ترەمپ بۆ ئێران: هەڕەشەکەم جێبەجێ دەکەم


دۆناڵد ترەمپ لە زنجیرە لێدوانێکی تونددا ڕایگەیاند، ئێران لەژێر گوشارێکی بێوێنەدایە و هیچ کارتێکی فشاری لەدەستدا نەماوە، بە جۆرێک دۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتە هاوشێوەی ڤەنزوێلای لێهاتووە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە توانای سەربازی ئەمریکا بە ڕادەیەکە دەتوانێت لە ماوەی تەنیا یەک کاتژمێردا ئێران وێران بکات، و جەختیشی کردەوە کە ئەگەر ئاگربەست نەبووایە، لە نیو ڕۆژدا تەواوی پردە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتەیان خاپوور دەکرد.

ترەمپ ئاشکرای کرد، سوپای ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی لە ناو جەرگەی ئێراندا ئەنجامداوە کە هیچ سوپایەکی تری جیهان توانای جێبەجێکردنی نییە، و ئێستاش ئێرانییەکان تەنیا وێستگەکانی کارەبا و پاڵاوگەی ئاویان بۆ ماوەتەوە. سەبارەت بە هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکانیش، ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتانی کەنداو دەستیان بە هاوکاری ئەمریکا کردووە و ناتۆش دەیەوێت لە پاراستنی گەرووی هورمزدا بەشدار بێت.

لە کۆتاییدا ترەمپ جەختی کردەوە کە دەبوو زووتر هێرش بکرایەتە سەر ئێران بۆ ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی، و پێشبینیش دەکات بەهۆی ئەم فشارانەوە تاران ناچار بێت بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن. هەروەها هۆشداری دا کە ئەگەر ئێرانییەکان واز لە پلانەکانیان نەهێنن، هەڕەشەی وێرانکردنیان بەسەردا جێبەجێ دەکات.

ھەواڵی زیاتر