بڕیارەکەی حکوومەتی فیدراڵی بۆ وەرگرتنی تەنیا 400 هەزار تۆن گەنم رەت دەکرێتەوە لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و رایدەگەیەنێت، ئەم بڕە کەمتر لە 25%ـی کۆی بەرهەمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمە، کە بە زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن دەخەمڵێندرێت.
هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ئێمە بڕیارەکەی حکوومەتی فیدراڵمان بۆ دیاریکردنی پشکی گەنمی هەرێمی کوردستان و نرخەکەی رەت کردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو بڕەی دیاری کراوە ناکاتە 25% ئەو بەرهەمەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەیانە. بەگوتەی هیوا عەلی بە نووسراوێکی فەرمی نوێنەرانی کوردیان لە بەغداد ئاگادارکردووەتەوە لەو ستەمەی لە جووتیارانی کورد دەکرێت.
هیوا عەلی دەڵێت: بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان زیاترە لە دوو ملیۆن تۆن، داوامان لە بەغدا کردووە 50% بەرهەمەکە وەربگرێت.
هاوکات نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، گوتی: لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان ئاگادار کراوەنەتەوە بۆ ئەوەی بێنە سەرهێڵ و گفتوگۆش لەگەڵ بەغدا بکەن لەسەر بەرهەمی جووتیاران، چونکە ئەو بڕەی دیاریکراوە زۆر کەمە و نرخەکەشی قەرەبووی رەنجی جووتیاران ناکاتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نرخی کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی دیاری کرد، بە جۆرێک 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک گەنم بۆ ئەو جووتیارانەی ناویان لە پلانی کشتوکاڵی هەیە. 500 هەزار دیناریش بۆ هەر تۆنێک گەنم بۆ ئەو جووتیارانەی لەناو پلانی کشتوکاڵی نین.