییەکی ڕاستەوخۆ بۆ عەلی زەیدی
بەپێی زانیارییەکان، بەرپرسانی ئەمریکا داوایەکی ڕوونیان ئاراستەی سەرکردایەتی عێراق و بەتایبەت عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو کردووە، کە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان دەکەن.
بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە واشنتن چیتر بە بەڵێن و قسە ڕازی نابێت و چاوەڕێی کردار دەکات. مەرجەکانی ئەمریکا بۆ حکومەتی نوێ بریتین لە دەرهێنانی گرووپە چەکدارەکان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت و بڕینی بوودجە و سەرچاوە داراییەکانی ئەو گرووپانە.
ئەو بەرپرسە باڵایە دەڵێت: “ئەنجامدانی ئەم هەنگاوانە تەنیا پێوەرە بۆ ئەوەی بزانین ئایا عەقڵییەتێکی نوێ لە ناو حکومەتی عێراقدا دروست بووە و گۆڕانکاری ڕاستەقینە ڕوویداوە.”