وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: لە کابیەنی نۆیەمدا، سێ هێندەی کابینەکانی رابردوو، کار بۆ مافی کرێکاران کراوە. هەروەها لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە، هەلی کار بۆ هەزاران گەنج دۆزراوەتەوە.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە لێدوانێکیدا باسی چەند بابەتێکی کرد پەیوەست بە کرێکارانی هەرێم، تیایدا ئاماژەی بەوە کرد کە زۆرترین هەلی کار دۆزراونەتەوە بۆ گەنجان، هەروەها جەختی لەوەکردەوە کە گرنگی زۆر بە مافی کرێکار دراوە، بە تایبەت لە کابینەی نۆیەمدا کە سێ هێندەی کابینەکانی رابردوو بووە.
کوێستان محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد، پۆرتاڵێکی تایبەتمان بە ناوی “کار”، کە گەنجان دەتوانن لە رێگەیەوە داواکاری پێشکەش بکەن بۆ مەبەستی دۆزینەوەی هەلی کار، بەمەش توانراوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ هەزاران گەنج بخرێنە سەر کار.”
سەبارەت بە پرسی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی، وەزیر گوتی ئامارێکی خستە روو کە زیاتر لە ملیۆنێک کرێکار لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و، هۆشداریی دایە خاوەنکاران کە دەبێت کرێکارەکانیان دەستەبەر بکەن.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی گوتیشی : “مانگانە پێویستە خاوەنکار 12%ـی کرێی کرێکارەکەی بخاتە سەر سندووقی خانەنشینی و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی. زۆر شوێنکارمان سزا داوە و داخستووە بەهۆی ئەوەی کرێکارەکانیان دەستەبەر نەکردووە”
کوێستان محەمەد، داوای لە کرێکاران کرد سوور بن لەسەر ئەوەی کە دەبێت خاوەنکارەکانیان دەستەبەریان بۆ بکەن و ئاماژەی بە سوودەکانی دەستەبەری کرد، کە بریتین لە:
-ئەگەر کرێکار لە کاتی کاردا تووشی پێکان بوو و نەیتوانی بگەڕێتەوە سەر کار، مووچەی خانەنشینی بە پێی رێژەی پێکانەکەی بۆ دەبڕدرێتەوە.
-ئەگەر کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانی لە دەست دا، مووچەی خانەنشینی بۆ واریسەکەی دەبڕدرێتەوە.
-کرێکار هاوشێوەی فەرمانبەرانی کەرتی حکوومی، لە کاتی گەیشتن بە تەمەنی یاسایی مووچەی خانەنشینی بۆ دەبڕدرێتەوە.
-ئەگەر کرێکارەکە مووچەی خانەنشینی نەوێت، دەتوانێت داوای پاداشتی کۆتایی خزمەت بکات، کە بڕە پارەیەکی زۆرە و دەتوانێت پڕۆژەی تایبەتی بە خۆی پێ جێبەجێ بکات.