سوپای پاسداران: هەر هەڵەیەک لە هورمز وەڵامێکی کوشندەی دەبێ
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران دیمەنی چاودێریی درۆنیی تەنگەی هورمز بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، هەموو هاتووچۆکان لە کۆنترۆڵی ئەواندایە و هەر هەڵەیەکی دوژمن وەڵامێکی کوشندەی دەبێ.
بەپێی راگەیەنراوێکی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، بە درۆن چاودێریی وردی بارودۆخی راستەقینەی تەنگەی هورمز دەکرێت. سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە کە “هەموو هاتووچۆکردن و نەکردنەکان لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی هێزە چەکدارەکاندایە.”
هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی هێزە بیانییەکان کرد و رایگەیاند: “هەر جۆرە جووڵەیەکی هەڵە، دووژمن لەناو تەنگەکەدا تووشی گەردەلوولێکی کوژەر دەکات.”
ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران لە پاکستان شکستیان هێناوە و فەرمانی بە هێزەکانیان کردووە گەمارۆی گەرووی هورمز بدەن.