بارانبارینی ئەمساڵ ئاستی ئاوی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستانی گەیاندووەتە لووتکە

بەهۆی بارانبارینی زۆر و بەخوڕ لەم وەرزەدا، ژمارەیەک لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان سەرڕێژ بوون و بەشێکی دیکەشیان لە لێواری پڕبوونی تەواوەتیدان. بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەنداوەکان ئاماژە بەوە دەکات کە دۆخی کۆگاکردنی ئاو لەمساڵدا بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

دۆخی بەنداوە سەرەکییەکان

بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، دۆخی بەنداوەکان بەم شێوەیەیە:

بەنداوی دوکان: لە ئێستادا 80%ـی توانای کۆگاکردنی پڕ بووەتەوە و تەنها نزیکەی 4 مەتری ماوە بۆ ئەوەی بە تەواوی سەرڕێژ بکات.

بەنداوی گۆمەسپان: ڕێژەی ئاو تێیدا گەیشتووەتە 30 % بەهۆی ئەوەی ئەم بەنداوە پشت بە چۆمە وەرزییەکان دەبەستێت و داهاتی ئاوی لە ساڵی ڕابردوو کەم بووە، پێشبینی ناکرێت ئەمساڵ سەرڕێژ ببێت.

بەنداوی دهۆک: ڕۆژی هەینى 3ـی نیسانی 2026، بەنداوی دهۆک سەرڕێژ بوو، بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکە، نزیکەی 52 ملیۆن مەترسێجا ئاوی تێدایە.

بەنداوی دەربەندیخان: ڕۆژی چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، بەنداوی دەربەندیخان بەتەواوی پڕبووە لە ئاو و کارگێڕیی بەنداوەکە دەستیان بە بەردانەوەی ئاو کردووە بۆسەر رووباری سیروان.

بەگوێرەی داتاکان لە ماوەی 65 ساڵی رابردوودا بەنداوی دەربەندیخان، 14 جاری سەرڕێژ بووە و ئەمساڵ (2026) بووە 15یەمین ساڵ کە سەرڕێژ دەبێت.

پلانی کارەبا و ئاودێریی هەرێمی کوردستان

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکات بۆ وەرزی وشکەساڵی و گەرمای داهاتوو:

پلانی بەڕێوەبردن: لە ڕێککەوتی 1ـی حوزەیرانی 2026، پلانێکی تایبەت بۆ وەرزەکانی هاوین و پایز دادەنرێت بۆ ڕێکخستنی بەردانەوەی ئاو.

بەرهەمهێنانی وزە: پلانی بەردانەوەی ئاو بە جۆرێک دەبێت پڕۆسەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەردەوام بێت.

توانای بەرهەم: بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان پێکەوە توانای بەرهەمهێنانی 650 مێگاوات کارەبایان هەیە، بەو مەرجەی کێشەی تەکنیکی لە یەکەکانی کارەبادا دروست نەبێت.

کورتەیەک دەربارەی بەنداوەکان:

لە هەرێمی کوردستاندا 25 بەنداوی گەورە و بچووک هەن. لەو ژمارەیە، بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان وێڕای کۆگاکردنی ئاو بۆ کشتوکاڵ و خواردنەوە، سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای نیشتمانین.

هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو

پاراستنی ئاسایشی ئاو یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بوونی ژینگەیەکی خاوێن و سەلامەت، لە کابینەی نۆیەمدا 9 بەنداو دروست کراون، بە تێکڕا دەتوانن زیاتر لە 252.8 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل بدەنەوە، بڕیارە ئەمساڵ (2026) کار لەسەر دروستکردنی 18 بەنداوی دیکە بکرێت، هەروەها 23 پۆند دروست کراون و 58ـی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێکردندان.

ھەواڵی زیاتر