وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڕیارێکی دەرکرد بە مەبەستی هاوکاری ئەو بیانیانەی کە بە شێوەیەکی فەرمی، لە ڕێگای ڤیزاوە هاتوونەتە کوردستان و نەیانتوانیوە ڤیزاکانیان درێژ بکەنەوە، یان نەیانکردۆتە نشینگە، نشینگەیان هەبووە و بەسەر چووە.
بڕیارەکە لە دوو خاڵ پێک دێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەو بیانییانەیە کە دەیانەوێت لە کوردستان بمێننەوە و ڤیزاکانیان درێژ بکەنەوە یاخود بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان.
دەقی خاڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ:
یەکەم:
ئەوانەى دەیانەوێ لە کوردستان بمێننەوە و نشینگەى نوێ دەربکەن یان کارتى نشینگەیان نوێ بکەنەوە، پێویستە لەماوەى (90)نەوەت ڕۆژى کارکردن سەردانى یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى نشینگە بکەن و تەنیا (25%)ى کۆى گشتى سزاکانى دواکەوتن کە لەڕێنماییمان ژمارە (1ـى ساڵى 2021) هاتووە، لێیان وەردەگیرێت.
دووەم:
ئەوانەى دەیانەوێت هەرێمى کوردستان بەجێ بهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتى خۆیان بەهەمان شێوەى خاڵى یەکەم مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و مۆرى دەرچوون لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى نشینگە وەردەگرن.
هەروەها وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشداوە ” فەرمانەکە لەڕۆژى دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت و بۆماوەى(90)نەوەت ڕۆژ بەرکار دەبێت لەدواى ماوەى دیاریکراو هەرجۆرە سەرپێچیەکى مانەوە بە پێى ڕێنماییمان ژمارە (1ـى ساڵى 2021) مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت “